کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێوەری چارەڕەشی لە ئێران دوو بەرابەری ساڵی پێشووە

17:56 - 22 پووشپەڕ 2720

لە دوای چوونە سەرەوەی نرخی بێکاری و هەڵاوسان لە ئێران، پێوەری چارەڕەشی گەیشتە ٤٥ لەسەد کە ئەمەش بەنیسبەت ساڵی ڕابردوو دوو بەرابەر زیاتر بووە.

بە وتەی بەرپرسانی ڕێژیم، لە دوای هەڵاوسان و چوونەسەرەوەی نرخی بێکاری، ڕێژەی خۆشبژێوی بە ڕادەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و لە هەمان کاتدا پێوەری چارەڕەشی دوو هێندە بووە.

بەهاری ١٣٩٧ی هەتاوی، ڕێژەی چارەڕەشی ٢٠.٣ لەسەد بووە و بەپێی دوایین ئامارەکانی ڕێژیم  پێوەری چارەڕەشی لە زستانی ساڵی پێش، ٤٥ لەسەد بووە.

ئەو ئامارانە دەریدەخات کە بارودۆخی خەڵکی ئێران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر دەبێت و چارەڕەشی، بێ دەرەتانی، هەژاری، بێکاری و هەڵاوسان تەنگی پێیان هەڵچنیوە.

لە ماوەی دەسەڵاتداریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەتا ئێستا، سیاسەتی برسیکردن و هەژارکردنی خەڵکیان گرتووە پێش و بەتاڵانبردن و ڕووتاندنەوەی خەڵکی هەژاری ئێران، گوزەرانی خەڵکیان بە شێوەیەکی کارەساتبار تاڵ کردووە.

ئێران لە بواری سامانە سروشتییەکان، کانزا، شوێنی گەشتیاری و مێژووییەوە یەکێک لە دەوڵەمەندترین   وڵاتانی ناوچەکە و جیهانە، بەڵام ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران سیستەمێکی گەندەڵکارە و خەڵکی ئێران لە خراپترین دۆخدان و ئێران یەکێک لە خەمۆکترین وڵاتانی جیهانە.