کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێکهاتەی نوێی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەسندکراوی کۆنگرەی ١٦هەم

14:23 - 17 رەشەمه 2717

بڕیارنامەی پێکهاتەی نوێی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەسندکراوی کۆنگرە ١٦هەم

سەرەتا


ئەگەر ئاورێک لە جۆری حیزبە سیاسییەکان بدەینەوە، دەبینین لە مێژووی هاوچەرخدا حیزب و رێکخراوی سیاسیی جیاواز سەریان هەڵداوە و هەر یەک لەمانە بە شێوەیەک لە کۆمەڵگادا دەرکەوتوون. هۆی سەرەکیی جۆرایەتی و فۆرمی هەرکام لە حیزبەکانیش هەڵقوڵاوی ژینگە و بەستێنە کۆمەڵایەتی، کلتووری، سیاسی، ئابووری و قۆناخە زەمەنییەکانی ئەو شوێنەن کە حیزبی سیاسی لێیانەوە سەری هەڵداوە و هەوڵ دەدا رێکیان بخاتەوە.

ئەم قاعیدەیە دەربڕی ئەم راستییەیە کە بە گۆڕان لە هەر یەک لەو بەستێنانەدا، حیزبی سیاسیش بەمەبەستی بەردەوامیدان بە خەباتەکەی، گۆڕان بەسەر پێکهاتە و سیستمی بەڕێوەبەری و رێکخستنەکەیدا دێنێت و گۆڕان لە حیزبی سیاسیدا بەرەو نێو کۆمەڵگاش شۆڕ دەبێتەوە و کاریگەرییان لەسەر یەک هەیە.

بە هاتنە کایەی سەردەمی بە جیهانیبوون، ئیتر زۆر ئەستەمە کە ئاستی باندۆری ناوخۆیی و دەرەکی لەسەر حیزبەکان لەیەکتر جیا بکەینەوە. ئەمە واتای ئەوە دەگەیەنێ کە حیزبی سیاسی رووبەرووی جیهانێک بووتەوە کە لەوێدا کۆمەڵگا و تاکەکان لە دونیایەکدا دەژین کە هەموو بوارەکانی ژیان بەجۆرێک ئاوێتەی یەک بوون و کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەیە. هەر بۆیە حیزب و رێکخراوی سیاسی لە وەها بارودۆخێکدا بەرەورووی ئەو پرسیارە دەبێتەوە کە چۆن دەبێتە فۆرم و مانیفێست و، پێکهاتەی خۆی چۆن رێکدەخات کە وڵامدەری پێویستییەکانی سەردەم بێت؟

حیزبی دێموکرات بە هەڵبژاردنی گوتاری ڕۆژهەڵاتی نوێ و گرێدانی خەباتی شار و شاخ هەستی بەوە کردووە کە دەبێ بە شێوازی دیکە و بیرکردنەوەیەکیتر بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەنگاو هەڵبگرێتەوە. واتا، حیزبی دێموکرات دەرکی بەم راستییەی کردووە کە لە جیهانێکی جیاوازدا، دەبێ ئاراستەی خەباتی داهاتووی و، ڕەوتی گۆڕان لە نێوخۆیدا بەرەو ڕاستییەکانی سەردەم و گەیشتنی خێراتری بە کۆمەڵگا و تاکەکان و هەوڵ بۆ گۆڕینی واقیعەکان بباتە پێش.

پێویست بوو حیزبی دێموکرات ئەو پرسیارە لە خۆی بکات کە کامە پێکهاتە یان فۆرم دەتوانێ لەگەڵ گوتار و ئێستای خەباتیدا یەکانگیر بێت؟ لەم سونگەوەیە کە بیر کردنەوە لە ساختاری حیزب وەک زەروورەت و پێویستییەک وایە و، دەبێ حیزبی دێموکرات لە دەلاقەی ئەم زەروورەتەوە ئاوڕ لە فۆرم و پێکهاتەی خۆی بداتەوە. سیستمێکی نوێی ئەوتۆ کە هەڵگری رێکاری سەردەمییانە، رۆڵی بزوێنەرانە، رێکخەری تواناکانی جەماوەر و ئەندامەکانی حیزب بێ لەپێناو خەباتی جەماوەریی شار بە پاڵپشتی هێزی شاخ.

