کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێنتاگۆن: هەزار سەربازی دیکەی ئامریکایی بەرەو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین بەڕێ دەکرێن

13:40 - 28 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: بە ڕازیبوونی کۆشکی سپی، هەزار سەربازی دیکەی ئامریکایی، بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەنێردرێن.

بەرپرسی وەزارەتی بەرگریی ئامریکا، ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی جۆزەردان ڕایگەیاند: "بە داواکاریی "سێنتکام"، ستادی فەرماندەیی ناوەندیی ئامریکا، هەزار سەربازی دیکەی ئامریکایی، بە مەبەستی بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی ئامریکا، بەرەو ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڕێ دەکەین."

لەمبارەوە، "پاتریک شاناهان" لە ڕاگەیندراوێکدا وتوویەتی: "بە هۆی داواکاریی سێنتکام و پاش ڕاگۆڕینەوە لەگەڵ ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئامریکا و ڕاوێژ لەگەڵ کۆشکی سپی، بڕیارە هەزار سەربازی دیکەی ئامریکایی بۆ ناوچەکە ڕەوانە بکرێن."

بەرپرسی وەزارەتی بەرگریی ئامریکا ڕایگەیاندووە: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بە دوای شەڕدا نییە و ڕەوانەکردنی هێزی دیکەی ئامریکایی بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بۆ دڵنیابوون لە ئەمنییەتی هێزە سەربازییەکانی ئامریکایە کە لە سەرتاسەری ناوچەکەدا بۆ بەرگری لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئامریکا جێگیر کراون."

"پاتریک شاناهان"، لەنێو قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کردووە کە دوایین هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران، بەڵگەیەکن بۆ ئەو زانیارییانەی کە ئێمە لەسەر هەڕەشەکانی ئێران و گرووپەکانی سەر بەو ڕێژیمە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئامریکا هەمانە."

بەرپرسێکی ئەمنییەتیی ئامریکا، کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بێت، لەمبارەوە بە هەواڵدەریی ڕۆیتێرزی  وتووە: "ئەم هێزە نوێیانەی کە بۆ ناوچەکە ڕەوانە کراون، لە بوارەکانی بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیارییە ئاسمانییەکان، چاوەدێری و ناساندندا شارەزان، کە دەتوانن لە دیاریکردنی مەترسی و هەڕەشەکان و هەڵگرتنی وێنە و زانیارییە هەستیارەکاندا یارمەتیدەر بن." 

شایانی باسە، یەکەمجار لە ٣ی جۆزەردانی ئەمساڵدا، هەزار و ٥٠٠ سەرباز و نیزامیکاری ئامریکایی بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕەوانە کران و ناردنی هەزار سەربازی دیکە، پاش هێرش بۆ سەر دوو نەوتکێش لە دەریای عوماندا هاتووەتە ئاراوە، کە ئامریکا لەم پەیوەندییەدا، ڕێژیمی ئێران بە بەرپرسیار دەزانێت.