کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێکهەڵپڕژاندنی زۆرینە و کەمینەی جەماوەر، پیلانی لەمێژینەی دەسەڵاتی ئاخوندی!

23:32 - 28 پووشپەڕ 2722

سندووس

کۆماری ئاخوندی هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی هاتنە سەرکارییەوە، وێڕای درووستکردنی هێندێک نیهادی سەرەڕۆ، لایەنگرانی بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ تەواوی ئەو بابەتانەی لەگەڵ ئایدیۆلۆژییە گەندەڵەکەی ناتەبان، هان داوە. خۆیشی گشت کات هاندەر و سەرچاوەی تەواوی ئاژاوەکان بووە و نەیهێشتووە گەلانی ئێران لە تیروتوانج تێگرتن و بەگژداچوونەی دەمارگرژانەی یەکتردا بوەستن، چوونکە لای وایە لە ئەگەری تەبایی و یەکڕیزی کۆمەڵانی خەڵک و گەلانی ئێران، "بوونناسی" سیستمەکەی دەکەوێتە مەترسییەوە.

لەبیرمانە هەر چەند ساڵ جارێک لە دەنگوڕەنگ و ڕاگەیەنەرە قیزەونەکانیانەوە، بە ناڕەوا و گاڵتەجاڕانە باسی یەکێک لە نەتەوەکانی ژێر پێکهاتەی ئێران دەکەن و لە ئەگەری چووکەترین ناڕەزایەتیش بە تووندترین شێوە دەخرێنە ژێر شاڵاوی بەکرێگیراوەکانی و سەرکوت دەکرێن.

کۆماری ئاخوندی دەمێکە هەوڵی نانەوەی ئاژاوە و چەندبەرەکیی، لە نێوان گەلانی ئێران دەدات و وەک پیلانێک ئەم و ئەو لە دژی یەکتر هان دەدرێن و هەڵایساندنی ئاگری ئەم شەڕ و ئاژاوانەش هەر لەبن سەری خۆیاندایە و لەم ڕەفتارە چەپەڵانەش چێژ وەردەگرن.

جیا لە هەمووی ئەمانە هێزە سەرەڕۆیەکانی کۆماری ئاخوندی زۆرجار و لە زۆر شوێنی ئەم وڵاتەدا، لە ژێرناوی "ئەمر بە چاکە و ڕێگرتن لە خراپە"، چوونەتە نێو تایبەتیترین بابەتەکانی ژیانی تاکی کۆمەڵانی خەڵکەوە و یان سەرئێشەیان بۆ درووستکردوون یان لەبواری دەروونییەوە خستوویاننەتە ژێر گوشارەوە. "ئەمر بە چاکە و ڕێگرتن لە خراپە"، یەکێک لە قێزەوەنترین دەستەواژەکانی کۆماری ئاخوندی و قوڵەچۆماغەکانییەتی کە تاکە هەوسارنەکراوەکانی لە دژی ئەم کەسانە بەکاریان دەبەن کە نایانهەوێ لە نێو بڕیارە بۆگەنەکەی ئەواندا ژیان بکەن و پێملی یاسا دژەئینسانییەکانیان بن.

لەم نێوەدا زیاترین باری گرانی چەوساندنەوە، لە سەر شانی ژنان قورسایی دەکات، لەلایەک لە ڕێگەی بە بارمتەگرتنی جەستەی ژنەوە دەیانهەوێ نەزمێکی پیاوسالاری ئاخوندتەوەر تۆخ و ڕەنگڕێژتر بکەن کە هاوتاکەی تەنیا لە سەدەکانی ناوەڕاستدا بیندراوە و لەلایەکی‌تریشەوە باش دەزانن پساندنی کۆت و زنجیری ژنان لە زوڵمی ئاخوندەکان، بە مانای کۆتاییهاتن بە دەسەڵاتی ڕەش و نگریسەکەیانە. هەر بۆیە تاکە بێ‌پڕەنسیپە "کوک"کراوەکان ئیزنیان پێ‌دراوە خۆیان هەڵقورتێننە نێو کێشەی حیجابی زۆرەملییەوە و بە بیانووی "ئەمر بە چاکە"، برین و زامی چەندین ساڵەی ژنان بژیێننەوە و هەوڵ بدەن بە یەکجاری بیانخەنەوە نێو ئەمری نمادینی پیاوسالاریی ئاخوندەکانەوە. کاتێک دەبینی چەند کەسێکی گەمژە بە بیانووی بێ‌حیجابی و لە شوێنە گشتییەکاندا هەڵدەکوتنە سەر خاتوونانی ئەم کۆمەڵگایە و بە بێ حورمەتییەکی زۆرەوە غروریان دەشکێنن، تازە دەردەکەوێ "ئاڵبێرت بۆندۆڕا" وتەنی: "ئەوانە چەندە لە ویژدان خاڵی کراون و کۆنتڕۆڵی دەروونییان داوەتە دەست کۆمەڵێک مرۆڤی هەلپەرستەوە"، کە ئاوا ڕووهەڵماڵراوانە دەخالەتی ناڕەوشتی ئەنجام دەدەن و هاتوهاوار دەنێنەوە و جەماوەر لە دەوری خۆیان کۆ دەکەنەوە و دەڵێن: "ئەی هاوار یاسا شکێندراوە و ئیسلام لەمەترسیدایە!!"