حیزبی دێموکرات و فۆرم و پێکهاتەکەی

لە دامەزرانی حیزبی دێموکراتەوە تاکوو ئەمرۆ، بەردەوام گۆڕان بە سەر گوتار و روانینی سیاسیی حیزبدا هاتووە، بەڵام ڕادەی گۆڕان بە سەر فۆرم و پێکهاتەی ئەم حیزبەدا زۆر لاواز بووە. تەنیا لە سەردەمێکدا نەبێ کە دوای کۆنگرە دووهەمی حیزب و لە دەیەی پەنجای هەتاویدا کە دوکتۆر قاسملو باس لە پێویستیی بوونی بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆی حیزب دەکا و فۆرم و پێکهاتەیک بە حیزبی دێموکرات دەبەخشی کە بۆ ئەو سەردەمە شۆڕشێک لە کۆمەڵگای دواکەوتووی کوردستاندا بوو. لەو ئەزموونە بەنرخە زیاتر، گۆڕانێکی ئەوتۆ لە پێکهاتەی حیزبی دێموکراتدا نەدەبینرا. دیارە کەمیی تەمەنی کۆمار، کەمیی تەمەنی شۆڕشی ٤٦-٤٧ و یەکانگیری فۆرمی حیزب لە سەردەمی پێش و دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و کاریگەریی و ئاسەواری سێ جار دابرانەکانی نێو رێکخستنی حیزب وایکرد کە کەمتر گۆڕینی فۆرم و پێکهاتەی حیزبی دێموکرات دەرەتانی پێ بدرێ. بۆیە ئەوەی ساڵانێکە وەک پێکهاتەی حیزبی دێموکرات لە بەردەستدا بوو، لە سەردەمانێکەوە جێگیر بوو کە هەرچەند بۆ کاتی خۆی فۆرمێکی سەردەمیانە و کردارێکی شۆڕشگێڕانە بوو، بەڵام ئیتر نەیدەتوانی بۆ قۆناخی ئێستا وڵامدەر بێ و ڕۆڵی بزوێنەری حیزب لە نێو کۆمەڵگادا ساز بکات. هەر بۆیە، لە ساڵانی رابردووشدا زۆرێک لە زەروورەتەکانی گۆڕانكاریی له‌ پێکهاتەی حیزب خرابوونە بەر باس و بەتایبەت لە کۆنگرەکانی چواردە و پازدەشدا بەجۆرێک ئاماژە و پێداگریی لەسەری کرایەوە، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا زۆر لەو هۆکار و توخمە سەرەکییانە هاتبوونە ئاراوە کە ئەو ڕاستییەمان بۆ ئاشکرا بکەن کە حیزبی دێموکرات پێویستی بە گۆڕانی بنەرەتی لە فۆرم و پێکهاتەیدا هەبو.

بۆ دەبوو ئەم پێکهاتەیە بگۆڕێت؟

هەر وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، ژینگەی کۆمەڵایەتی، سیاسی، کلتوری و ئابووری، ئەو بەستێنە سەرەکییانەن کە وا دەکات رێکخراوی سیاسی لە پانتایی جوگرافیای خەباتیدا ناچار بە رێکكەوتن یان خۆ رێکخستن لەگەڵیدا بکات. ئەم ژینگەیە دەتوانێ وەک گوشارێک دەربکەوێ و دەتوانێ وەک ئیدارەکردنیش خۆی بنوێنێ. گوشار ئەو کاتەیە کە رێکخراو نەیهەوێ خۆی بگۆڕێت و لە دواجاردا ناچار تووشی کێشەی دەکات یان هاوسەنگی رێکخراوەکە تێک دەدا. کاتێک گۆڕین لە رووی ناچارییەوە بێ، لەو کاتەدا ئەگەری ئەوەی رێکخراو بتوانێ لەگەڵ گۆڕینە نوێیەکەدا خۆی رێکبخات ئەستەم دەبێ یان تووشی کێشە و تێچووی زۆر دەبێتەوە.

لەلایەکیترەوە کاتێک گۆڕینی پێکهاتەی حیزب لە رووی ئیدارەکردنەوە بێ، مانای ئەوە دەدات کە رێکخراو هەموو کێشەکان و راستییەکانی دەرووبەری خۆی دەبینێ و لە ئەنجامدا دەیهەوێ خۆی لەگەڵیان رێکبخات و لەو رێگەوە دەتوانێ ئیدارەی جۆری گۆڕینی خۆی بکات. لە وەها حاڵەتێکدا ئەم گۆڕینە، پرۆسەیەکی زۆر ئاساییە و رێکخراوی سیاسی بە تێگەیشتن ولێکدانەوەی دروستی بابەتە پێوەندیدارەکانی سەردەمی خەباتی، دەزانێ لەپێناو ئامانجەکانیدا، پێویستە چۆن و بەرەو کوێ بڕوات.

