کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێویستیی هەبوونی حیزبی دێموکرات

19:25 - 18 گەلاوێژ 2718

عەلی سۆرانی

پاش حەفتا و سێ ساڵ بەسەر دامەزراندنی حیزبی دێموکراتدا، کاتێک بە کورتی و بە وردی لە سەرەتای دامەزاندنییەوە تا بە ئێستا ئاوڕێک لە مێژوو و خەباتی ئەم حیزبە دەدینەوە بە تەواوی بۆمان ڕوون ئەبێتەوە، ئەم حیزبە هەڵقوڵای ویست و خواستی ڕەوای نەتەوەیەکی بەشخوراو و لە هەمان کاتدا پێویستییەکی مێژوویی کوردستانە، لە پارچەیەکی دیار و بەرجەستەی ئەم نیشتمانە پارچەکراوەدا، بۆیە کەسانی نوخبە و دەرکەوتەی ئەم نەتەوە لە بەشە جیاجیاکانی  کوردستان لە گەشە و پێشکەوتنیدا بەشداربوون و ئەمە هێمایەکی زەقە بۆ گشتگیربوونی یەکەمین حیزبی مودێڕنی کوردستان؛ بەتایبەتی پاش دامەزراندن و ڕاگەیاندنی ئەم حیزبە هاوگرتوویی کورد لە یەکەمین دەسکەوتی مودێڕن و نەتەوەیی ئەم نەتەوە لە چوارچێوەی کۆمای کوردستاندا لە ساڵی ١٣٢٤ دەبێتە سیمبۆلی یەکیەتیی نەتەوەیەکی دابەشکراو.

بەشداری خەباتکارانی باشووری کوردستان بە ڕێبەرایەتی مەلا مستەفای نەمر وەک ژنڕاڵی کۆماری کوردستان و هەروەها هیوایەتی کوردانی ڕۆژئاوا و باکوور بۆ بەشداریی لەم خەبات و کۆمارەدا کە لە نووسراوەی نووسەران و شێعری شاعیرانی وەک جگەرخوێن خۆی دەنوێنێ، فاکتەرێکی بەهێزە بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییەی کە حیزبی دێموکرات هیوای هەموو خەڵکی کوردستان بووە.

ئەم بناخە پتەوەش ئەو ڕەواییە دەبەخشێ بە حیزب و کۆمارەکەی کە هێما و سیمبۆلەکانی تا بە ئەمڕۆش هێما و سیمبۆلی زیندووی نەتەوەی کورد بن. ئاڵای کوردستان و هێزی پێشمەرگە و سروودی نەتەوەیی ئەی رەقیب، بەڵگەی حاشاهەڵنەگری ڕەوایی و دایک بوونی حیزبی دێموکراتە کە ئێستاکەش وەک سەردەمی کۆماری کوردستان جێگەی فەخر و شانازیی نەتەوەیەکن و بۆ پاراستنی ئەم دەسکەوتە نەتەوەییانە تا بە ئێستا بە هەزاران ڕۆڵەی گیانفیدای ئەم نیشتمانە لە بەشە پارچەکراوەکانی کوردستاندا، بوون بە قوربانیی و بە خوێنی گەشی خۆیان درەختێکی هەزار ڕیشەیان ئاودێر کردووە و ئێستاش ڕۆژانە ڕۆڵەکانی ئەم نەتەوە بۆ پاراستن و پەرەپێدانی ئەم سیمبۆل و دەسکەوتانە گیانی شیرینی خۆیان، ئازایانە و ئازادانە بەخت ئەکەن؛ بەڵام بەداخەوە هەرکات لە بەشێکی کوردستاندا هاوگرتوویی نەتەوەیی بۆ بەدەسهێنانی مافی نەتەوەیی بەهێز بووە، لە هەمان کاتدا دوژمنانی کورد بە دانی بەڵێنی و تەماحی پارە و پۆست و دەسەڵات، نەفس نزمانی ئەم نەتەوەیان بۆ بەلاڕێدا و لەباربردنی دەسکەوتە نەتەوەییەکان هار و چاوچنۆک کردووە و ئەمەش لە سەردەمانی کۆنەوە تا ئێستا ئازارێکی کوشندەیە کە ئەم نەتەوە بە دەستییەوە دەناڵێنێ.

ڕەنگە ئەگەر تەماحی پارە و دەسەڵات و گەرەنتی قازانج و بەرژەوەندیی تاکەکەسیی هەندێ کەس نەبوایە، زۆربەی شۆڕشەکانی کورد نەزۆک نەدەبوون و شکستیان نەدەخوارد. لە ئاژاوەی ئایینی و جیاوازیی زاراوەیی و هەندێ جار عەشیرەیی و تایفەییەوە تا بیانووی ئیدئۆلۆژیکی و شەڕی "ئیسمەکان"، هەر هەموویان بەڵای ماڵوێرانکەری ئامانجە باڵاکانی ئەم نەتەوە بوون. پاشای ڕەواندز بە پیلانی ئاینیی مەلای خەتی شکستی هێنا و کۆماری کوردستان بە بەرتیل و پارە و وادەی پۆستی دەوڵەتی بە هەندێ کەسی قازانجپەرەست.

