![](/content/upload/1/news/23215_w920.jpg)
ڕێکەوتی ٢٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٩ی هەتاوی، کەسایەتییەکی خۆشناو و نیشتمانپەرور و پێشمەرگەی سەردەمی کۆماری کوردستان بە ناوی "مەحموود فەیزی" ناسراو بە "خاڵە"، خەڵکی ناوچەی چۆمی مەجیدخان سەر بە شاری بۆکان، بەهۆی بەساڵاچووییەوە ماڵاوایی لە گەل و نیشتمانەکەی کرد.
کاک "مەحموود" لە سەردەمی کۆماری کوردستان، بۆ بەرگریکردن لە خاک و نەتەوەکەی، چەکی پیرۆزی پیشمەرگایەتیی لە شان کردووە. ناوبراو کەسێکی باوەڕپێکراو و جێگای ڕێزی خەڵک بووە.
ئەو کەسایەتییە خۆشناوە، لە دوای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامیدا، بەهۆی ئەوەیکە پەیوەندیی بە حیزبی دێموکراتەوە هەبووە و یارمەتیی پێشمەرگەکانی داوە، دەیان جار لەلایەن بەکرێگیراوانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و لێپرسینەوەی لێ کراوە، بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو ئازار و ئەزییەتەوە، ماڵەکەی وەکوو بنکەی هێزی پێشمەرگە بوو.
خاڵە "مەحموود" بۆ جارێکیش تەسلیمی ویست و داخوازییەکانی دوژمن نەبووە و بەردەوام بوو لە هاوکاریکردن لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان. هەر بەو هۆیەشەوە لەلایەن ڕێژیمەوە لەگەڵ بنەماڵەکەی لە ماڵەکەی خۆیدا وەدەریان ناوە و ماڵەکەیان کردووە بە پایگای سپا و بەسیج، بەڵام ناوبراو هیچ کات بۆ دوژمن بە چۆکدا نەهاتووە و هەتا سەر وەفاداری حیزبەکەی بووە. تەرمی ئەو کەسایەتییە خۆڕاگرە لە زێدی خۆی بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری کاک "مەحموود" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.