کاتێک حیزبی سیاسی تێگەیشتنی واقعبینانەی لە ژینگەی سیاسی، کلتوری، ئابوری و کۆمەڵایەتیی خۆی هەبێ، هەوڵدەدا لە خۆگونجاندن لەگەل راستییەکان بە زووترین کات ئەم گۆڕانە بۆ داهاتووی خۆی بکاتە سەرمایە و، لەم رێگایەوە تواناکانی خۆی پێ بەرێتە سەرێ. لەلایەکیترەوە کاتێک حیزبی سیاسی بڕیاری گۆڕینی فۆرم و پێکهاتەی خۆی دەدات کە خاوەن گوتار و مانیفێستێکی دیاریکراوی خۆی بێ و لە بواری جۆری بیرکردنەوەوە هەڵگری بنەمایەکی هزری و ستراتژییەک بێ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی.

هەلومەرجی حیزبی دێموکرات

وەک دەزانین پێویستییەکانی گۆڕینی پێکهاتەی حیزبی دێموکرات ساڵانێکە کە سەریان هەڵدابوو. بەڵام گۆڕینی پێکهاتەی حیزب لەو کاتەدا گەیشتە لووتکە کە حیزبی دێموکرات دوای دوو دەیە بڕیاری دا ئیتر لەمەو بەدوا، بوون و خەباتی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بە شێوەیەکی نوێ و بەرین پەرە پێبدات و هاوتەریب لەگەل بارودۆخی سیاسی نێو خۆ و گۆڕانکارییەکانی ناوچە، بتوانێ تواناکانی خۆی لە قۆناخی جێگرتووی پێشووەوە، بەرەو قووڵایی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان بگوازێتەوە و ڕاسانی ڕۆژهەڵات بکاتە مێژوویەکی نوێ بۆ خەباتی ئەم قۆناخەی جووڵانەوەکەمان لەپێناو رزگاریی نەتەوەیی و نیشتمانیدا.

بۆ ئەوەی حیزبی دێموکرات بتوانێ هەلومەرجە نوێیەکە بەڕێوەبەرێت، پێویستیی بە گۆڕینی پێکهاتە و سیسیتمی رێکخراوەیی خۆی هەبوو تاکو لەم ڕیگەیەوە پێکهاتەی نوێی حیزب لەگەڵ گوتار و ستراتیژییەکه‌ی رێکبخات و بەم گۆڕینەی، هەلومەرجێک بەرەوپێش ببات کە ساختاری پێشووی نەیدەتوانی وڵامدەری بێت.

هەروەک لە باس و دیالۆگە نێوخۆییەکانی حیزب سەبارەت بە گۆڕانکاری لە پێکهاتەی حیزبدا ئاماژەی پی کرابوو و لە پێشنیارەکانی سەبارەت بە چۆنیەتیی ئەو گۆڕانکاریانەشدا هاتبوو، بە وردی باس لە کێشە و گرفتە تەشکیلاتی و سیستمیەکانی پێکهاتەی پێشووی حیزب کرابوو و بەدوای گەڕان بۆ رێگا چارەی ئەو گرفتانەدا، کۆنگرەی شازدەیەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەم بڕیارنامەیەی پەسند کرد تاکوو سیستمی ئۆرگانیزاسیۆنی حیزب لە سەر ئەم بنەمایە دابڕێژرێ و ببێ بە سیستمێک لە کاری حیزبی کە هەموو تواناکان خۆیانی تێدا ببیننەوە و گرفت و کەموکووڕیەکانی تارادەی ئیمکان چارەسەر بکرێن.

سیستمی نوێی حیزبی

بنەما و پێوەری سەرەکی ئەم پێکهاتە نوێیەی حیزب خۆی لە دێموکراتیزە کردن ، دابەشکردنی ئەرک و دەسەڵاتەکانی ڕێکخستنی گشتی حیزبدا دەبینێتەوە کە لە چەند ئۆرگانی هاوسەنگ پێک دێن. هەندێک لە ناوەندە بەڕێوەبەرییەکان کە رۆڵی دیاریکەری سیاسی و ستراتیژیکیان هەیە، بە شێوەی هەڵبژاردن دادەمەزرێن. هەندێک لە دەسەڵات و بەڕێوەبەرییەکانی دیکەش( پێشمەرگانە و راوێژکاری و....، تایبەتمەندن بە بنەمای پسپۆری و روانگەی داهاتوو بینیەوە، هەروەها پێویستییان بە گیان و خوێنێکی نوێ هەیە)، لە چوارچێوەی یاسا پەسند کراوەکاندا دەستنیشان دەکرێن و بەم چەشنە ئەم دوو بژاردەیە تەواوکەری یەکتر دەبن.