ئەم ڕەوتە تا بە ئێستاش بەرۆکی ئەم نەتەوەی بەرنەداوە و بەردەوام نوێ ئەبێتەوە. بەس ئەم خەسارە نێوخۆییە هەرگیز نەیتوانیوە ئیرادەی ئەم نەتەوە بە چۆک دابێنێ. دوژمن هەرگیز بیری نەدەکردەوە کە پاش فرۆشتنی دەسکەوتەکانی کۆمار و سەربەخۆیی حیزبی دێموکرات، شەریفزادە و هاوڕێکانی بۆ ماوەی ۱٨ مانگ، دەسەڵاتی زاڵ لە تارانی تا بنی ددان تەیار لە چەک و چۆڵ و پشتیوانی دەرەکی وەزاڵە بێنن. دام و دەزگا بەهێزە زانیارییەکانی دوژمن هەرگیز لەو بڕوایەدا نەبوون کە حیزبی دێموکرات لە کورتترین کاتدا خۆی بەهێز و بەئەژمار دەکاتەوە، هەر بۆیە پاش شۆڕشی گەلانی ئێران قەت لەو خەیاڵەدا نەبوون کە حیزبی دێموکرات بە ڕێبەرایەتی قاسملووی نەمر، بەشێکی بەرچاو لە خاکی داگیرکراوی کوردستان ڕزگار بکات و تەنگ بە سوپای خومەینی هەڵچنێ. دیارە دیسان ئەم جارە نەیاران بە چەکی ئیدئۆلۆژی بەرەنگاری حیزب دەبنەوە جگە لە شەڕێکی سەرانسەریی، شەڕێکی ناڕەوای نێوخۆییشی بەسەردا دەسپێنن.

کاتێ دەبینن هیچکام لەم پیلانانە ناتوانێ پێش بە نفووزی حیزب بگرێ، دیسان بە پارە و وادەی دەسەڵات، تاقمێکی فریوخواردو لە حیزب بە ڕێبەریی مامە غەنی و هەندێ فریوخواردووی دیکە وەک فاڕووقی کەیخوسرەوی هان دەدا، تا حیزب تووشی چەڵەمە بکەن. دیارە ئەم فاکتانە تەنیا بۆ سەلماندنی ئەم بابەتەن کە هەر کات بزووتنەوەیەکی کوردی بەهێز دەبێ دوژمنان ناجوامێرانە لە خۆی پوازی بۆ دائەتاشن.

لەملاشەوە، دوژمنانی کورد پاش بریندار کردنی جەستەی حیزب بە تێرۆری ڕێبەرانی هەڵکەوتوو و بە دەیان کادر و پێشمەرگەی بەرجەستەی ئەم حیزبە و هەروەها دابڕان و زیندووکردنەوەی جاش و جاشایەتی و بەستنی کۆنگرەی پێشمەرگە موسوڵمانەکان زۆر هەوڵی دا بە خەڵکی کوردستان بڵێ چیدی حیزبی دێموکرات نەماوە و سەرمایەی زۆریشی لەم بوارەدا تەرخان کرد، بەڵام ڕاسان و ڕاسانییەکان لەپێش چاوی هەمووان و بە ئاشکرا ڕایانگەیاند و سەلماندیانەوە کە حیزبی دێموکرات درەختێکی هەزار ڕیشەی سەرما و گەرما چێشتووە کە بە پیلانی دوژمنان هەرگیز وشک نابێت.

بۆیە لەم قۆناخە هەستیارەدا کە دوژمنانی کورد لە چوار دەوری کوردستان خەریکی پیلان داڕشتن بۆ زەربەلێدان لە کوردن، ئەرکی سەرشانی هەموو تاکێکی کوردە کە پاڵپشتیی لە دۆزی ڕەوای نەتەوەکەی بکات. بە تایبەتیش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەشی ژێردەسەڵاتی رێژیمی ئێران فەڕزە لەسەر پیر و جەوان و کوڕ و کچی کورد، لە ڕاسانی نەتەوەیەکی بەشخوراو بە ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکرات پشتیوانی بکەن و بەشداری ڕاسان بن تا حیزبی دێموکرات و ڕاسان لە هەیمەنەیەکی بەهێز و قەبارەیەکی بەبڕشت و یەکگرتوو، پیلانەکانی دوژمنی کورد بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دیوی ئێران بۆ تەفریس و پاکتاویی نەتەوەیی، پووچەڵ بکاتەوە.

ڕاسان ئیرادەی نەتەوەیەکە بۆ بەگژداچوونەوە و پووچەڵ کردنەوەی پیلانەکانی دوژمن؛ لەم حاڵەتەدا کوڕان و کچانی کوردستانی ڕۆژهەڵات ئەرکی سەرشانیانە لەباتی ئەوەیکە خزمەتی سەربازیی بۆ ڕێژیمی خومەینی و ئاخووندەکانی تینوو بە خوێنی کورد بکەن، بەبێ هیچ دڕدۆنگییەک بێنە ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات و بە کردەوە بۆ دوژمنی بسەلمێنن کە حیزبی دێموکرات، دیاردەیەکی کاتیی نەبووە لە مێژووی خەباتی کورددا، بەڵکوو پێویستیی و ڕەواییەکی مێژوویی و نەتەوەییە کە هەردەم لەپێناو خاکی کوردستاندا ئامادەی خەبات و گیانفیداییە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.