کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشەوا قازی لە پێرسپێکتیڤێکی نزیکتر و روانگەیەکی روونترەوە( برایم لاجانی)

12:47 - 28 بەفرانبار 2712

برایم لاجانی
رێبواری رێی دوور کە ئەژنۆی دەلەرزێ و هەنگاوی شل دەبن، لادەدا و توشەبەرەی نێو کۆڵەپشتی دەردێنی و نانێک دەخوا و سەرلەنوێ هێزی رۆیشتنش و ورەی دیتەوە بەر.

بٶ ئێمەی رێبوارانی رێگای خەباتیش،١٠ی خاکەلێوە و گەڕانەوە بۆ شەهیدانی میللەتەکەمان، وەک سەرچاوەی ئیلهام، هەمیشە ورەمان وەبەردێنیتەوە و خەنجەری روحیەی خەباتگێرانەمان ئاو دەداتەوە.

پێشەوا ئەو لوتکە گەورەی جوغرافیای ناسیۆنالیسمی کوردستانی، دەکرێ لە گۆشەنیگای جۆراوجۆرەوە سەیری بکرێ. هەتا زیاتر لێی بڕاوانی و لە پێرسپێکتیڤی جیاوازترەوە سەیری بکەین، پتر گەورەیی ئەو ئینسانە مەزنەمان بۆ دەردەکەوێ. من ئەو رۆژانە جارێکی دیکەش بە هەندێک لە بەڵگەنامەکانی سەردەمی کۆماردا چومەوە و سەرەڕای سەرقاڵی زۆرم، هەندێک یاداشتم هەڵگرتوون کە پێشەوا لە گۆشەنیگای نزیکترەوە دێننەبەرچاو.

قازی هەر لەو ماوەکورتەدا کە پێێ نایە مەیدانی سیاسەتی کوردی، بە خێراییەکی زۆر بوو بە ئەستێرەی هەرە پڕشنگداری ئاسمانی کوردایەتی و خەباتی نیشتیمانی و نەتەوەیی میللەتەکەمان. ئەوەتا ئێستا بۆتە سەمبولی قوربانی بوون، فیداکاری و بۆتە سەرچاوەی ئیلهام و سەرمەشقی خەبات بۆ هەموو رۆلەکانی کورد لە کوردستان.

سیاسەتەکانی و بەرنامەی سیاسی پێشەوا، پاش تێ پەڕینی ئەو ماوە درێژەش، هەروا مەوزوعیەتیان هەیە و ئێستاش هەروا رێگا چارەی گیروگرفتەکانی ئێران و هەڵدان و گەشەکردنی کوردستان و وڵاتەکەمانن. دامەزرانی دێمۆکراسی، سڕینەوەی ستەمی نەتەوایەتی، دابین کردنی مافی کەمایەتیە میللی و مەزهەبیەکانی وڵاتەکەمان، دابین کردنی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئابووری، دیسانتڕالیزەکردنی دەستەڵاتی ناوەندی و پێک‌هێنانی هەلومەرج بۆ کورد و نەتەوە بندەستەکانی دیکەی ئێران هەتا بتوانن لە پرۆسەی سیاسی و حاکـمیەتی میللی دا بەشداری بکەن هەروا مەسەلەی رۆژن لە سیاسەتی ئێراندا.

بەرنامەی سیاسی پێشەوا بۆتە مانفێستی کوردایەتی و ناسیۆنالیسمی هاوچەرخی کورد. دامەزراندنی دەستەڵاتی کوردستانی و دیاریکردنی مافی چارەی خۆنوسین، هەروا ئامانجی هەرەبەرزی بزووتنەوەی کوردە لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا. ئەو جادەیە کە قەتاری جوڵانەوەی کوردی پێدا دەڕوا، هەر ئەو جادەیەیە کە پێشەوا موهەندیسی کردووە. ئێمە نەسلەکانی دوای ئەو گەورەتری شانازیمان تەنیا رەنگە هەرئەوە بێت، کە نەمان هێشتوە رێبازەکەی کوێر بێتەوە و خەباتەکەی ئەومان بردۆتە پێشێ. وەک شەهاب بە ئاسمانی خەباتی میللی ماندا کشا و کوردی لە خەوی غەفلەتی ژێرچەپۆکی ڕاچڵەکاند و ئێستاش لەو شەوەزەنگە تاریکەدا لە پەنجەرەی مێژوومانەوە، هەروا دەبینرێ و دەدرەوشێتەوە.

