کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشوازیی ئامریکا لە بڕیاری پارلمانی ئۆتریش دژی حیزبوڵڵای لوبنان

13:35 - 11 جۆزەردان 2720

''مۆرگان ئۆرتێگاس'' وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا ڕۆژی شەممە ١٠ی جۆزرەدان، پێشوازیی لە بڕیاری پارلمانی ئوتریش لەمەڕ ناساندنی هەڕەشەی حیزبوڵڵا دژی ئورووپا کرد.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە پەیامێکی تویتێریدا نووسیویەتی: '' ئێمە پارلمانی ئوتریش لە بابەت ناساندنی هەڕەشەی حیزبوڵڵا دژی ئورووپا، ستایش دەکەین''.

ناوبراو لە درێژەی پەیامەکەی خۆیدا داوای لە ئورووپا کرد دژی ئەم هێزە نیابەتیە مەترسیدارەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، هەنگاوی زیاتر هەڵگرن.

پارلمانی ئوتریش بە تێکرای دەنگ داوایان لە دەوڵەت کردووە کە لێبراوانە لە بەرامبەر چالاکییە تێرۆریستیەکانی حیزبوڵڵا لە ئۆتریش هەنگاو بنێت.

هەر لەم پەیوەندییەدا، دەوڵەتی ئاڵمان ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی بانەمەڕ، سەرجەم چالاکییەکانی گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای لوبنان کە سەر بە ڕێژیمی ئیرانە لەو وڵاتە قەدەغە ڕاگەیاند.

ئەم بڕیارەی ئاڵمان بۆ ڕاگرتنی هەمەلایەنەی چالاکییەکانی حیزبوڵڵای لوبنان، لەلایەن چەندین وڵات و حیزبی سیاسی پشتیوانی لێکرا.