ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٦ی سەرماوەز، پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی دەستی پێ کرد و لە خولی ئەمساڵدا ١٤٣ فیلم کە بەرهەمی ٣٥ وڵاتن نمایش دەکرێن. چالاکییەکانی ئەم فێستیڤاڵە بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ بەردەوام دەبن.
"شەهێن سابیر" بەرپرسی ڕاگەیاندنی فیستیڤاڵەکە بە ڕووداوی ڕاگەیاند: "ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو لەسەر دوو مژار كار دەكەین، یەکێکیان جیهانییە کە هۆشیاریی ژینگەییە، پەیامێكی جیهانیمان لە ئاست هەستكردن بەو مەترسییە گەورە هەیە کە ڕووبەڕووی ژینگە و مرۆڤایەتی دەبێتەوە".
ناوبراو زیادی کرد: "مژاری دووەم کە لە فێستیڤاڵدا کاری لەسەر دەکەین، تراژیدیای کۆچە، هەرچەند پرسێکی جیهانییە، بەڵام هاوكات لەگەڵ ئامادەسازی بۆ خولی پێنجەمی فێستیڤاڵ، دیاردەی كۆچ لەسەر ئاستی نێوخۆیی بووەتە بابەتێكی جیدی و خەم و كێشەیەكی گەورەیە و دەیان كێشە و مەترسیی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە، بە ڕادەیەک کە مەترسیی لەسەر ژیانی کۆچبەر دروست کردووە".
لە خولی ئەمساڵدا ١٤٣ فیلم کە بەرهەمی ٣٥ وڵاتن نمایش دەکرێن؛ لە فیلمە بەشداربووەکان، ٥٧ فیلمی کوردی و ٢١ فیلمی سینەمایی هەن. هەروەها ژمارەی خەڵاتەکانی فێستیڤاڵەکە ١٨ خەڵاتن و زۆربەی سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی هەڵسەنگاندنی فیلمەکان بیانین و ئەندامی کوردیشی تێدایە.
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی وەک زۆربەی فێستیڤاڵە سینەمایی و هونەرییەکان، لە ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢١ دوا خرا.