کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشنیاری پاکستان بۆ مامەڵەی کاڵا بە کاڵا لەگەڵ ڕێژیمی ئێران

17:27 - 16 خەزەڵوەر 2721

دەوڵەتی پاکستان پێشنیاری داوە کە برنجی ئەو وڵاتە لەگەڵ نەوت و بەرهەمە پێترۆشیمییەکانی ئێران بە شێوەی کاڵا بە کاڵا ئاڵووێر بکرێت.

''عەبدولڕەزاق داوود'' سەرپەرستی وەزارەتخانەی بازرگانیی پاکستان لە دیدار لەگەڵ وەزیری جیهادی کشاورزیی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: ''ئێمە پابەندی گەمارۆکانی سەر ئێرانین و بۆ مامەڵەی بازرگانی ڕێکارێکی وەکوو گۆڕینەوەی کاڵا پێشنیار دەکەین".

وەزیری جیهادی کشاوەرزیی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، پەیوەندیی ماڵیی ئێران و پاکستان بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی گەمارۆکان، لە ڕێگای پارەی ئەو دوو وڵاتەوە ئەنجام بدرێت هەتا کێشەی بازرگانیی دوو لەیەن چارەسەر بکرێت.

مامەڵەی بازرگانیی ئێران و پاکستان لە ئێستادا یەک و نیو میلیارد دۆلار ڕاگەیەندراوە.

ڕێژیمی ئێران کە بەهۆی گەمارۆوە ئابوورییەکانەوە هەموو ڕێگاکانی ڕاگواستنی دراوی بیانیی لێ بەستراوە و لە چەندین وڵاتدا پارەیەکی زۆری لێ بلۆکە کراوە، هەروەها بەهۆی دابەزینی بەردەوامی نرخی ڕیاڵ، لە هەوڵدایە مامەڵەی کاڵا بە کاڵا لەگەڵ وڵاتان ئەنجام بدات.

لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بەهۆی گەمارۆکانی ئامریکا مامەڵە بازرگانییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و ڕێژیمی ئێران کە ئاستی بازرگانییەکەی لەگەڵ پاکستان بەنیسبەت وڵاتە دراوسێیەکانی زۆر کەم بووەتەوە، ئێستا کە گۆشارێکی ئابووریی زۆری لەسەرە لە هەوڵدایە ئاستی بازرگانییەکەی لەگەڵ پاکسان پەرە پێ بدات.