"به‌همه‌ن قوبادی" سینەماکاری ناودار و به ئه‌زموونی سینه‌ما و ده‌رهێنه‌ری فیلمی بڵندی "ئاڵای بێ وڵات" (A Flag Without a Country) که سه‌باره‌ت به بارودۆخی هه‌رێمی کوردستان، شه‌ڕی پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌کان دژی گرووپی تێرۆریستیی داعش و هه‌روه‌ها ئاڵای پیرۆزی کوردستانه، پێشنیارێکی ئاراستەی سه‌رۆک و ئه‌ندامانی ئاکادیمیای "ئۆسکار" کرد.
"قوبادی" لەو نامەیەدا پێشنیاری کردووە کە هه‌موو ساڵێک له‌لایه‌ن فیلمسازانی تاراوگە (بێ نیشتمان) و په‌نابه‌ره‌وه، لەژێر ناوی وڵاتێک یان ئاڵای "پەنابەرەکانـ"ـدا ئه‌م ده‌رفه‌ته‌یان بۆ بڕه‌خسێت که فیلمێک به ئاکادیمیای "ئۆسکار" بناسێندرێت.
ده‌قی ته‌واوی نامه‌که‌ی "به‌همه‌ن قوبادی" بۆ سەرۆک و ئەندامانی ئاکادیمیای "ئۆسکار" بەم چەشنەیە:
خۆزگە، مرۆڤ نیشتمانەکەی
وەکوو وهنەوشەکان
لەنێو سندووقەکانی خاک‌دا
ڕۆژێک بیتوانیبایە
هاوڕێ لەگەڵ خۆی بیبات، بۆ هەر شوێنێک کە بیویستایە
سەرۆک و ئەندامانی بەڕێزی ئاکادیمیای زانست و هونەرە سینەماییەکانی ئامریکا ـ ئۆسکار!
سڵاو و ڕێز
من بەهمەن قوبادی، وەکوو ئەندامێک لە بنەماڵەی ئاکادیمیا، دەمهەوێت سەبارەت بە بارودۆخێک بدوێم کە گرفتی زۆربه‌ی فیلمسازانی سه‌ربه‌خۆی جیهانه. ئێمە سینەماکارانی بێ نیشتمانین! لە ڕاستیدا لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی ئەم جیهانە ژیان بەسەر دەبەین کە نیشتمانی سەرەکیی ئێمە و ئەو وڵاتە نییە کە تیایدا هاتبێتینە دونیا و ئەم جیهانە پێناسه و شوناسی ئێمە بە ناوی نیشتمانیی ئەو ناوچە جوگرافییەوە دەناسێت. ئه‌وه به مانای ئه‌وه‌یه که من به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که ئێرانیم به‌ڵام به‌بێ هێماکانی شوناسی جوگرافییه‌که‌م، لە تاراوگە کار ده‌که‌م و ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌م؛ چونکه حکوومه‌تی سه‌ره‌ڕۆی وڵاته‌که‌م، به بیانووی هیچ و پووچه‌وه – و به لانیزۆره‌وه به‌هۆی ویسته یه‌کسانی خوازییهکانم - منی له نیشتمانه‌که‌م دوور خستووەته‌وه. ئه‌مه، بێگومان چیرۆکی زۆربەی فیلمسازانی سه‌ربه‌خۆی جیهانه که ناتوانن بە هۆکاری جۆراوجۆره‌وە لە نیشتمانی دایکایەتی خۆیاندا بژین. لە ئاکامدا بۆ کۆچێکی نه‌خوازراو و ژیان له تاراوگە پەنایان هێناوە.
مانای قسەکەی من ئەوە ده‌گه‌یه‌نێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا کە ئەندامێکی ئاکادیمیام، بەڵام لەم بارودۆخەی ئێستادا، وەکوو فیلمسازێکی بیانی و بەهۆی یاسا و ڕێساکانی ئاکادیمیای ئۆسکار، وڵاتێک وەکوو ئێران، تورکیه یان هه‌ر وڵاتێکی دیکه، فیلمە سەربەخۆکەی من وەکوو نوێنەری ئەو وڵاتە به ئاکادیمیا ناناسێنێت. له‌لایه‌کی دیکه‌وه نابێت له‌بیر بکه‌ین که زۆربه‌ی سینه‌ماکارانی سه‌ربه‌خۆ و سه‌ربه‌ست که ته‌نانه‌ت له وڵاته‌کانی خۆشیاندا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن به‌ڵام بارودۆخێکی وه‌کوو ئێمه‌ی بێ ماڵ و حاڵ و دوورخراو و په‌نابه‌ریان هه‌یه.
به‌رهه‌می سینه‌ماکارانێکی بوێر که به سانسۆری ده‌وڵه‌تی و گوشاره‌کانی حکوومه‌تی سه‌ره‌ڕۆی خۆیان "نه" ده‌ڵێن، نه‌ته‌نیا له وڵاتی دایکیی خۆیان سانسۆر کراون و پێش نمایشیان گیراوه، به‌ڵکوو ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن ناوه‌نده‌کانی حکوومی و پهیوهستیشهوه هیچ کاتێک ئه‌و ئیزنه‌یان پێ نادرێت که بە ئاکادیمیا بناسێندرێن.