پێشەوا مێژووی میللەتی کورد و راپەڕینی میللیەکانی کوردی خوێندبوەوە. ئەزموون و ئامانجە سیاسیەکانی رێبەرانی پێش خۆی فۆڕمۆلەکرد و لە شێوەی پڕۆژەیەکی سیاسیدا دایڕشت. بۆ رێبەریکردنی ئەو پڕۆژەیە حیزب و تەشکیلاتی مۆدێڕنی دروستکرد و دەوڵەتی لە شکڵی جمهوریدا بۆ پیادەکردنی ئەو پڕۆژە سیاسیە پێکهێنا.

دواتر لەدادگادا و لە جەرەیانی سەفەرەکانی دا بۆ تاران دیفاعی لە کار و بەرنامەی سیاسی خۆی و ئامانجەکانی میللەتی کورد کرد و هەتاسەر پێیان وەفادارما و گیانی خۆشی لە پێناویاندا بەخت کرد. دوای مردنیشی بوو بە ڕەمزی فیداکاری لە پێناو میللەتدا.

لە دەورانی بزووتنەوە دژی ئیستیعماریەکان دا. لە هەموو وڵاتانی ناوچەدا، رێبەرانی بزووتنەوەی دژی ئیستیعماری تووند بە خەباتی دژی ئیستعماریەوە نوسابوون و دواتریش هەموویان دیکتاتۆر و سەرەڕۆ دەرچوون. پێشەوا لە سیاسەت و کردەوەدا، بۆ ئازادی و دێموکڕاتی ، رزگاری لە ستەمی نەتەوایەتی و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی تێدەکۆشا و بە هەرسێکیان وەفاداربوو. لە ئەوپەڕی ئیقتداری سیاسیدا، خەڵکی و خاکی و لە هەڵسوکەوتدا دێمۆکرات بوو و دێمۆکراتیش مایەوە. لەو دەورانە مێژووییەدا، لە نێو رێبەرانی بزووتنەوەی رزگاری خوازی میللەتتاندا، ئەوە تەنیا پێشەوا بووە کە نەکەوتۆتە داوی سەرەڕۆییەوە.

عونسوری پێشکەوتنخوازی لە بەرنامەی سیاسی و کارنامەی حکومەتی پێشەوادا وەک رۆژی روون دیارە. رێفۆڕمی ئەرزی و مەسەلەی دابیکردنی مافەکانی ژنان و پەرەپێدانی پەروەردە و فێرکردن و ئەمنیەتی قەزایی و سکۆلاریزەکردنی دادگاکان باشترین نموونەی ئەو قسەیەن. لە گەڵ ئەوەدا کە پیاوێکی رووحانی بووە، بەڵام هیچ کات وەک رێبەری دینی لە حیزب و حکومەتدا هەڵسوکەوتی نەکردوە و لە هەموو جێگایەک وەک رێبەری میللی و سیاسی قسەی کردووە. نە دینی خستۆتە خزمەت ئامانجە سیاسیەکانی خۆی و نە سیاسەت و حیزب و حکوومەتی کردوونەتە بووکە شوشەی دەستی دین و مەزهەب. لەسەرتاسەری ئێراندا ئەودەم ئاخوندەکان دژی ئیسڵاحاتی ئەرزی و مافەکانی ژنان بوون و دژایەتیان دەکردن، بەڵام پێشەوا تێدەکۆشا بیانکاتە واقعیەتێکی ژیانی ڕۆژانە.