جگە لە تەواوی ئەو بێڕێزییانەی تا ئێستا و بە بیانووی بێ‌حیجابی بە خاتوونانی ئەم وڵاتە کراوە، چەند ڕۆژێکە کلیپێکی ناخهەژێن لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا دەستاودەست دەکرێ کە بەکرێگیراوێکی ژن لە ناو BRT ـــی‌دا و لە تاران، بە بێڕێزییەوە دەنگ هەڵدەبڕێ و بە وشەگەلێکی تاڵ و بەدوور لە ویژدانی مرۆڤی "ئەمر بە چاکە" دەکات!! ژنانی ناو BRTیش لە بەرامبەر بێڕێزییەکانی ئەو ژنە "ولایت مدار"ە دەمارگرژەدا بێدەنگ نابن و لە ناو BRTیەکە دەیخەنە خوارەوە.

لێرە پێویستە ئاماژە بە چەند خاڵێکی گرینگ بکەین:

١- لە کاتی دەسەڵاتی سیستمی کۆیلەداری لە ئامریکادا، ژنێکی ڕەشپێست بە ناوی "هاریت"، گرووپێکی نهێنی وەگەڕخستبوو تا کۆیلەکان بڕفێنن و ڕزگاریان بکەن. کاتێک سیستمەکە هەڵوەشایەوە لە "هاریت"یان پرسی: دژوارترین قۆناخی کاری ئێوە بۆ ڕزگاری کۆیلەکان کەی بوو؟

ناوبراو وتی: "ڕازیکردنی کۆیلەیەک کە تۆ کۆیلە نیت و دەبێ ئازاد بژی!"

٢- کاتێک خاتوونێک دەبێتە کڵاوسووری پێش لەشکر و ئاخوندەکان ئاوا دەزگا و سیستمی بیرکردنەوەیان لەکار خستووە، دەبێ باش بزانێ کە بەر لە هەموو کەس مێشکی سیخناخ کراوە لە بابەتگەلی کۆنەپەرستانە و لەم وڵاتەدا تەنیا کەمێ بیرکردنەوەی پێویستە تا بتوانی چییەتی ئەم نیزامە گەندەڵەت بۆ دەرکەوێ. خاتوونێک کە دەکرێتە قوربانی و بە تەنیا بەگژ خانمانی ئەم وڵاتەی دادەکەن نازانێ کە ئاخوندەکان لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا چییان بەسەر وڵات هێناوە؟

ئەرێ ئەو گیروگرفت، گەندەڵی و دزییە قووڵانەی وەک شێرپەنجە، تا سەر ئێسقان کۆمەڵگایان داگرتووە، لە بێ‌حیجابی کە مافی سەرەتایی هەر مرۆڤێکە کەمترن؟ ئەو کەسانەی بوونەتە دەستی ڕەشی بێدادی و جەخت و گوشار دەخەنە سەر ژیانی ڕۆژانە خەڵک، بەر لەوەی زاڵم بن خۆیان قوربانی سیستمێکی دژەمرۆیین کە بەر لە هەموو شتێک دەبێ لەفکری ئازادکردنی خۆیاندا بن لە ژێر نیری چەوسانەوەی دەسەڵاتی ئاخوندیدا.

٣- وەک ڕۆژ ڕوونە کە کۆماری ئاخوندی کۆمەڵانی خەڵکی لەگیانی یەک بەرداوە، پرسی حیجاب وێڕای ئەوەیکە ساکارە، ئەم باندە کردوویانەتە کەڵافێکی بێسەروبن. داپڵۆسین و زوڵمی کەمینە بەسەر زۆرینەدا، خۆهەڵقورتاندن لە کێشەیەک کە هیچ پێوەندییەکی بە خانمانی باڵاپۆشی سەرەڕۆوە نییە، خاتوونێکی باڵاپۆش دەتوانێ جلوبەرگی دڵخوازی خۆی هەبێ، هەر بەم پێیەش ئەوانیتریش دەتوانن شێوەی پۆشش و جلوبەرگی خۆیان هەڵبژێرن.

بەڵام کێشەکە لێرەوە دەست پێدەکات کە خاتوونانی باڵاپۆش دەبنە پەنجەی دەسەڵاتی زۆرداران و هەڕەشە لە کەسانێک دەکەن و ژیانیان دەشێوێنن کە هیچ کارێکی خراپ و بێڕەوشتانەیان ئەنجام نەداوە.

لێرەدا تووڕەیی، سروشتیترین دژکردەوەیەکە کە لە دژی ئەو هەموو زوڵم و زۆرییە پەنگخواردووە ئەنجام دەدرێ، زوڵم و زۆرییەکی سیستماتیک کە لە ماڵەوە تا دەگاتە شەقام و شوێنە گشتییەکان، بووەتە بەشێک لە ڕەفتاری کۆماری ئاخوندی. ئەمر بەچاکەی خاتوونانی باڵاپۆش، تەنیا هەڕەشە لە تاکێک نییە، بەڵکوو ئیرادەی سیستمێکی بەڕەڵڵایە بۆ کۆنتڕۆڵی زەین، لەش و ئازادییە هەرەسەرەتاییەکانی بەردەنگ، بەردەنگی باڵاپۆشیش بە تەنیا تاکێک نییە، بەڵکوو نوێنەری زەبروزەنگێکی کەمینەیە کە ٤٣ ساڵە خورافات و کۆنەپەرستی بەرهەم دەهێنێتەوە.