کۆنگرەی حیزب

ـ کۆنگرەی حیزب بەرزترین ئۆرگانی حیزبە کە لە سەر بنەمای پێڕەوی نێوخۆ هەر چوار ساڵ جارێک دەبەسترێ.
کۆنگرە ستراتیژی و سیاسەتە گشتییەکان، بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆی حیزب پەسند دەکا و ڕێبەرایەتیی نوێ هەڵدەبژێرێ.
کۆنگرەی حیزب لە ئەندامانی ناوەندی سیاسی، دەستەی کارگێڕی، هەروەها ئەندامانی هەڵبژێردراوی کۆنفرانسەکانی ئۆرگانە سیاسی و بەڕێوەبەرییەکانی حیزب، و ئەندامانی حیزب لە دەرەوی وڵات و لە کوردستان بەپێی کارنامەی کار و پێوەرە دیاریکراوەکان پێکدێ.

تێبینی:

یەکەم ـ کۆبوونەوەی هاوبەشی ناوەندی سیاسی و دەستەی کارگێڕی دەتوانێ ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئۆرگان و هەروەها ئەندامانی حیزب کە بەپێویستی بزانێ راستەوخۆ بباتە کۆنگرە. بەو مەرجەی کە ئەو کەسانە پێش لە کۆنفرانسەکان دیاری بکرێن و لە کۆنفرانس بەشدار نەبن. هەروەها ژمارەی ئەندامانی هەڵبژێردراو بۆ کۆنگرە دەبێ لانیکەم دو بەرابەری ژمارەی ئەو ئەندامانی کۆنگرە بێ کە راستەوخۆ دەچنە کۆنگرە.
دووهەم ـ لە حاڵەتێکدا کە ناوەندی سیاسی و دەستەی کارگێڕی بەپیویستی بزانن کۆنگرە زووتر لە ماوەی دیاریکراوی چوار ساڵ، دەگیردرێ.
ناوەندی هەڵبژاردن بەرپرسی پێکهێنان و بەڕێوەبردنی کۆنفرانس و هەڵبژاردنەکانە.

ئەرک و دەسەڵاتەکانی کۆنگرە بریتین لە:

-کۆنگرە ستراتیژی و سیاسەتە گشتیەکان و بەرنامە و پێڕەوی حیزب پەسند دەکا.
ـ کۆنگرە ژمارەی پێویستی ئەندامانی ناوەندی سیاسی پەسند دەکا و هەڵیان دەبژێرێ.
ـ کۆنگرە لێپرسراوی گشتیی حیزب کە بەرپرسی دەستەی کارگێڕییە، هەڵدەبژێرێ.

ناوەندی سیاسی

ئەم دەزگایە وەک ناوەندی سیاسی و یاسا دانەری حیزب، ئۆرگانی دارێژەری سیاسەتە گشتییەکانی حیزب لە چوارچێوەی بڕیار و ستراتیژی و بەرنامەی پەسندکراوی کۆنگرەدایە.

کۆبوونەوەکانی ناوەندی سیاسی بە بەشداریی 2/3 ی ئەندامەکانی ڕەوایی پەیدا دەکا و بریارەکانی بە دەنگی زۆرینەی نیوە کۆ یەک کەسی بەشداران پەسند دەبن.

ئەرک و دەسەڵاتەکانی ناوەندی سیاسی:

- هێڵە سیاسییەکانی حیزب لە چوارچێوەی بڕیارەکانی کۆنگرەدا دادەڕێژێ و پەسند دەکات.
- یاسا و رێساکانی ئۆرگانە کارگێرییەکانی حیزبی پەسند دەکا.
- دەسەڵاتی دامەزراندن یان هەڵوەشاندنەوەی ئۆرگانە حیزبییەکانی لە ڕێگەی یاسا و رێسا پەسەندکراوەکان و بە پێشنیاری دەستەی کارگێڕییان دەبێت.
- چاوەدێری و پێداچوونەوە بەسەر بەڕێوەچوونی ئاییننامەکانی دەستەی کارگێڕی، دەزگاکانی بەدواداچوون و چاودێری و، هەڵبژاردن و لێپرسراوی گشتی دەکا.
- بەرپرسی پەسندکردنی پێکهێنانی هاوپەیمانی، یان پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ لە پێوەندیی لەگەل حیزب ولایەنە سیاسییەکانە.
- ئەندامانی پێشنیاریی لێپرسراوی گشتی بۆ دەستەی کارگێڕی پەسند دەکات.
- لە رێگای دەزگای بەدواداچوون و چاوەدێری، چاوەدێری بە سەر کاری لێپرسراوی گشتی و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی دەکا.

