کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی سەردەمی کۆماری کوردستان کۆچی دوایی کرد

12:13 - 30 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: یەکێک لە پێشمەرگە قارەمانەکانی سەردەمی کۆماری کوردستان بۆ هەمیشە دڵی لە لێدان کەوت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی،  مام "زورار سلێمان بەگ دەرگەڵەیی"، پێشمەرگەی تێكۆشەرو قارەمانی  سەردەمی کۆماری کوردستان، لە شاری سۆران لە کوردستانی باشوور ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ناوبراو وەک کوڕە ئاغایەک، هەردەم دژی خۆجیـاکردنەوە و کاستی کۆمەڵایەتی بووە! هەر ئەمەش پاڵنەری سەرەکی بووە کە لە تافی لاویەتییەوە دەست بە خەبات و بەرخۆدان بکات لەپێناو وشیارکردنەوەی کۆمەڵایەتی و بەرەو پێش بردنی ئاستی ڕۆشنبیری و خوێندەواری تاکی کورد.

دوای بەشداری لە کۆماری کوردستان، ئاوارەی یەکیەتیی سۆڤیەت دەبێ و لەوێش لەپاڵ کرێکاری بۆ خۆبژێوی، دەست بە خوێندن دەکاتەوە و تا تەواوکردنی کۆلیژی ئاداب، بەشی مێژوو لە زانکۆی تاشکەند بەردەوام دەبێ. دوای شۆڕشی ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ دەگەڕێتەوە عیراق و وەک مامۆستا دادەمەزرێ؛ لەپاڵ ئەوەشدا کادرێکی چەپی بزێوی دیاری ڕیزی حیزبی شیوعی عێراق دەبێ، بەدرێژایی شۆڕشی ئەیلول بەشداری خەباتی بەرنگاری کردووە و وەک ڕۆشنبیرێکی ڕاستگۆ و خاوەن ویژدان ناسراوە.

تەرمی مام زورار لە نێو ئاپۆرای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاک ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە هاوخەمی و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی هەموو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد و بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.