کۆماری کوردستان پڕشنگدارترین قۆناخی مێژووی هاوچەرخی کورد و کوردستانە. ئەوەی هەتا ئێستا هەمانە و لە داهاتووشدا هەتا چاو بڕدەکا دەمانبێ، هەر لەوێڕا دەست پێدەکا. وەک بیگ بانگ، تەقینەوەی گەورەی ناسیۆنالیسمی هاوچەرخی کوردستانی لەوێڕا سەرچاوەدەگرێ و ئێستاش ئەو ئینێرژیەی کە وەری دەگرێ هەر لەو تەقینەوە گەورەیەوە پێی دەگا.

پێشەوا رێبەری حیزب و سەرکۆمار بوو ،بەڵام قەت حکوومەتی نەکردە ئاڵقەبەگوێی حیزب. حیزبی نەکردە سەرباری حکوومەت و زەنجیر بۆ دەست و پێی حکوومەت. قەت نەبوو لە کێوی سینای دەفتەری سەرکۆماری و سەرۆکایەتی حیزبەوە فەرمانان نازل بکات. بڕیارەکان دەستەجەمعی دراون و راوێژیان لە سەردەکرا و بە فیلتێرە پێویستەکاندا تێدەپەڕین جا دوایەش لە رۆژنامەی کوردستاندا بڵاو دەکرانەوە و بە ئاگاداری بیروڕای گشتی دەگەیەشتن. حیزب ماتۆڕی بردنە پێشی بەرنامەکان و رێکخستنی میللەت و مۆبیلیزەکردنی تواناکان بوو نەک دەست وپێگر. هەموو ئیمکاناتی حیزبی خستبووە خزمەت حکومەت نە بە پێچەوانەوە. قەت خۆی لە جێێ کۆمیتەی ناوەندی دانەدەنا و کۆمیتەی ناوەندیشی لە جێی حیزب دانەدەنا و حیزبیشی لە جێی میللەت دانەدەنا. خۆی و حیزب و کۆمار و دەوڵەتی بۆ خزمەتی میللەت دەویستن . پێشەوا بەرانبەر بیر و رای گشتی لە سەر هەست بوو. کەسێک نەبوو گوێ نەداتە بیروڕای گشتی میللەت و روانگە و بیروبۆچونی هاوکارەکانی بە گرنگ دەگرت.

مەیدانی بۆ درووست بوون و پێگەیشتنی چینی متەوەستی کۆمەڵگای کوردستان خۆشدەکرد. ئەدیب و زانا و فەرهەنگیەکانی کوردی لە دەوری حیزب و کۆمار کۆکردبونەوە و خستبوونیە خزمەت میللەت و پەرەسەندنی زمان و ئەدەب و کولتور و پەروەردەو فێرکردنی میللی. هەموو توانای ئینتلیکتوێلی کوردی خستبووە خزمەت خەبات و بەرنامەکانی حکومەتی کوردستان. ئەو حیزبەی ئەو لە دوای خۆی بە جێی هێشت، ئێستاش هەروا خۆشەویستی خەڵکی کوردستانە و ئەوەش هەتا رادەیەکی زۆر لە وەڕا دێ کە حیزبی پێشەوایە و پێشەوا دایمەزراندوە.

پێشتر رێبەرانی بزووتنەوەی کورد بە هۆی پیگە و نفوزی عەشیرەتی و ئایینیەوە هاتونەتە سەر. پێشەوا لە رێگای حیزبایەتی و کاری رێکخراوەیەوە هاتبووە سەر . ئەو هەم مەشڕوعیەتی هەبوو، هەم لێوەشاوەیی زانستی و سیاسی و هەم یەکپارچەگی ئەخلاقی و هەم مەحبووبیەتی جەماوەری. پاش مەرگیشی هەروا خۆشەویست مایەوە. کەمن ئەو رێبەرانەی ئاوا لە نێو میللەتی خۆیاندا خۆشەویستبن و هەرخۆشەویستیش بمێننەوە.

