کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێنتاگۆن دژکردەوەی بە ئەنیمەیشێنی تێرۆری "ترامپ" پیشان داوە

12:53 - 25 بەفرانبار 2721

ڕۆژێک لە دوای بڵاوبوونەوەی ئەنیمەیشێنی تێرۆری "دانڵد ترامپ" سەرکۆماری پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لەلایەن ماڵپەڕی "جەماران" کە سەر بە بنکەی زانیاریی نووسینگەی "عەلی خامنەیی" ڕێبەری ڕێژیمی ئێرانە، بەشێک لە بەرپرسانی ئامریکا لەوانە "جان کێربی" وتەبیژی پێنتاگۆن ڕێژیمی ئێرانی بە پشتیوانی تێرۆریزم زانی.

"کێربی" لەبارەی ئەو ئەنیمەیشێنە وتوویەتی: "ئەوە بەشێک لە چالاکییە ڕووخێنەرەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەیەیه و یەکێک لە هەڕەشەکانی دژ به بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی ئامریکایە".

وتەبێژی "پێنتاگۆن" کە لەگەڵ کاناڵی هەواڵدەریی "فاکس نیووز" قسەی کردوە باسی لەوە کردووە، ڕێژیمی "تاران" پشتیوانی لە تۆڕە تێرۆریستییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات و بە پشتیوانیی گرووپە میلیشیاکانی لە عێراق و سووریە هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئامریکا و بەردەوامە لەسەر ئەو ڕەوتە.

"جان کێربی" لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی کردووەتەوە کە "پێنتاگۆن" بە وردبینییەوە لێکۆڵینەوە لە ئەنیمەیشێنی تێرۆری "ترامپ" دەکات و وەزارەتی بەرگری سێسەرە دەخاتە سەر ئەو هەڕەشەیە بۆ ئەوەی دڵنیا بێت کە ئامریکا توانایی پێویستی بۆ بەرگریی خۆی لە ناوچەکە هەیە.

لەم پێوەندییەدا سێناتۆر "لیندزی گراهام" باسی لەوە کردووە بڵاوکردنەوەی ئەو ئەنیمەیشێنە لەژێر چاودێریی عەلی خامنەیی کە بە ئاشکرا هەڕەشەی تێرۆری ترامپ دەکات، باوەڕ ناکەم لەلایەن دەوڵەتی بایدن بێ وڵام بمێنێتەوە.

هەروەها "جێن ساکی" وتەبێژی کۆشکی سپی وتوویەتی ئێمە لە ڕابردووشدا بینیومانە کە ڕێبەری ڕێژیمی ئێران قسەی ناحەز و خراپی کردووە.

ئەو ئەنیمەیشێنە لەژێر ناوی "تۆڵە مسۆگەرە" بڵاو کراوەتەوە.