کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی دێرینی کۆماری کوردستان کۆچی دوایی کرد

11:45 - 16 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: پێشمەرگەیەکی دێرینی کۆماری کوردستان لە شاری ورمێ، بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە، ١٥ی پووشپەڕ، مام "جەعفەر موکەڕەم قەهرەمانی"، کوڕی عەزیز، پێشمەرگەی سەردەمی کۆماری کوردستان و خەڵکی گوندی "مەحموودانـ"ـی سەر بە ناوچەی "ئەنزەلـ"ـی شاری ورمێ، لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا، بەهۆی نەخۆشییەوە، کۆچی دوایی کرد.

‎مام "جەعفەر"، پێشمەرگەی كۆماری كوردستان بووە و کەسێکی خۆشناو و جێی باوەڕی خەڵکی ناوچەکە بووە. هەروەها کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر بووە و بەردەوام هاوكار و یارمەتیدەری پێشمەرگە و شۆڕشگێڕانی بزووتنەوەی کورد، لە خۆرهەڵاتی کوردستان لەو ناوچەیەدا بووە.

هەروەها ماڵی ناوبراو، هەمیشە وەک شوێنی حەوانەوەی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بووە و هەر بەو هۆیەشەوە بە بەردەوامی بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم دەكرا و لە لایەن هێزە سەرکوتکارەكانەوە ئازار و ئەشکەنجە دەكرا.

مام "جەعفەر"، لە ساڵی ١٣٦٠ تا ساڵی ١٣٦٣، ئەندامی هێزی بەرگریی میللی بووە و هەتا دواساتەکانی ژیانی، بە ڕێبازی حیزب و شەهیدان وەفادار مایەوە.

‎تەرمی ناوبراو لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا و لە زێدی خۆیدا، بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.