کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێنتاگۆن: جموجۆڵە مەترسیدارەکانی ڕێژیمی ئێرانمان لە دەریاکان خستووەتە ژێر چاوەدێرییەوە

17:01 - 11 خەزەڵوەر 2721

''تیم هاوکینز'' وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی ناوگانی پێنجەمی هێزی دەریایی ئامریکا سەرەڕای هۆشداری بەنیسبەت چڕبوونەوەی مەترسییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ئاوە نێونەتەوەییەکانی کەنداو وتی، بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەو مەترسییانە، بەردەوام پێویستی بە هاوکاریی نێونەتەوەیی لەو بوارەدا هەیە.

''هاوکینز'' ڕۆژی سێشەممە ٢ی نوامبر، بە ڕۆژنامەی ''شەرقولئەوسەتـ''ـی وتووە، هێزی دەریایی ئامریکا بە هۆشیاریی بەردەوام و بە حوزوور لە ناوچەکە، درێژە بە هاوکاری لەگەڵ شەریکە ناوچەییەکانی ئامریکا دەدات.

ناوبراو جەختی کردەوە کە پاراستنی کەشتیڕانیی ئازاد و ڕەوتی بازرگانیی ئازاد بۆ ڕاگرتنی ئەمنییەت و سەقامگیریی دەریایی لەو ناوچەیە پێویستە.

ڕێڕەوە دەریاییەکان لە مانگەکانی ڕابردووەوە شایەتی هێرشی یەک لە دوای یەک بۆ سەر کەشتییەکان بووە.

ئامریکا لە ڕاستای پەرەگرتنی هەڕەشەکان لەلایەن ئێرانەوە هەموو جموجۆڵەکانی ئەو ڕێژیمەی لە ڕێرەوە ئاوییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست خستووەتە ژێر چاوەدێرییەوە.

وەزارەتی بەرگریی ئامریکا پێشتر جەختی کردبووەوە کە مەترسیی ڕێژیمی ئێران لە ئێستاشدا هەڕەشە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات و هێزەکانی ئامریکا و هاوپەیمانەکان لەو مەترسییانە ئاگادارن.