پێشەوا رزگاریخواز، ئازادیخواز، پێشکەوتنخواز و شۆڕشگێر بوو. راستەوخۆ لەگەڵ میللەت پێوەندی هەبوو. ئەو دیوانسالاری و بۆرۆکراسی بۆ بردنە پێشی بەرنامە و پڕۆژەکانی کۆمار هێنایە کایە و موئەسەساتی بۆ کۆمەڵ و کۆمار درووست کردن، بەڵام وەک پێشەوای میللی قەت نەهات خۆی لە قاوغی تەسکی بۆرۆکراسی حیزبی و دەوڵەتیدا زیندانی بکا. ئەو بە کردەوە رێبەرایەتی دەکرد و لە ریزی پێشەوەی کار و خەبات و هەوڵ و تێکۆشان بۆ چارەسەری گیروگرفتەکاندا بوو. خاکی و خۆماڵی و بێ فیز و تەکەبوور بوو. ئەو هاتبوو وەک بۆخۆی لە رۆژی سوێند خواردنەکەیدا فەرمووی، سەروماڵی فیدای میللەت و نیشتیمانەکەی بکا.

ئینسانێکی زانا و خاوەن فەرهەنگ بوو، هەر بۆیەش بایەخێکی زۆری بە فەرهەنگ و ئەدەب و کولتور دەدا. دەورانی حکوومەتی کۆماری کوردستان لە مێژووی میللەتی کوردا، هەتا ئەو دە دوازدە ساڵەی دوایی، پڕشنگدارترین قۆناخی گەشەکردنی فەرهەنگ و زمان و ئەدەب و رۆژنامەگەری کوردییە کە مێژوو بە خۆیەوەی دیوە. ئەو زمانە ئەدەبی و سیاسیەی ئەمڕۆ بەکاری دێنین، هەر هەمان زمانە کە لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا بوو بە زمانی ئەدەبی و سیاسی و رۆژنامەگەری کوردی.

نەخش و سەهمی خەڵک لە بزووتنەوە و دەستەڵاتدا، نەخش و سەهمی هەرە زۆر بوو. پێشەوا دەستەڵاتی حیزبی و حکوومەتی لە دەستی خۆی و کەس و کارەکانی دا ک نەکردبووە. چەترێکی گەورە بوو هەموو لە ژێریدا جێگایان دەبوەوە. معیار بۆ ئەو خزمەت بوو. ئەو گەورەترین کۆڵکەی هاوبەش بوو. مەخرەجی موشتەڕەک بوو.

تەمەنی کەم بوو، هیچ عەشیرەت و تایفەی لە پشت نەبوون، بەڵام توانی لە جامعەی دواکەوتوی ئەودەمی کوردستاندا، ببێتە کاریزمایەکی میللی هێندە گەورە کە هەموو عەشیرەتە گەورە و ناتەبا و تەنانەت نەحەواوە لە گەڵ یەکتردا، لە دەوری فەرماندەییەکی سیاسی و نیزامی کۆکاتە وە و تەنانەت کوردەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستانیش، راکێشێتە ژێر ئۆتۆریتەی میللی کۆماری کوردستان.

یەکپارچەیی ئەخلاقی پێشەوا لە پلەیەکی هێندە بەرزدا بوو کە گەورەیی و مەزنی خۆی لە گەورەیی و مەزنی میللەت و خەڵک و هاوکارەکانی دا دەدی و پێویستی بەوە نەبوو کەسانی دی نەبینێ و وەلایان بنێ. بە پێچەوانەوە ئەو دەیزانی گەورەیی و مەزنایەتی لەوەڕادێ کە بتوانێ خەڵک و کەسانی گەورە و بە ئۆتۆریتە لە دەوری خۆت و بەرنامەکانت کۆکەیەوە نەک بە پێچەوانەوە. ئاخر کەسێک کە دەستەڵاتی سیاسی و حیزبی و حکوومەتی لە خۆی و دەوروبەری خۆیدا کۆدەکاتەوە، ئەوە کەسێکە کە توانایی سیاسی و فکری و ئەخلاقییەکەی مەحدودە، کاراکتێرێکی بێ هێزی هەیە و دەوروبەرەکەشی هیچ کارە و لێ نە هاتوون. پێشەوا نیهاد سازی کرد، بزوتنەوەی کردە میللی و گشتی. حیزبی نەکردبووە فیرقە و سێکتێکی سیاسی، حیزبی دێموکرات لە سەردەمی پێشەوادا، جەبهەیەکی بەرینی میللی بوو کە هەموو رۆڵەکانی کوردستان لە نێویدا جێ یان دەبۆوە و هەمووشیان بە ئیی خۆیان دەزانی، شاعیر وتەنی بە میلیۆن کورد، سوژدەیان بۆ دەبرد.

