کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشنوێژە هەینییەکانی ڕێژیمی ئێران لە "ڕووسیە" پشتیوانی دەکەن

11:44 - 14 رەشەمه 2721

سەرەڕای ناڕەزایەتییە مەدەنییەکانی خەڵکی ئێران دژ بە هێرشی "ڕووسیە" بۆ سەر "ئۆکراین"، پێشنوێژە هەینییەکانی ڕێژیمی ئێران دژی ئۆکراین و ناتۆ وتار دەدەن و پشتیوانی لە ڕووسیە دەکەن.

ئەو کاردانەوەی پێشنوێژانی هەینیی ڕێژیمی "تاران" لە حاڵێکدایە کە ئەو ڕێژیمە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەنگی بێلایەنی بە شەڕی نێوان ڕووسیە و ئۆکراین داوە.

شارەزایانی سیاسی باس لەوە دەکەن کە ئەو کارەی ڕێژیم بۆ ئەوەیە کە بیروڕای گشتیی خەڵک بۆ لای ئەوە ڕابکێشێت کە "ڕووسیە" بێتاوانە و "ئۆکراین" بە پشتیوانیی "ئامریکا" ئەو شەڕەی هەڵگیرساندووە.

هەروەها "عەلی خامنەیی" ڕێبەری رێژیمی ئێران وتوویەتی: "خەڵکی ئۆکراین چونکە دەوڵەتەکەیان لەگەڵیان وەکوو بێگانە بووە لە بەرامبەر هێرشی ڕووسیەدا بەرگرییان نەکردووە".

بە دوای ئەو قسانە، ڕۆژنامەی "کەیهان" سەر بە "خامنەیی" نووسیبووی: "خەڵکی ئۆکراین لە بەرامبەر ڕووسیەدا تەنانەت بە ڕادەی داهۆڵێک بەرگرییان نەکردووە".

ئەوە لە حاڵێکدایە کە دنیا ڕاستەوخۆ چاوی لە قارەمانیەتی و بەرگری نەک هەر نیزامییەکان بەڵکوو خەڵکی مەدەنیی "ئۆکراینـ"ـه.

میدیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە دوو مانگی ڕابردووەوە خەریکی بڵاوکردنەوەی پڕۆپاگەندا بە قازانجی "ڕووسیە"ن.