کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێنتاگۆن: میلیشیاکانی سەر بە ئێران گەورەترین هەڕەشە بۆ " عێراقـ"ـن

11:41 - 23 رێبەندان 2720

وەزارەتی بەرگریی ئامریکا لەبارەی بەرزبوونەوەی هەڕەشەی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە عێراق و سووریەدا  هۆشداری داوە.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە "پێنتاگۆن" بڵاوی کردووەتەوە میلیشیا چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە و عێراقدا گەورەترین هەڕەشەن بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانان.

هەتا ئێستا هێزە چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئامریکا.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە نزیک بە ٨ هەتا ١٦ هەزار ئەندامی داعش لە هەندێک لە گوندەکانی سووریە و عێراق خەریکی چالاکین.

ئامریکا گرووپە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی بە دەست تێدابوون لە هێرش بۆ سەر بنکە نیزامییەکانی ئامریکا لە خاکی عیراق تاوانبار دەزانێت.

ئامریکا هەڕشەی لە ڕێژیمی ئێران کردووە کە هەر چەشنە هێرشێکی ئێران یان گرووپە نیابەتییەکانی کە بە ئامریکاییەکان یان هاوپەیمانەکانی زیان بگەیەنێت، لەگەڵ وڵامی ئامریکا ڕووبەڕوو دەبێتەوە.