کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی دێرینی کوردستان ماڵاوایی لە ژیان کرد

11:21 - 27 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەردەشت، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی بەفرانبار، حاجی "ئیبراهیم عومەری" خەڵکی بێتووشی سەردەشت، کۆچی دوایی کرد.

مام "ئیبراهیم" ساڵەکانی ٤٦ـ٤٧ ئەندامی حیزبی دێموکرات بوو و  زۆر بە دڵسۆزی هاوکاریی پێشمەرگەکانی دەکرد.

ناوبراو لە دوای ڕووخانی ڕێژیمی پەهلەویش دووباره چەکی شەرەفی کردە شان و لە زۆر شوێنی کوردستان بەتایبەت ناوچەی هەوشار، بۆکان، ناوچەی ئالانی سەردەشت، نێوشاری سەردەشت، مارەغانی و دەوروبەری، زۆر دڵسۆزانە و خۆنەویستانە خەباتی و تیکۆشانی خۆی ئەنجام دەدا.

حاجی "ئیبراهیم"، پاش ماوەیەک پێشمەرگایەتی،  لەسەر ئیزنی حیزب گەڕایەوە بۆ نێوخۆی وڵات و هەتا دوایین هەناسەی، بە حیزب و خەباتە ڕەواکەی وەفادار مایەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.