کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکرات کۆچی دوایی کرد

17:33 - 4 پووشپەڕ 2721

کاک "ئەفەندی جیهانگیری" خەڵکی گوندی "فیریزیان" لە دەڤەری "سۆما"  کە ماوەی ٩ ساڵ پێشمەرگەی حیزب بوو کۆچی دوایی کرد.

کاک "ئەفەندی" ساڵی ١٣٥٨ ببووە پێشمەرگە و لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا کەسێکی هەڵسوور و فیداکار بوو. ناوبراو بەهۆی لێهاتووییەوە توانی جێگری فەرماندەری لکی ٣ی هێزی "ئاگری" وەرگرێ و لە دەیان داستانی حەماسەی پێشمەرگایەتیدا بەشداریی کرد.

کاک "ئەفەندی" پاییزی ساڵی ١٣٦٧ بەهۆی دۆخی بنەماڵەکەی وازی لە پێشمەرگایەتی هێنا و لەسەر ئیزنی حیزبی دێموکرات گەڕایەوە نێو بنەماڵەکەی.

دوای گەڕانەوەشی ئەفەندی کەسێکی جێی باوەڕ و خۆشەویستی خەڵکی ناوچە  بوو، سەرەڕای گوشار و پیلانەکانی ڕێژیم "ئەفەندی" دوور بوو لە ڕێژیم و  هەروا لەسەر بیر و باوەڕی نیشتمانپەروەری و شۆڕشگێڕیی خۆی مایەوە و هەمیشە دڵی بۆ ڕزگاریی کوردستان و وەدیهاتنی ئامانجە نەتەوەییەکانی لێدەدا و خەریکی کار و کاسبی بوو.

برایەکی ناوبراو بە ناوی "سەرباز" کە لە خۆی بچووکتر بوو بە دەستی سەربازانی تورک کوژرابوو، ئەوەش بوو بەهۆی هەست بە بەرپرسایەتیکردنی "ئەفەندی" کە بچێت و ئەرکی سەرپەرەستیی بنەماڵەکەی بکێشێتە ئەستۆ.

تەرمی ناوبراو لە زێدی خۆی بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشیی خۆی پێشکەشی بنەماڵە و کەسوکاری کاک "ئەفەندی جەهانگیری" دەکات و خۆی به بەشداری خەمیان دەزانێت.