کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێنج ملیۆن قوتابی لە ئێران لە خوێندن دوا دەکەون

18:13 - 14 گەلاوێژ 2720

وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، پێنج ملیۆن قوتابی لە ئێران بەهۆی نەبوونی مۆبایل و تەبلێت و بەشداری نەکردنیان لە پۆلە ئانلاینەکان، مەترسیی دواکەوتن لە خوێندنیان لەسەرە.

ڕۆژی سێشەممە ١٤ی گەلاوێژ، "ڕزوان حەکیمزادە" بەرپرسێکی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم وتوویەتی: "نزیک بە پێنج ملیۆن قوتابی لە دەسپێڕاگەیشتن بە مۆبایل و تەبلێت بێبەرین و لە خوێندن بەجێ دەمێنن".

زۆرترین ڕێژەی قوتابییە بەجێماوەکان لە خوێندن خەڵکی پارێزگای سیستان و بەلووچستانن.

لە ماوەی ساڵانی دواییدا دەسپێڕاگەیشتن بە ئینترنێت لە ئێراندا گەشەی کردووە، بەڵام هەنووکەش ٢٠ لەسەدی گوندنشینەکان لەو خزمەتگوزارییە بێبەرین.

لە دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە ئیران، وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمی ئێران، خوێندنی لە قوتابخانەکانی ئەو وڵاتەدا بە شێوەی ئانلاین و لە ڕێگەی مۆبایل و تەبلێتەوە ڕاگەیاند، بەڵام ئەو کارەی ڕێژیم تەنیا بە زیانی قوتابییانی هەژار و دەستکورت تەواو دەبێت.