کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێکهاتەی وێرانی کۆماری ئیسلامی لە ڕوانگەی کۆمەڵناسیی کارکردگەراوە

17:17 - 31 گەلاوێژ 2719

سندووس

لە ڕوانگەی کۆمەڵناسیی کارکردگەراوە، کۆمەڵگا ئۆرگانیسمێکی زیندوویە، لە کارکردی ئەم ئۆرگانیسمەدا، دەبێ سەرنج بدرێتە چوار چەمکی سەرەکی:

۱-  کۆمەڵە کەرت

۲-  کۆمەڵە ئەرک

۳-  کۆمەڵە تێکۆشان

٤-  هەبوونی سەرچاوە: وەک سەرچاوەی مرۆڤی و مادی.

یانێ هەر کۆمەڵگایەک وەک ئەندامێکی لەشی مرۆڤ، بەشگەلێکی جۆراوجۆری هەیە و هەرکام لەم بەشانەش خاوەنی کۆمەڵە ئەرکێکی جۆراوجۆرن کە بۆ ئەنجامی ئەم ئەرکانە، دەبێ کۆمەڵە تێکۆشانێک ئەنجام بدەن. مەرجی پێویستیش بۆ ڕاپەڕاندنی ئەم ئەرکانە هەبوونی سەرچاوەگەلی جۆراوجۆرن، هەم مرۆڤی و هەم مادی.

لە ڕوانگەی کۆمەڵناسیی کارکردگەراوە، هەر کۆمەڵگایەک خاوەنی چوار نەهادی سەرەکیشە کە هەر کامیان وڵامدەری پێداویستییەکن:

ئەلف) نەهادی کولتوور، لەسەر بناغەی وتووێژە، پێداویستییەکانی کۆمەڵگا، لە ڕێگەی پێناسەکردنی مەبەست، ئامانج و بایخەکانەوە دەستەبەر دەبێت.

ب) نەهادی کۆمەڵ، بەپێی ڕێسای سۆزدارانەوەیە و پێداویستییەکانی کۆمەڵگاش بە کێشانی ئەم ئامانج و مەبەست و بایخانە بۆ ناخی خۆی دەستەبەر دەبێت و لە هەناو و زەینی کۆمەڵگادا تۆخ و پڕڕەنگیان دەکاتەوە.

ج) نەهادی ئابووری، بەپێی ڕێسای ئاڵووێرە، پێداویستییەکانی کۆمەڵگا بە سەرچاوەی پێویست (مرۆڤی و مادیـ)ـیەوە، دەخاتە بەردەست.

د) نەهادی سیاسەت، بەپێی ڕێسای دەسەڵاتە و ئەرکی وەدەستخستنی بە کردەوەی ئەم مەبەست و ئامانجانەیە.

یانێ کومەڵگا بۆ هەبوونی پێکهاتەیەکی شیاو و جێگەی سەرنج دەبێ بتوانێت وەک بابەتێکی ئابووری، خۆی لەگەڵ دەورووبەر بگونجێنێت و وەکوو بابەتێکی سیاسیش مەبەست و ئامانجەکانی خۆی تاریف و ئەو مەبەست و ئامانجانەش دەروونی بکات و بتوانێت ئامانجەکانی بۆ بەرەکانی داهاتوو بگوازێتەوە.

لە ڕوانگەی کارکردگەراکانەوە، ئەم چوار بەش و نهەادە دەبێ هەر یەکە و بەپێی ڕێساگەلی خۆی کار بکات و وێڕای ئەوەیکە نابێ خۆ لە کاری یەکتر هەڵقوتێنن، بە گوێرەی توانا دەبێ هاوکاریی یەکتریش بدەن.

ئێستا سیاسەتێکی تەواو مڵهوڕانە کە سەرچاوەلیخنەکەی، ئایدیۆلۆژێکی دەمارگرژ و پاشڤەخوازانەیە، لە کڕوتەونی کۆمەڵگای ئێمەدا سەیالە و وەک داشە هارەی دامەی هەڵدەسووڕێت و نە بایخ ەبە هیچ شتێک دەدات و نە دەزانێت پاراستنی ڕێسای هەرێمیی لە کۆمەڵناسیدا چ مانایەک دەبەخشێت، لە کولتوورەوە بگرە لە دەستی خۆیدا پاوانی کردووە تا دەگاتە ئابووری و کۆمەڵگا. لێرە سیاسەت وەک تەنیا ڕوکنێکی کۆمەڵگا بووەتە ئەختاپووسێک کە بوونی کۆمەڵگا بە ڕەهەندە جیاجیاکانیەوە ڕەت دەکاتەوە. بەم شێوەیە سیاسەتی لە گۆڕەپانی یاریی خۆیدا نەماوەتەوە و بەتەواوی دەستدرێژیی کردووەتە سەر سێ بەستێنەکەی تر واتە کولتوور، کۆمەڵگا و ئابووری.

 بۆیە و بەم هۆکارانەیە کە هاوار دەکەین کۆماری ئیسلامی پێکهاتەیەکی وێرانی هەیە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.