تێبینی:

١- ئەگەر دەستەی کارگێڕی بە پێویست بزانێ کە ئۆرگانێکی حیزبی نوێ دامەرزێنێ یان ئەوەی کە یەکێک لە ئۆرگانەکانی حیزبی هەڵبوەشێنێتەوە دەبێ ئەو بابەتە لە لایان ناوەندی سیاسیەوە پەسەند بکرێت.
٢- لە حاڵەتی پێویستدا کە لێپرسراوی گشتیی حیزب توانای بەڕێوەبردنی ئەرکەکانی نەبوو، ناوەندی سیاسی دەتوانێ بە دەنگی 2/3 ی ئەندامانی متمانە لە لێپرسراو وەربگرێتەوە و بڕیاری لابردنی بدات.
٣- لە ئەگەری رووداوی نەخوازراودا کە لێپرسراوی گشتی لە ژیاندا نەما، یان لە کاتی ستاندنی متمانە لە لێپرسراوی گشتی، تا بەستنی کۆنگرە لە ماوەی ساڵێکدا، جێگری یەکەمی لێپرسراو گشتی ئەرکەکانی ئەو جێبەجێ دەکات.
٤- لە حاڵەتی ئەوەی کە جێگری لێپرسراوی گشتیش وڵامدەری ئەرکەکانی نەبێ، لە سەر پێشنیاری دەستەی کارگێڕی، بە پەسندی نیوە کۆ یەکی ناوەندی سیاسی، متمانەی لێ وەردەگیرێت و کەسێکی دیکە لە ناوەندی سیاسی، بە دەنگی نیوە کۆ یەک کەسی ئەندامانی ناوەندی سیاسی، بە جێگرەوە هەڵدەبژێردرێت و تا کۆنگرەی نائاسایی کە لە ماوەی ساڵیکدا دەبەسترێ بەرپرسایەتییەکانی لێپرسراوی گشتی بەئەستۆ دەگرێت.
٥ـ ئەندامانی ناوەندی سیاسی بەپێی پێوەرە دیاریکراوەکان، لە نێو نوێنەرانی کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی شارەزای حیزب لە بوارە جیاجیاکاندا لە کۆنگرە هەڵدەبژێردرێن.
٦ـ ئەندامانی ناوەندی سیاسی کاری ئیجراییان پێ ناسپێردرێ.
٧- ناوەندی سیاس لانیکەم دوو مانگ جارێک کۆبوونەوەیەک پێک دێنێ.
٨- ناوەندی سیاسی و دەستەی کارگێڕی بەمەبەستی پێکهێنانی هاوئاهەنگی لە نێوان ناوەندەکانی یاسادانان و بەڕێوەبەریدا ساڵانە لانیکەم دووجار کۆ دەبنەوە.
٩- دەستەی کارگێڕی بۆ بەرپرسی دەرەوەی وڵات و و هەرکام لە بەشە سەرەکیەکانی، پێشنیاری خۆی بەمەبەستی پەسندکردنیان دەدا بە ناوەندی سیاسی.
١٠- کەسانی پێویست بۆ ئەندامەتیی ناوەندی سیاسی لە دەرەوەی وڵات، لە لایەن کۆنگرەوە هەڵدەبژێردرێن.
١١- دەزگای هەڵبژاردن وەک دەزگایەکی خاوەن سەلاحیەت، کار دەکا و لە لایەن ناوەندی سیاسیەوە هەڵ دەبژێردرێ و بەرامبەر بە ناوەندی سیاسی بەرپرسیارە.
١٢- دەزگای بەدواداچوون و چاوەدێری، لە لایەن ناوەندی سیاسیەوە هەڵ دەبژێردرێ و وەک ئۆرگانێکی خاوەن سەلاحیەت چاوەدێری و پێداچوونەوە بە کارەکاندا دەکا و راپۆرتی خۆی بە ناوەندی سیاسی و دەستەی کارگێڕی دەداتەوە.

