کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی کۆتایی پێ هات

11:24 - 3 بەفرانبار 2721

ڕێکەوتی ٢٥ی سەرماوەز پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی دەستی پێ کرد و لە خولی ئەمساڵدا ١٤٣ فیلم کە بەرهەمی ٣٥ وڵات بوون نمایش کران. چالاکییەکانی ئەم فێستیڤاڵە بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ بەردەوام بوو و ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢ی بەفرانبار کۆتایی پێ هات.

لە حەوتەمین و دوایین ڕۆژی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی، دەرهێنەران و ئەندامانی لیژنەکانی دادوەران بەسەر فەڕشی سووردا چوونە فێستیڤاڵەکە و ناوی براوەی خەڵاتەکانیان ئاشکرا کرد. 

لە خولی ئەمساڵدا ١٤٣ فیلم کە بەرهەمی ٣٥ وڵاتن نمایش کران؛ لە فیلمە بەشداربووەکان، ٥٧ فیلمی کوردی و ٢١ فیلمی سینەمایی هەبوون. هەروەها ژمارەی خەڵاتەکانی فێستیڤاڵەکە ١٨ خەڵات بوون و زۆربەی سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی هەڵسەنگاندنی فیلمەکان بیانی بوون و ئەندامی کوردیشی تێدا بوو.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی فیستیڤاڵەکە پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو لەسەر دوو مژار كار دەكەن کە یەکێکیان جیهانییە و باس لە هۆشیاریی ژینگەیی دەکات و مژاری دووەم کە لە فێستیڤاڵدا کاری لەسەر کرا، تراژیدیای کۆچ بوو.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی وەک زۆربەی فێستیڤاڵە سینەمایی و هونەرییەکان، لە ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢١ دوا خرابوو.