کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆچی دوایی کرد

12:34 - 21 رێبەندان 2719

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٠ی ڕێبەندانی ١٣٩٨ی هەتاوی، پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی "حەمە حوسێن ئەخگەر"، خەڵکی گوندی "ئەسپەرێز"، سەر بە ناوچەی هەورامان، بەهۆی جەڵتەی دڵەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک "حەمە ‌حوسێن"، ساڵی ١٣٣٤ی هەتاوی لەدایک بووە.

ناوبراو لە ساڵەکانی ٥٩ هەتا ٦٤ی هەتاوی بۆ ماوەی ٥ ساڵ، پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و لە مەتەرێزی شەرەف خەباتی بۆ گەل و نیشتمانەکەی دەکرد.

کاک "حەمە‌ حوسێن" کەسایەتییەکی حیزبدۆست و نیشتمانپەروەر و جێگای ڕێز و متمانەی ناوچەکە بوو.

ئەو پێشمەرگە دێرینە هەتا دواساتەکانی ژیانی بە ڕێبازی شەهیدان وەفادار مایەوە.

تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاکی پاکی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.