کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی دێرینی کوردستان کۆچی دوایی کرد

18:32 - 11 خاکەلێوه 2721

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی کاک "محەممەد سەعید شەریفی" کوڕی "یوونس" خەڵکی "ئێناخی" لە شارۆچکەی هەڵەبجەی شەهید لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و بە دنیایەک ئاوات و ئارەزووەوە ماڵاوایی لە بنەماڵەی نیشتمانپەروەری و گەل و نیشتمانەکەی کرد.

  کاک "محەممەد سەعید" بە درێژایی تەمەنی پێشمەرگایەتیی وەک پێشمەرگەیەکی دڵسۆز، تێکۆشەر و خەباتگێڕ لە سەنگەری داکۆکی لە مافەکانی گەلی کورددا بووە و لە ناوچەکانی هەورامان و جوانڕۆ لە ڕیزی پێشمەرگەکانی هێزی شاهۆ ئەرکی پێشمەرگایەتیی بەڕێوە بردووە.

ناوبراو بەهۆی لێهاتوویی ئەزموونی خەباتگێڕی هەتا ئاستی بەرپرسایەتیی سەرلک، لە هێزی شاهۆ لە ناوچەکانی "پاوە، باینگان و مەڕەخێڵ" وەک فەرماندەیەکی بەوەج کاری حیزبیی بەڕێوە بردووە.

کاک محەممەد سەعید لەنێو پێشمەرگەکانی هێزی شاهۆدا بە "خاڵۆ حەمە سەعید" ناسرابوو و کۆمەڵێک تایبەتمەندیی بەرزی وەک، قسە خۆشی، ڕەوشت بەرزی، بە دەم خۆشی و ناخۆشییەکانی خەڵکەوە بوو و هەستی دۆستایەتی و هاوکاری لەگەڵ هاوڕێیانی، ئەم مرۆڤە لێهاتووەی کردبووە خۆشەویستی خەڵک و هاوڕێیانی.

سەرەڕای هەموو ئەو تایبەتمەندییانە، لە بواری نەتەوەییەوە هەستێکی بەرزی هەبووە و منداڵەکانیشی بە هەستی شۆڕشگێڕییەوە پەروەردە کردووە و دوو ڕۆڵەی بەوەجیشی لە ڕێگای ئازادی و دژی ڕێژیمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی گیانیان بەخت کردووە.

 حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی ئەم تێکۆشەرە سەربەرزەی گەلەکەمان، لە بنەماڵەی نیشتمانپەروەری سەرەخۆشی دەکات و هاوخەمیی خۆی لەگەڵیان ڕادەگەیەنێت.