کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشنوێژی هەینیی سووننییەکانی ورمێ کە دۆستی نزیکی حیزبی دێموکرات بوو ماڵاوایی لە ژیان کرد

17:12 - 15 خەزەڵوەر 2720

مامۆستا "عەبدولقادر بەیزاوی" پێشنوێژی هەینیی سووننییەکانی شاری ورمێ کە مامۆستایەکی خۆشناو و دۆستی نزیکی حیزب بوو، بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

مامۆستا "عەبدولقادر بەیزاوی" خەڵکی گوندی "نۆشان" سەر بە ورمێ بووە و هەر لە تەمەنی منداڵییەوە هەتا وەرگرتنی دیپلۆمی ئایینی دەرێژەی بە خوێندن داوە.

ناوبراو پێشنوێژیی زۆرێک لە شار و گوندەکانی کوردستانی کردووە و لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە هەتا کاتی مردنی پێشنوێژی سوونییەکانی ورمێ بووە.

مامۆستا "عەبدولقادر بەیزاوی" کەسایەتییەکی خۆشناوی خەڵکی ورمێ  بوو کە زۆر لەژێر گوشاری هێزەکانی ڕێژیمدا بووه بۆ ئەوەی خوتبەکانی نوێژی هەینی بە دڵی ئەوان بخوێنێتەوە، بەڵام ناوبراو هیچ کات ملی بەو داوایەی ڕیژیم نەدا.

ئەو مامۆستا نیشتمانپەروەرە هەمیشە لە قسەکانیدا پشتیوانیی لە هێزە شۆڕشگێڕەکانی کوردستان دەکرد، هەر بۆیە ببووە جێگای ڕێز و خۆشەویستی خەڵکی ناوچەی ورمێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.