ئەو خسڵەتە میللیە کە وەک میرات بۆ حیزبی دێمۆکرات بە جێماوە هەر لەو دەمەڕا دێ کە پێشەوا کردیە حیزبی میللیی. حیزبی دێمۆکراتی دروست کرد و لە رێگای حیزبەوە بوو بە پێشەوای گەل و دواتر حیزبیشی خۆشەویست کرد. دەڵێن هەر خەباتێک رێبەری خۆی دروست دەکا، حیزب و بزووتنەوەی کوردستان لە سەردەمی پێشەوادا جەماوەری و میللی و گەورە و بەرین بوون، بۆیەش ئەو رێبەرە گەورەیان هێنایە مەیدان. ئەوەتا ئێستاش مەیدانی چوار چرا و گۆڕی پێشەوا، بوونەتە سەمبوولی نیشتمان پەروەری و مەککەی کوردایەتی و قیبلە و زیارەتگای رێبوارانی رێگای رزگاری کوردستان و پێشەوا لە دڵی نەتەوەی کورد و ویژدانی میللەتی کوردا هەر زیندووە و رێباز و ئامانجەکانی هەروا ئامانجی کۆمەڵانی بەرینی خەڵکی کوردستانن.

گۆڕی پێشەوا بۆتە کورەی جۆشدانی کوردایەتی و لە سەرتاسەری کوردستاندا خەڵک سوێندی گەورەیان بە گۆڕی پێشەوایە. ئەوە مانایەکی گەورەی مەعنەوی و ئەخلاقی هەیە. بیری سیاسی پێشەوا هێشتاش هەروا بە پێشەنگ دادەنرێ و مەوزوعیەتی هەیە و روو لە گەشەشە. ئەو درەختەی پێشەوا چەقاندی، هەروادێ پتر رەگ لە کوردستاندا دادەکوتێ. ئەو ئینێرژەیە میللیە کە لە پشتی سەری بزووتنەوەی کوردستانەوە هەیە، بە تایبەتی ئەو هێزە کە نەیهێشتوە حیزبی دێمۆکرات بشکێ، یا لە رێلی خۆی لادا، هەر ئەو ئینێرژیەیە کە لە پێشەواوە پێی دەگا.

ئەمڕۆ بە میلیۆن کورد لە هەموو کوردستاندا پەیامی پێشەوایان کردۆتە مەشخەڵی رێنیشاندەری رێگای خەباتیان. هەموو هێزە کوردستانیەکان چ لە بەشی رۆژهەلات یا لە بەشەکانی دیکە، لە راستی راستەوە هەتا چەپی چەپ و تەنانەت مەزهەبییەکانیش، شەجەرەی سیاسی خۆیان دەبەنەوە سەر پێشەوا و دەیانەوێ مەشروعیەتی لێوەرگرن. هەموو هەسارەکانی کۆمەڵەی خۆر تین و رووناکی لە خۆر وەردەگرن، هەموو هێزە سیاسیەکانی کوردستانیش تین و رووناکی لە پێشەواوە وەردەگرن. ئەو گەرمی و رووناکیەش لە بن نایەو دەگاتە هەمووانیش. ئەو شوێنەوارەی پێشەوا لە سەر تاکی کورد، میللەتی کورد، سیاسەتی کورد و ویژدانی میللی کوردستان بە جێی هێشتوە، باشترین بەڵگەی ئەو قسەیەن.

