کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی دێرینی کوردستان ماڵاوایی لە ژیان کرد

17:09 - 14 خەزەڵوەر 2720

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٤ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی کاک "خەلیل جەعفەریی چپان" ناسراو بە "خەلیل چپان" پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە گوندی "ناناس" سەر بە شاری ورمێ لە تەمەنی ٧٧ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک "خەلیل جەعفەریی چپان" کوڕی حاجی "محەممەد" لە ساڵی ١٣٢٢ی هەتاوی لە گوندی "چپان" لەدایک بووە، ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی لە تێکهەڵچوونێکی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ بەکرێگیراوانی ڕێژیمدا دەسبەسەر دەکرێت و بۆ ماوەی ساڵێک لە چاڵە ڕەشەکانی ڕێژیمدا ئەشکەنجە دەدرێت.

ئەشکەنجە و ئازار ناوبراوی لە خەبات و تێکۆشان شل نەکردەوە و دوای ئازادبوونی لە ساڵی ١٣٦١ی هەتاویدا چالاکانە بەشداریی لە شەڕی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ بەکرێگیراوانی ڕێژیمی ئێراندا کرد.

ناوبراو لە هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا پلەی "سەرلکـ"ـی هەبووە.

لە ساڵی ١٣٦٤ گوندەکەیان بەهۆی هاوکاریکردنی پێشمەرگە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە کاول دەکرێت و خەڵکی ئەو گوندە ئاوارە دەبن.

ناوبراو تا دوایین ساتەکانی ژیانی ئامادە بوو بۆ ئەنجامدانی هەر ئەرکیکی حیزبی و وەفادار بە ئامانجی شەهیدانی ڕێبەر مایەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.