کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێناسەی بوون

18:41 - 30 رێبەندان 2719

کەریم پەرویزی

کە دەتهەوێ کەسێک بە کۆیلەیی بگری و بە چەوسانەوەی، بەهرەی کار و ژیانی بۆ خۆت وەربگری، هێز بەکار بێنە و تەسلیمی ئیرادەی خۆتی بکە. ئەمە یاسای سەدەکانی پێشوو بوو و لە سەدەی ئێستاشدا بۆ کۆیلەکردنی مرۆڤەکان هەرچەند هێزیش بەکار دەبردرێ بەڵام زۆرتر لە پارە کەڵک وەردەگیرێ و پارە و دارایی دەکرێ بە ئامرازی کۆیلەکردن یان بە واتایەکی دیکە چەوسانەوەی مرۆڤەکان.

بەڵام گەر دەتهەوێ کەسێک وا لێ بکەی کە بە حەز و ویستی خۆی کۆیلەتی هەڵبژێرێ و هەتا کۆتایی ژیانی بەوپەڕی ڕەزایەتەوە کۆیلەتیت بۆ بکا، مێشکی داگیر بکە! ئەمە ڕەمزی کۆیلەتیی بەردەوامە کە کەسێک بە دڵی خۆی و بە بێ هیچ ناڕەزایی دەربڕینێک ملکەچی ئیرادەی کەسی دی دەبێ و زۆرجاریش شانازی بە کۆیلەبوونی خۆیەوە دەکا و سنگی وەپێش دەدا کە من ئاغایەکی وەهام هەیە!

کۆیلەتیی جۆری یەکەم، کۆیلەتیی بەناچاری و زۆرەملێیە و هەر کە هێزە داپڵۆسێنەرەکە لاواز بوو، کۆیلەش ڕادەپەڕێ یان نان و پارەکە کەم بوو، ناڕەزایی دەردەبڕێ، یان دۆخەکە دەرەتانێکی تێدا وەدی بکرێ دژ بە زنجیرەکانی ڕادەپەڕێ و هەوڵی لەنێوبردنی ستەمکارەکە دەدا؛ بەڵام کۆیلەتیی جۆری دووهەم کۆیلەتییەکی قووڵترە و بە مێشکی خۆی بڕوای بە کۆیلەبوونی هێناوە و هیچ ڕەهەندێکی دیکە جگە لە ئاغا و کۆیلەتی نابینێ و بە دڵی خۆی زنجیرەکانی کۆیلەتی لە ئەستۆی خۆی توند دەکا.

کۆیلەتییەکی جۆری سێهەم هەیە کە لەوانەش توندترە و ئەویش داگیرکردنی شوناس و گۆڕینی زمانە. زمان ئامرازی بیرکردنەوە و مێکانیزمی وەگەڕخستنی مێشک و چاوی بینین و گوێی بیستن و هەستی درکپێکردنی جیهانە کە مێشک لەوانەوە جیهانی دەوروبەر دەناسێ و پێناسەی بوونی خۆی دەکا.

زمان تەنیا بریتی نییە لە چەند دەنگ و پیت و یاسای پێکەوەلکانی پیت و ڕیزکردنی وشەکان، بەڵکوو گرێچنی مێشک و هزر و ڕوانینە و هەر بۆیە لە زمانە جیاوازەکاندا جیهان بەجۆرێکی دیکە دەبینرێ. کەلتووری جوغرافیای زمانی ئینگلیزی لەگەڵ کەلتووری فەرانسەیی دونیایەک جیاوازییان هەیە و کە بە فارسی دەدوێی، هەستی دیکەت هەیە و کە بە کوردی دەئاخفی، جیهان جۆری دی دەبینی.

گەر کۆیلەبوونی مێشکی بە سەر تاکێکدا زاڵ بێ، هەرچەند کۆیلەبوونێکی ڕەگ داکوتاوە و ئەگەری وشیاربوونەوەی کەمە، بەڵام ڕەنگە بە گۆڕانی زەمان و دۆخ، وشیاریی بە مێشکی ئەو تاکە کۆیلەیە بگا و دژ بە زنجیرە دەسکردەکانی مێشکی ڕاپەڕێ، بەڵام گەر زمانی کەسێک داگیر بکەی، ئامرازی وەئاگاهاتنەوەشت لێ ئەستاندووە؛ بۆیە کۆیلەتیی لە ئاستی داگیرکراویی زماندا، کۆیلەتییەکی ڕەگ ئەستووتر و زۆر قووڵترە کە کۆلۆنیاڵیزمی تێکەڵ بە شۆڤێنیزم، دەیهەوێ زمانی نەتەوە ژێردەستەکان بسڕێتەوە و زمانی خۆی بخاتە نێو مێشکیانەوە. لە ڕاستیدا شۆڤێنیزمی زاڵ دەیهەوێ پێناسەی بوونی نەتەوەکان بسڕێتەوە و پێناسەیەکی دەسکردیان بە بەردا بکا، تاکوو بۆ هەتاهەتایە بەکۆیلەیان بکا.

زمانی کوردیمان دەپارێزین و گەشەی پێ دەدەین چوونکە زمانی دایکی پێناسەی بوونمانە و هەر بۆیە بە هەموو شێوازێک بەرگری لەو پێناسەیەمان دەکەین.