له ئێران سینه‌ماکارانێکی به‌رچاو له‌وانه: "جه‌عفه‌ر په‌ناهی" و "محه‌مه‌د ڕه‌سووڵ ئۆف" نابێ له یاد بکه‌ین و هه‌روه‌ها ده‌یان سینه‌ماکاری دیکه له چین و ڕووسیه تا هه‌ر شوێنێکی دیکه‌ی ئه‌م جیهانه که له پشت حه‌ساره نادیارییه‌کانی زیندانی گه‌وره له وڵاته‌کانیان کار و چالاکی ده‌که‌ن.
له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه، ئه‌م بارودۆخه له که‌شێکدا ڕوو ده‌دات که من به شێوه‌ی کارا له‌م ساته‌دا، بێجگە لە نەتەوایه‌تی ئێرانییەکم وادیارە کە ماڵێکم نییە؛ هه‌ر وه‌کوو کیسه‌ڵێک که له‌نێو قاپهکهیدا بژی و ئه‌و به کۆڵییه‌وه له‌گه‌ڵ خۆی هه‌ڵبگرێت. و ته‌نانه‌ت زمانێکی سه‌ربه‌خۆشم نییه! چونکه نازانم ده‌بێ به چ زمانێک فیلم ساز بکه‌م تا له وڵاتێکی بێجگە لە نیشتمانه‌که‌ی خۆم به شێوه‌ی گشتی نمایش بکرێت و پاشان حکوومه‌تێک زگی بسووتێت و ڕێز له هونه‌ره‌که‌م بگرێت و به ناونیشانی یه‌کێک له‌و ڕێگایانه‌ی زیاتر بینینی فیلمه‌که‌م، ئه‌و به ئاکادیمیا بناسێنێت!
بێگومان ئه‌مه چیرۆکی زۆربه‌ی فیلمسازانی دیکەش لە سەرتاسەری جیهانه که لە بارودۆخێکی هاوشێوەدا بەسەر دەبەن. هەر بەم پێیە، دەمەوێت لە ڕێگای ئەم نامەیەوە، پێشنیار بکەم لە تەنیشت وڵاتانی جۆراوجۆردا کە هەموو ساڵێک ئه‌گه‌ر و ئیمکانی ناساندنی یەک فیلمیان بە ئاکادیمیا وەکوو نوێنەری وڵاتەکەیان هەیە، یەک فیلمیش لەلایەن ئێمەی فیلمسازانی نیشته‌جێ له تاراوگە (بێ نیشتمان) ده‌رفه‌تی ناساندن بە ئاکادیمیای هەبێت. ڕاست وەکوو یارییەکانی ئۆڵەمپیکی ٢٠٢٠ی تۆکیۆ، کە ئەمساڵ لە ژاپۆن بەڕێوە چوو و تیمێکی پێکهاتوو لە وەرزشوانانی پەنابەر لە یارییەکاندا ئامادە بوو.
ئەگەر فیلمسازانی تاراوگە (بێ نیشتمان) په‌نابه‌ر – یان هه‌ر ناوێک که پێناسه‌ی ئه‌و زوڵم و گوشاره بێت که به‌سه‌ریان هاتووه - بتوانن لەژێر ناوی وڵاتێک یان ئاڵای "پەنابەرەکانـ"ـدا بناسرێن، ئەم دەرفەتەیان بۆ دەڕەخسێت کە فیلمەکانیان لەلایەن لێژنەیەک لە ئەندامانی ئاکادیمیا سه‌رله‌نوێ ببیندرێت و یەکێک لەمانە وەکوو نوێنەری ئاڵا یان وڵاتی پەنابەرەکان هەڵبژێرێت.
ڕووداوێکی لەم چەشنە، ئەم دەرفەتە بە فیلمسازانی سه‌ربه‌خۆی بێ نیشتمان دەبەخشێت تاکوو جیهان، بە وردی سەیری ئەوان بکات و زیاتر لە جاران، بپرسێت کە بۆچی ئەوانه لە تاراوگەن و لەنێو نیشتمانی خۆیاندا نین؟ ئەم وه‌بیرهێنانه‌وه به‌رده‌وامه سەبارەت بەم گرووپە لە فیلمسازان و بەرهەمەکانیان، یارمەتیدەر ده‌بێت تاکوو جیهان، سەبارەت بەم بابەتە و لایەنە جۆراوجۆرەکانی وردبینتر و هەستیارتر بێت و بارودۆخه‌که‌شیان باشتر لە یادەوهرییهکاندا بمێنێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، فیلمه‌کانی فیلمسازانی نیشته‌جێی تاراوگە، دوای ناساندن بە ئاکادیمیا دەتوانێت باشتر ببیندرێن و لە کاتی په‌خش و بڵاوکردنەوە و نمایش‌کردنی جیهانیدا، دەرفەت و پشتگیرییه‌کی باشتر بۆ خۆیان مسۆگەر بکه‌ن.
ئەم پێشنیاره تەنیا داواکاریی من نییە، به‌ڵکوو به نوێنه‌رایه‌تیی مه‌عنه‌وی لە هەڤاڵانی فیلمسازی سه‌ربه‌خۆم چ له ئێران و چ له هه‌ر شوێنێکی دیکه‌ی ئه‌م جیهانه ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن، بۆ ئێوە ئاراسته دەکەم. هیوادارم وردبینی و فەرهەنگ و کلتووری بەرزی سینەمایی ئەندامانی ئاکادیمیا، ئەمساڵ دەرفەتێکی لەم چەشنە بۆ فیلمسازانی نیشته‌جێی تاراوگە بڕەخسێنێت.
له‌گه‌ڵ سپاس و ڕێزم
بەهمەن قوبادی