کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی دێرینی کوردستان کۆچی داوایی کرد

12:22 - 14 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٢ی پووشپەر کاک "محەممەدئەمین نووری" کوڕی مەلا قاسم خەڵکی گوندی "هەوساران" سەر به ناوچەی برادۆستی سەر بە ورمێ، بەهۆی بەساڵاچووییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک "محەممەدئەمین" وێڕای باوکی لە کۆماری کوردستاندا بوو به پێشمەرگە و تا سەر بەو ڕێبازە وەفادار مایەوە. پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکرات کاک "محەممەدئەمین" دیسان بۆ بەدیهێنانی ئاواتە نەتەوەییەکانی تێکەڵ بە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزب بوو.

ناوبراو لە چەندین شەڕدا دژی داگیرکەرانی کوردستان قارەمانانە بەشداریی کرد.

ساڵی ١٣٦١ لە شەڕێکدا لە گوندی "مافەران" سەر به ناوچەی برادۆست بەهۆی گولـلەوە تۆپێکەوە بە سەختی بریندار بوو و هەردوو چاوی لەدەست دا.

ناوبراو تا دواهەناسەی ژیانی لەسەر ڕێبازی وەفادار مایەوە و هەمیشە دڵی بۆ ئازادی و سەرکەوتنی حیزبەکەی لێی دەدا.

تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی گوندی "هەوساران" بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵه و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.