دەستەی کارگێڕی

لێپرسراوی گشتی حیزب کە لە کۆنگرەدا هەڵدەبژێردرێ بەرپرسی دەستەی کارگێڕیە و کارە بەڕێوەبەریەکانی ئۆرگانەکانی حیزب لەم ناوەندەدا بەڕیوە دەبردرێن.

لێپرسراوی گشتی، بەرپرسی نووسینگەی کارگێڕی و بەرپرسانی ئۆرگانە سەرەکیە کارگێڕیەکانی حیزب، دەستەی کارگێڕی پێک دێنن.

ئەرک و دەسەڵاتەکانی بریتین لە:

- بریارەکانی کۆنگرە وناوەندی سیاسی جێبەجێ دەکات.
- بەرامبەر بە ناوەندی سیاسی وەڵامدەرە و راپۆرتی کاری خۆی پێ دەدات.
- پێشنیاری ئۆرگانەکان بۆ دیاریکردنی هاوکارەکانیان پەسند دەکات.
- دەستەی کارگێڕی بە شێوەی رێکوپێک کۆبوونەوە دەگرێ و بە جەمعی بڕیار دەدا.
- ئەندامانی دەستەی کارگێڕی، تەواووەخت لە خزمەتی حیزبدا دەبن و بە گوێرەی پێوەرە پەسندکراوەکان پێشنیار دەکرێن.

تێبینی:

- ئەگەر دەستەی کارگێڕی بە پێویست بزانێ کە ئورگانێکی نوێ بۆ حیزب دامەزرێنێ، یان یەکێک لە ئورگانەکانی حیزب هەڵوەشینێ، دەبێ ئەو بریارە لە لایەن ناوەندی سیاسیەوە پەسەند بکرێت.
- یەکەی کارگێڕی لە دەرەوەی وڵات بەپێی پێوەرەکان و بە پێشنیاری دەستەی کارگێڕی و پەسندی ناوەندی سیاسی دیاری دەکرێ.
- ناوەندی رێکخراوە دێموکراتیک و مەدەنیەکان بە گوێرەی یاسا و رێسای رێکخراو، گرینگییان پێ دەدرێ و لە چوارچێوەی دەستەی کارگێڕیدا کارەکانی رێک دەخرێت.

لێپرسراوی گشتی و ئەرک و دەسەڵاتەکانی

- لێپرسراوی گشتی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی حیزبە و لە کۆبوونەوەکانی ناوەندی سیاسی بە مافی دەنگدانەوە بەشدار دەبێ.
- هەماهەنگی و تەبایی لە نێوان بەشە سەرەكییەکانی حیزب پیكدێنێت.
- دەربڕی ڕاوبۆچوون و سیاسەتەكانی حیزبە. دەتوانێ وتەبێژێک بۆ دەربڕینی بۆچووونی حیزب دیاری بکا.
- بەرێوەبردنی كۆبوونەوەكانی دەستەی کارگێڕیی لەئەستۆیە.
- پاراستنی یەكیەتی ڕیزەكانی حیزب، لە ئەستۆی هەموو ئۆرگانەکانی حیزب و بەتایبەت یەکێک لە ئەرکەکانی لێپرسراوی گشتیە.
- لیژنەیەکی سێ کەسی کە جێگری یەکەمی لێپرسراوی گشتیش یەکێک لە ئەندامی دەبێ، بەرپرسی دارایی و چالاکییە ئابورییەکانی حیزبە.
- فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەیە. رێکخستنی هێزی پێشمەرگە بە پێی هەلومەرج بە پێشنیاری بەشی پێشمەرگە و پەسندی دەستەی کارگێڕی دەبێ و لە چوارچێوەی ئاییننامەی تایبەت بە کاری پێشمەرگانە، هێزی پێشمەرگە رێکدەخرێت و خاوەن ناو و هێما و تایبەتمەندیی خۆی دەبێت.

