کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی کۆماری کوردستان لە هەولێر کۆچی دوایی کرد

11:48 - 1 سەرماوەز 2721

ڕێکەوتی ٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، حاجی "عەبدوڵڵا ئەحمەد بەگی ڕۆستی"، پێشمەرگەی کۆماری کوردستان، لە تەمەنی ١٠٦ ساڵیدا لە هەولێر ماڵاوایی لە ژیان کرد.

حاجی "عەبدوڵڵا ئەحمەد بەگی ڕۆستی"، ساڵی ١٢٩٤ی هەتاوی لەدایک بووە. ناوبراو لە تەمەنی لاوێتیدا یەکێک بوو لەو پێشمەرگە دلێر و ئازایانەی کۆماری کوردستان کە لەگەڵ چەندین مێرخاسی ئەو کات، لەپێناو سەربەخۆیی و ڕزگاریی کوردستان، لە کوردستانی باشوورەوە بەرەو کوردستانی ڕۆژهەڵات بەڕێ کەوتوونە و لەوێشەوە شەرەفی پێشمەرگەبوونیان لە وەزارەتی جەنگی کۆماری کوردستان وەرگرتووە.

 ناوبراو لە لکی ٤ی هێزی بارزان لە دەڤەری بۆکان و ئاڵتونی سەرەوە بووە و لە زۆربەی تێکهەڵچوونەکانی هێزی پێشمەرگە و داگیرکەرانی شاهەنشاهیی ئێران، ڕۆڵی قارەمانانەی گێڕاوە.

دوای ڕووخانی کۆمار، حاجی "عەبدوڵڵا" خۆی ڕادەستی دەوڵەتی ئێران و عێراق نەکردەوە، بەڵکوو بە نهێنی و بە چەکەوە لەگەل چەندین کەسی تر لە شاخ و کوێستانە سەختەکانی باڵەکایەتیدا مایەوە و لەوێدا خۆیان حەشار دابوو.

لە شۆڕشی ئەیلولیشدا، حاجی "عەبدوڵڵا" دیسان بووەتە پێشمەرگە و لەپێناو ڕزگاریی کوردستان، درێژەی بە خەباتی کوردایەتی داوە.

کوڕێکی ناوبراو بە ناوی "نەجات"، لە ساڵی ١٣٥٢ی هەتاوی کە پێشمەرگەی تۆپخانەی شۆڕش بوو لە بەرسرین لە کاتی ئەرکی نیشتمانیدا شەهید بوو.

تەرمی حاجی"عەبدوڵڵا" لە هەولێر، بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.