کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشنوێژی هەینی کەرەج وتوویەتی شیمانە دەکرێ سەرکۆماری ئێمە لە کۆشکی سپیش نوێژ بکات

12:39 - 2 رێبەندان 2721

"محەممەدمەهدی حوسێنیی هەمەدانی" نوێنەری "خامنەیی" لە "ئەلبورز" بە ئاماژە به خوێندنی نوێژی "ئیبراهیم ڕەئیسی" لە کۆشکی "کرێملین" وتوویەتی: "ئەو شیمانەیه بوونی هەیە کە سەرکۆماری ئێمە لە کۆشکی سپیش نوێژ بکات، چوونکە ئەو نوێژخوێندنە لە کرێملین پەیامی گرینگی بەدواوە هەیە".

ئەو ئاخوندە وتوویەتی ئەو ڕۆژەی کە بەرپرسانی ئامریکا بوون بە مرۆڤ، دەتوانین لەگەڵیان پەیوەندییمان هەبێت. هەروەها ئامریکا دەبێ بەشێوەیەکی زۆر ئاوەزمەندانە هەڵسوکەوت بکات و ئەو دەرفەتە کەمەی دانیشتنەکانی ناوکی لەدەست نەدات.

بەپێی زانیارییەکان "ڕئیسی" کاتێک گەڕاوەتەوە ئێران فەرمانی بە ئاخوند و مەلای مزگەوت و پێشنوێژانی هەینی داوە کە بە بایەخەوە باسی سەفەرەکەی بۆ ڕووسیە و پەیوەندیی باشی نێوان ڕێژیمی ئێران و ئەو وڵاتە بکەن.  

ئەو قسانە لە حاڵێکدایە کە "ڕئیسی" لە سەفەرەکەیدا لەگەڵ خۆی پێشنووسی گرێبەستی ٢٥ ساڵەی وەکوو دیاری بۆ ڕووسیە بردبوو، بەڵام لە کاتی دابەزین لە فڕۆکە نە "ڤێلادێمیر پوتین" سەرکۆماری ڕووسیە نە "سێرگێی لاورۆڤ"، وەزیری دەرەوەی ئەو ولاتە نەچووبوونە پێشوازیی.