تێبینی:

- لێپرسراوی گشتی بەگوێرەی پێوەرو یاساکان، ئەندامانی دەستەی کارگێڕی دیاری دەکا و بۆ پەسندکردنیان بە ناوەندی سیاسییان دەناسێنێت.
- هەر بەرپرسێکی پێشنیارکراوی لێپرسراوی گشتیی حیزب بۆ دەستەی کارگێڕی، بە پێی پێوەر و رێوشوێنە دیارەکان دەبێ و ئەگەر ئەو کەسە لە دەوری پێشنیارکردنی یەکەمدا دەنگی پێویست نەهێنێتەوە و لێپرسراوی گشتی دووبارە کاندیدی بکاتەوە، تەنیا بۆ دەورى دووهەم دەکرێ پێشنیارى بکاتەوە و لە ئەگەرى رەتکردنەوەی دووبارەیدا، لێپرسراوی گشتی دەبێ لە ماوەى مانگێک دا کەسێکی دیکە بۆ ئەو کارە پێشنیار بکات.

جێگری یەکەمی لێپرسراوی گشتی

- رێکخەری ناوەندی سیاسیە کە لە کۆبوونەوەی یەکەمی ئەو ناوەندەدا، لە سەر پێشنیاری لێپرسراوی گشتی بە زۆرینەی دەنگ لە نێو ئەندامانی ناوەندی سیاسیدا هەڵدەبژێردرێ و ئەرکی جێگری یەکەمی لێپرسراوی گشتیی دەکەوێتە ئەستۆ.
- جێگری یەکەمی لێپرسراوی گشتی لە نەبوونی لێپرسراوی گشتیدا ئەرکەکانی ئەو رادەپەرێنێت.
- كۆبوونەوەكانی ناوەندی سیاسی ڕێك دەخات.
- جێگری یەکەمی لێپرسراوی گشتی لە کۆبوونەوەکانی دەستەی کارگێریدا بە مافی دەنگدانەوە بەشدار دەبێت.
تێبینی : لێپرسراوی گشتی ئەگەر بە پێویست بزانێ جێگری دووهەم لە رێگای پێشنیار بە ناوەندی سیاسی و پەسندکردنی دیاری دەکا.

نووسینگەی کارگێڕی

بەرپرسی نووسینگەی کارگێڕی یەكێك لە ئەندامانی دەستەی کارگێریە کە بە پێشنیاری لێپرسراوی گشتی حیزب و پەسندی ناوەندی سیاسی دیاری دەكرێت و ئەرک و دەسەڵاتەکانی بریتین لە:
- ڕاپەڕاندنی كاروباری ڕۆژانەی لێپرسراوی گشتیی.
- رێکخستنی جێگاو رێوشوێنی پێویست بۆ كۆبوونەوەكانی دەستەی کارگێری.
- راگەیاندنی بڕیارەکانی دەستەی کارگێری بە ئۆرگانەكان.
- ڕاگرتن و پاراستنی بەڵگەكان و ئارشیوی دەستەی کارگێری.
- پێشوازی و پێڕاگەیشتن بە میوانەكانی دەستەی کارگێری.
- ڕێكخستنی چاوپێکەوتن و دانیشتنەکانی لێپرسراوی گشتی و دەستەی کارگێری، و جێبەجێکردنی راسپێردراوەکانی لێپرسرای گشتی و دەستەی کارگێری.

ناوەندی بەدواداچون و چاودێری

-دەزگایەکی دامەزراو لە لایەن ناوەندی سیاسییە. بەرێوەبەریی ئەم دەزگایە کە لە سێ کەس پێک دێ لە لایەن ناوەندی سیاسی دیاری دەکرێ. ئەم دەزگایە دەتوانێ بە گوێرەی پێویستی خۆی کەسانێکی شارەزا لە کاری بەدواداچوون و چاوەدێری وەک هاوکاری هەمیشەیی یان کاتی دیاری بکا.
ـ دەزگای بەدواداچوون، چاوەدێری و بەدواداچوون دەکا بۆ هەموو کارە ئیداری، دارایی، و یاساییەکانی حیزبدا بە پێی ئاییننامەی پەسندکراو.
ـ دەزگای بەدواداچوون بە شێوەی رێک وپێک چاوەدێری و بەدواداچوون دەکا، یان ئەو کاتانەی کە دەزگاکانی ناوەندی سیاسی، دەستەی کارگێری یان لێپرسراوی گشتی داوای بەدواداچوون لە بەشێکی کاری حیزبیان لێ دەکەن. لەو کاتانەدا لە ئاکامی بەدواداچوونەکانیان راپۆرت دەدەنەوە بەو بەشانەی کە داوای بەدواداچوونیان کردووە.