راستە کۆماری کوردستان رووخا و بزووتنەوە پاشەکشەی کرد، بەڵام بیری پێشەوا نە شکا، چونکە شکەست ئەوەیە قەت هەڵنەستیەوە. هەرکەس پاش کەوتنەخوار درەنگ یا زوو هەستێتەوە، نەشکاوە. بەرنامەی سیاسی و حیزبی پێشەوا و خەباتی پێشەوا، بە جۆرێک لە کوردستاندا رەگیان داکوتاوە، کە ئەوتا شەوەزەنگی رەشی ئیستبدادی ئاخوندیش، نەیتوانیوە، لە گەشە و هەڵدانیان بخات. پێشەوا و کۆماری کوردستان و بەرنامەی سیاسی پێشەوا ئێستا بوونەتە رێفێڕانسە و نەسلەکانی ئێستا و داهاتووی کوردستان خۆیانی پێ پێناسە دەکەن، چونکە قۆناخی دەوڵەتی جمهوری کوردستان، لە مێژووی میللەتی کوردا بەرجەستەگی تاریخی هەیە و سەردەمی زێرێنی مێژووی دەستەڵاتداریەتی هاوچەرخی کوردە.

پێشەوا هەموو هەڵوێستەکانی چ لە پێوەندی لەگەڵ تاران و چ لەگەڵ تەورێز و چ لە گەڵ زلهێزەکان و چ لە پێوەندی لەگەڵ مەسەلە نێوخۆییەکانی کوردستاندا، تەنیا لە گۆشە نیگای بەرژەوەندیی کوردستان و دێمۆکراسیەوە دەگرتن. مەهارەتێکی بێ وێنەی لە فۆڕمۆڵە کردنی داخوازەکانی میللەتی کورد و پەیامی سیاسی خەڵکی کوردستان و حیزبی دێموکراتدا هەبوو. ئەوەش بوو پێشەوای کردبووە رێبەرێکی تەواعەیاری میللی. لە خۆڕانیە بوو بە پێشەوا و هەروا بە پێشەوایش مایەوە.

پێشەوا فیداکاری کرد و تەڵەبکاریش نەبوو. ئەو لە دادگاش دا دەزانێ دەی کوژن، بەڵام دیفاعی سەرسەختانە لە میللەتی کورد و داخوازەکانی میللەتی کورد دەکا. لە وەسیەتنامەکەشی داو لە سەر سێدارەش هەر داوا لە رۆڵەکانی کوردستان دەکا خەبات بەرنە پێش و خواش بەشاهیدی دەگرێ کە بەسەر وماڵ خزمەتی میللەی خۆی کردوە و داوا دەکات لە ئەگەر قسوری هەیە نەتەوەکەی بیبەخشن. بەمجۆرە ئەو هیچ تەڵەبکار نیە و فیداکاریشی بۆیە نەکردوە لە میللەتەکەی تەڵەبکاربێت. تەنیا داوای ئەوەیە میللەت پاڵ وێکدەن و خۆیان بە عیلم و زانست تەییارکەن و خەبات بەرنەپێش و نەیەڵن ئاگری خەبات لە نێڵە بکەوێت. بۆیە لە پێدەشتی کاکی بە کاکی بزووتنەوەی کوردا بۆتە لوتکەی هەرەبەرزی فیداکاری و گیانبازی و نیشتیمان پەرستی و وڵاتپارێزی.

ئەوە چەند دەیەیە کە تەواوی دەزگای تەبلیغاتی دەوڵەتی ئێران و ناسیۆنالیزمی مەزنی خوازی ئێرانی و کۆنەپەرستیی ناوچە و تەنانەت زڕەچەپی کورد و ئێرانیش کەوتونەتە خۆهە تا پێشەوا تەخریب کەن و خۆی و بەرنامە و کارنامەکەی رەشکەن، بەڵام نەک هەر نەیان توانیوە زەڕەیەک لە گەورەیی و خۆشەویستی پێشەوا کەم کەنەوە ، بەڵکو پێشەوا هەروادێ و مەزن تر و خۆشەویستر دەبێ و بەرنامەی سیاسی پێشەوا ئەمڕۆ بۆتە بەرنامەی رێگاچارەی گیروگرفتەکانی وڵاتە خۆشەویستەکەمان.

