کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکرات کۆچی دوایی کرد

18:53 - 27 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، پێشمەرگەی دێرین و قارەمانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کاک ''ڕۆستەم ڕۆستەمی'' کوڕی ''محەممەد ئەمین'' خەڵکی گوندی ''تەشار'' سەر بە ناوچەی نەوسوود لە تەمەنی ٧٤ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشی ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک ''ڕۆستەم ڕۆستەمی'' لە سەرەتای شوڕشی گەلانی ئێراندا پەیوەست بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بووە و لە هێزی ''شاهۆ'' لە ناوچەی هەورامان سازمان درا.

کاک ڕۆستم لە ماوەی ٤٢ ساڵ خەبات لەپێناو ڕزگاریی نیشتمانەکەی سەرەڕای هەوراز و نەشێوی زۆر لەو ڕیگایەدا ئیرادە و بیر و باوەڕی هەر زیاتر دەبوو.

کاک ڕۆستەم وەک پێشمەرگەیەکی ئازا و قارەمان لە زۆربەی شەڕەکانی ناوچەکانی هەورامان، مەریوان و سنە بەشداریی هەبووە؛ یەک لەوان شەڕی بەناوبانگی ''کوچکە چەرموو'' کە فەرماندەی قارەمان ''سالار ئیبراهیمی'' تێیدا شەهید بوو و چالاکانە بەشداریی هەبوو.

ماڵی ناوبراو بەردەوام وەک بنکەیەکی حیزبی جێگای حەسانەوەی پێشمەرگەکان بووە.

کاک ڕۆستەم ماوەیەک لە قەندیل ئەرکی شۆفیری بەڕێوە بردووە. پاشان ماوەیەکی زۆریش لە فێرگەی سیاسی – نیزامی ئەرکی بەڕێوە بردووە و دواتریش لە بەشی ماڵی و لە بەشی خەدەماتدا هەڵسورانە کار و باری حیزبی ڕاپەڕاندووە.

تەرمی ناوبراو لە گۆڕستانی شەهیدانی حیزبی دێموکرات لە شاری کۆیە لەنێو ئاپۆڕای هاوسەنگەرانیدا بە خاک ئەسپێڕدرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی بنەماڵە و کەسوکاری کاک ڕۆستم و هەموو خەڵکی ناوچەی نەوسوود دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.