ناوەندی هەڵبژاردن

- ئەم دەزگایە هەڵبژاردنەکانی حیزب لە هەموو ئاستەکاندا، لە سەر بنەمای رێسا و یاسا پەسندکراوەکان، بەرێوە دەبات. بەڕێوەبەریی ئەم ناوەندە کە لە سێ کەس پێک دێ لە لایەن ناوەندی سیاسیەوە دیاری دەکرێ.
- ئەو یاسا و ئاییننامانەی کە دەزگای هەڵبژاردن کاریان پێدەکا، لە چوارچێوەی پێڕەوی نێوخۆی حیزب و لە ناوەندی سیاسیدا پەسند دەکرێن.
- دەزگا ڕاپۆرتی خۆی لە هەر هەڵبژاردنێکدا بە ناوەندی سیاسی و دەستەی کارگێڕی دەداتەوە.

تێبینى:

-ناوەندی هەڵبژاردن بە مەبەستی بردنە سەرى ئاستی بەشداریی ژنان لە رێکخستن و چالاکی حیزبی، لە چوارچێوەی یاسای پەسندکراوی ناوەندی سیاسیدا، مکانیزمێک پەیرەو دەکا کە لە هەڵبژاردنەکاندا و هەروەها بۆ دیاریکردنى ئەندامان و هاوکارانى کۆمیتەکان، بە رێژه‌ی ژمارەى ئەندامانى ژن لەو شوێنانەدا، پشكیان بۆ دیارى بکات. ئەو ژنانە دەبێ مەرجە گشتیەکانی کاندیدبوونیان تێدا بێ.

لە سیستەمی نوێدا:

بەشەکانى خوارەوە گرنگترین بەشى کارى حیزبى دەبن:


١- پەروەردە( پەروەردەی سەرەتایی، ناوەندی، پێش کۆتای و کۆتایی) بەرێوە دەبات
٢- رێكخستن لە ( ناوخۆ، باشووری کوردستان و دەرەوە) ئورگانێکدا پێکدێت
٣- راگەیاندن (تیڤی، بڵاوکراوەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان)
٤ـ پێوەندییەکان (بیانی، کوردستانی و ئێرانی) لە ئورگانێکدا بەڕێوەدەبرێت.
٥- دارایی
٦- پێشمەرگە (پیشمەرگەی شاخ، ناوەند و هەرێمەکان لە یەک رێکخستندا ڕێکدەخرێن، بەشی پێشمەرگە لەلایەن ئەنجومەنی فەرماندەیی هێزەکانی پێشمەرگەوە بەڕێوە دەچێ و خاوەن فەرماندەیی و ئاییننامەیەكی تایبەت دەبێ، ڕێكخستن و فەرماندەیی هەموو پێشمەرگەی لە ئەستۆیە و پابەندی بڕیارە سیاسییەکانی ناوەندی سیاسی و دەستەی کارگێڕیە).
٧- ئاسایش (کۆکردنەوەی زانیاری، پاراستنی ناوخۆی حیزب، بەرپەرچدانی پیلانەکانی دەزگا سیخورییەکانی دوژمن لە ناوخۆ و دەرەوە) لە ئەستۆیە.
ـ لە هەموو ئەو بەشانەدا بەرنامە دادەرێژرێ بۆ ئەوەى هەر کەسێک ئەرک، بەرپرسیاریەتی و بیلان و راپۆرتی کاری دیاریکراوی هەبێت.
-لە هەموو ئەو بەشانەدا زۆرترین قورسایی لە بەشی پەروەردە دەبێ. واتا بەشێک کە دەبێتە بناغەیەک کە لەوێوە بتوانرێ بونیادی کلتورێکی نوێی سیاسی و رێکخستنی لە حیزبدا ساز بکات. بۆیە پەروەردە لە هەموو ڕەهەندەکانییەوە دەبێتە جێگای بایەخ و گرینگی پێدان.

تێبینی: فێرگەی نیزامی و ناوەندی وەرگرتنی پێشمەرگە دەکەونە چوارچێوەی پەروەردەی ڕێکخستنی هێزی پێشمەرگەوە.

راوێژکاری تایبەت بەمەبەستی بەهێزکردنی چالاکی و رێکخستنی ژنان وەک هاوکاری دەستەی کارگێری دەستنیشان بکرێ و ئەم راسپاردەیە وەک بابەتێکی گرنگ و سەرەکی لەبەرچاو بگیرێ.

دەستەی راوێژکاری بەگوێرەی پسپۆڕی بۆ هەرکام لە بەشەکان گرینگیی تایبەتی پێ بدرێ.

پێکهاتەی نوێی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەسندکراوی کۆنگرەی ١٦هەم