کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێکناکۆکیی قسەکانی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لە وتووێژ لەگەڵ ئامریکا

13:05 - 17 جۆزەردان 2720

لە حاڵێکدا کە هەندێک لە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران وەکوو ''عەلی شەمخانی''، بەرپرسی شورای باڵای ئەمنییەتی ڕێژیم هەر چەشنە وتووێژ لە نێوان ئیران و ئامریکا بۆ ئاڵۆگۆری زیندانییان ڕەت دەکەنەوە، ''عەباس مووسەوی'' ڕۆژی هەینی ١٦ی جۆزەردان دیداری '' بیل ڕیچاردسۆن'' لەگەڵ ''محەممەد جەواد زەریف'' لەبارەی ئازادکردنی زیندانییانی ئامریکای پشتڕاست کردەوە.

''عەلی شەمخانی'' ڕۆژی هەینی لە پەیامێکی تویتێریدا سەرەڕای ڕەتکردنەوەی قسەکانی سەرکۆماری ئامریکا جەختی کردەوە کە لە داهاتووشدا هیچ وتووێژێک لەنێوان تاران و واشنتۆن ئەنجام نادرێت.

ناوبراو وتوویەتی کە ئاڵوگۆڕی زیندانییان لەم دواییانەدا، لە ئاکامی وتووێژ لەگەڵ ئامریکا نەبووە و هیچ وتووێژێک لە ئارادا نابێت.

لەلایەکی دیکەوە، ''عەباس موسەوی'' وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، چاوپێکەوتنی ''بیل ڕیچاردسۆن'' فەرمانداری پێشووی ئامریکا لەگەڵ ''محەممەد جەواد زەریف''، لەبارەی زیندانییانی ئامریکایی پشتڕاست کردووەتەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی جۆزەردان، ''مایکێل وایت'' هاووڵاتیی ئامریکایی کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بە تۆمەتی ئەمنییەتی و هەروەها سکاڵای تایبەت بە زیندان مەحکووم کرابوو، ئازاد کرا.

''زەریف'' حەوتووی ڕابردوو پشتڕاستی کردەوە کە ئامریکا ڕەزامەندیی دەربریوە لە بەرامبەر ئازادیی ''مایکێل وایت''، یەکێک لە شارۆمەندانی ئێران ئازاد بکات.

ئەوەیکە جێگای سەرنجە کاربەدەستانی ڕێژیم لەسەر ئەم بابەتانە قسەی یەکتر ڕەت دەکەنەوە و لێدوانی ناڕاست دەدەن، بە جۆرێک وا پیشان دەدرێت کە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران هیچ چەشنە هاوهەڵوێستییەکیان نییە و ئەمەش دژایەتییەکانی نێوان کاربەدەستانی ڕێژیم زیاتر دەردەخات.