ئەو تێدەکۆشا کۆرپەی ئازادی و رزگاری کوردستان، لە منداڵدانی میللەتی کوردەوە بۆ سەر دونیا هیدایەت بکا. حیزب و تەشکیلاتی بۆ ئەو کارەدەویستن و حیزب بۆ ئەو کەناڵی خزمەت بە گەل و نیشتیمان بوو.

پێشەوا ئەڵترناتیوی نەبوو. کەسێک بوو مێژووی کورد و زەمان هێنابوویە پێشەوە. لە ماوەیەکی کوردا کە دەستی بەکاری سیاسی کرد، نەخشی هێندەگەورەی گێڕا، کە لە مێژووی میللەتی خۆی دا بوو بە گاندیەک، ناپلیۆنێک،ماندێلایەک. ئەو درووستکار بوو. خۆی و دەزگای حکومەتەکەی دووربوون لە گەندەڵی و فەساد. ئێستاش درووستکاری نەک بە فەزیلەت بەڵکوو بە موعجیزە دادەنرێ، کەچی پێشەوا لە هەموو فەساد و ئالودەگیەک بە دووربوو. ئەو کێوێک بوو لە ئەخلاقیەتی بەرز و ئیستڕاتیژی سیاسی و سەلامەتی ویژدانیی. هەر بۆیەش بوو ئیعتبارێکی سیاسی و مەعنەوی گەورەی لە نێو میللەتدا هەبوو. کەس نەی توانیوە لە نێو کوردا وەک پێشەوا ئاوا ئیعتباری سیاسی وەدەست بێنێ.

دەڵێن مێژوو رووحم بە کەس ناکا. پێشەوا لە نێو رێبەرانی سیاسی میللەتی کورد و میللەتانی دیکەی ناوچەدا، لە ریزی هەرە پێشەوەی ئەو رێبەرانە دایە کە ژمارەشیان بە داخەوە زۆر کەمە، کە لە ئیمتیحانی سەختی مێژوو دەرچوون و رووسوور هاتوونە دەر . هێمن وتەنی عومری کورتی هەبوو، بەڵام ئەو عومرە کورتە پڕاوپڕبوو لە شانازی و شەڕەف.

لایەنێکی دیکەی گەورەیی پێشەوا لەو پیلانە گەورەیەڕا دێ کە کۆنەپەرستی و ئیمپڕیالیزم و دوژمنانی کورد لە دژی ئەو و حکومەتەکەی بە رێوەیان برد. ئەو راستیە لە رەوتی دادگادا و لە چۆنیەتی حوکمدانی قازییەکان و لەداردانیاندا بە باشترین شێوە دەردەکەوێ. پێشەوا بی کیفایەت نەبوو، بەڵام پیلانێکی نێو نەتەوەیی لە دژی ئەو وەڕێخرا کە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ئەودابوو. ئەو ژمارەیەکی کەم کارتی بۆ یاری لە دەست دابوون، لە هەموو کارتەکان بە باشترین شێوە کەڵکی وەرگرت. تواناو لیوەشاوەیی و درووستکاری و مودیریەت و بە تەگبیری پێشەوا پێشتر لە زۆر بواردا تاقی کرابۆوە ئەوەی روویدا ئاکامی پیلانی هاوبەشی ئیمپڕیالیزم و کۆنەپەرستی بوو.

بەبڕوای من گەورەترین تایبەتمەندیی پێشەوا ئەوەیە کە ئەو وەک رێبەر و پێشەوای میللەتی کورد لە بەرامبەر میللەت و مێژوودا هەستی بەبەرپرسایەتی دەکرد.

رێبەرانی ئێستای کورد دەبێ زۆر دەرسی بە نرخ لە پێشەوا فێربن، بەڵام لە هەموان گرنگتر ئەوەیە ئەو ئیحساسی مەسئولیەتە لە بەرانبەر میللەت و مێژوو دا، لە قازی نەمر فێر بن.