کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێنتاگۆن ٦ بۆمبهاوێژی B52 دەنێرێتە ناوچەکە

13:18 - 17 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسێکی فەرمیی ئامریکا ڕایگەیاندووە، وەزارەتی بەرگریی ئامریکا خەریکی بەرنامەداڕێژی بۆ بەڕێ کردنی ٦ فڕۆکەی بۆمبهاوێژی B52یە بۆ ناوچەکە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران.

بەرپرسێکی فەرمیی ویلایەتە یەکگرتووەکان، ڕۆژی دووشەممە، ١٦ی بەفرانبار، ڕایگەیاندووە، وەزارەتی بەرگریی ئامریکا، "پێنتاگۆن"، دەستی بە بەرنامە داڕشتن بۆ بەڕێ کردنی ٦ بۆمبهاوێژی B52 بۆ دوورگەی "دیەگۆگارسیا" لە ئۆقیانووسی هیند کردووە.

ئەو بەرپرسە ئامریکاییە هەروەها ڕایگەیاندووە، ئەو فڕۆکانە بۆ ئەگەری ئۆپەراسیۆنی نیزامی بۆ سەر ئێران نێردراونەتە ناوچەکە و ئەگەر بڕیار بدرێت، بۆمبهاوێژەکان دژ بە ئێران ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەن.

بانەمەڕی ئەمساڵ هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی ناکۆکییەکان لە نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکاندا، ٦ بۆمبهاوێژی B52، بە فەرمانی "دانڵد ترامپ"، سەرکۆماری ئامریکا نێردرایە "قەتەر"، بەڵام ئەمجارە بۆ پاراستنی بۆمبهاوێژەکان لە مووشەکەکانی ڕێژیمی ئێران براوەتە دوورگەی "گارسیا".

دوورگەی "دیەگۆگارسیا"، ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی بریتانیایە کە لە ٢ هەزار کیلۆمیتریی باشووری دەریای "عومانە".