کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێگە و ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگای کوردەواریدا

18:05 - 22 جۆزەردان 2720

ئاسۆ ساعێدی

پێشەکی:

گومان لەوەدا نییە شوێنی ژن لە هەر کۆمەڵگایەکدا ئاوێنەیەکی ڕاستەقینەیە کە ڕاستیی ئەو کۆمەڵگایە و ڕەوت و شێوەی ژیان و بیرکردنەوە و ئاستی ژیاری تێدا ڕەنگ دەداتەوە.

ژنیش بە درێژایی مێژوو بە پایەی جیاجیادا تێپەڕیوە و هەندێ جار ڕۆڵی بەرچاو و هەندێ جاریش بێ ڕۆڵ بووە، لە هەندێ ناوچەدا شوێنی بەرچاوی بووە و لە هەندێ ناوچەدا دیار نەماوە.

بیاڤی کولتوری کوردستان، پانتایی سەرهەڵدانی ئایین و سیستمە ئەبستراکتەکانە، کە لە یەکەمین دەستپێکەکانی خۆی لەگەڵ تایبەتمەندییە ژنانەکان و پلەو پایەی خوداوەندی دایک گرێی خواردووە.

یەکێک لە تایبەتمەندییە هاوبەشەکانی زۆربەی ئەو ئاسەوارانەی کە لە کولتورە سەرەتاییەکان دۆزراونەتەوە، پەیکەرەکانی خوداوەندی دایکە، بوونی ئەم ئاسەوارە لەم کۆمەڵگایانەدا لەلایەکەوە نیشانە و ڕەنگدانەوەی ڕۆڵ و پێگەی کۆمەڵایەتی تایبەتی ژنەو لەلایەکیتریشەوە تێگەیشتنی مرۆڤەکان لە پێگەی ئاسمانی و ئاماژە بە هێزی ژن لە سیستمی ژیان دایە. ژن بۆ خۆی هۆکاری توانایی و زایین لە سیستمی کشتوکاڵی نوێیە، هاوکات لەگەڵ هێزی کاری مرۆییەکەی وەک سەمبول و هۆکار و سەرچاوەی زاوزێ و بارگیری زەوین گۆڕدرا و ئەم بابەتە کە ژن بۆخۆیشی خۆڵقێنەرە و هەمیش هۆکاری بەرهەمدانی زەوینە، لە هزری خەڵکی ئەم سەردەمە ڕیشەی کوتاوە. بە سەرنج بە بەڵگەگەلی بەردەست، ژن لە قۆناغە دێرینەکاندا خاوەنی هێز بووە و تواناییەکانی لە گۆڕەپانی بەربڵاوی ئەندێشە، داهێنان، سۆزداری، ئایین و سیاسەت کاریگەرییان بووە. وێنەی هێزی ژنان جاروبار لە شێوەی بابەتیانە و بەردەست، وەکوو پەیکەرەگەل ژنانە و نەخش و وێنە بەجێماوەکان لەسەر دەفر و لەوحە و کەتیبەکان، کە لە هەڵکۆڵینەکانی دێرینەناسەکان دەست کەوتووە، دیتراوە. لێکۆڵەران ئەڵێن: هێماکاری خوداوەندی دایک هەرچەند لە ڕواڵەتدا زۆرتر سەرنج بە تایبەتمەندی ڕەگەزی دەدات، واتای بەربڵاوتری لە زاوزێ، داهێنان، بەرهەم هێنان و فراوانی بەدواوەیە، کە بەتایبەت بە واتای کشتوکاڵ و چاندنی دانەوێڵە و ئاژەڵداری پێکەوە لکاوە.

هەموو ئەمانەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕۆڵ و پێگە کۆمەڵایەتییە گرینگەی ژنان لە مێژووی گەلی کورددا هەیانبووە.

پێناسەی دوو چەمکی ڕۆڵ و پێگەی کۆمەڵایەتی

لە چەمکە بنەڕەتییەکانی زانستی کۆمەڵایەتی. لە ڕێباز و ڕوانگەگەلی کۆمەڵایەتی تێگەیشتنی جۆراوجۆر بۆ ئەم دوو چەمکە کراوە، لە کتێبی ڕوانگە و چەمکە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵناسی بەرهەمی "دوکتور گارسیا"، سەبارەت بەم دوو چەمکە بەمجۆرە نووسراوە: "ڕۆڵی کۆمەڵایەتی بە شێوەی باو و لەسەر بنەما و پێگەی کۆمەڵایەتی کە لەوێدا ئەرکی تاک بەستراوەتەوە بە پێگە کۆمەڵایەتییەکەیەوە".

بەواتایەکیتر بەو ڕەفتارە کە کۆمەڵگا لە تاکەکان چاوەڕوانی دەکات "ڕۆڵ" و بە بەهاو متمانەیەک کە کۆمەڵگا بۆ ڕۆڵ دایدەنێت "پێگەی کۆمەڵایەتی" دەوترێت. کەواتە هەر جۆرە ڕۆڵێک چ فەرمی چ نافەرمی دەتوانێت پێگەیەکی کۆمەڵایەتی دروست بکات. دەبێ سەرنج بەوە بدەین کە هەر تاکێکی کۆمەڵگا تەنها خاوەن یەک پێگە نییە. بۆ وێنە: ژن دەتوانێت لە یەک کاتدا هاوسەر، دایک، خۆشک، کچ یان شارومەندێک و فەرمانبەرێک بێت.

 هەروەها دەتوانین پێگەی کۆمەڵایەتی بە چالاکی یان حاڵەتێک بزانین کە  تاک تێیدا جێگیربووە و پێگە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە بە پێی تایبەتمەندی بایۆلۆژی و پێگەی کۆمەڵایەتی تاک جیاوازە و ئەو پێگەیە لە کۆمەڵگادا خراوەتە ئەستۆی تاک یان گرووپێکەوە، هەر بۆیە دەبێتە هۆی دروست کردنی چاوەڕوانی لە کەسانیتردا. لە پێناسەیەکیتردا ڕۆڵی کۆمەڵایەتی بە واتای چاوەڕوانیگەلێک دەێت کە دەبێ خاوەن پێگە لەگەڵ پلەو پایەی کۆمەڵایەتییەکەیدا، ئەو چاوەڕوانییە بەدی بێنێت. کەواتە ڕۆڵ و پێگەیە کە شوناس بە مرۆڤەکان دەبەخشێت.

ڕۆڵ و پێگەی ژن لە کۆمەڵگای کوردەواری:

ئەگەر بێین و ڕۆڵ و پێگەی ژن لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگای کوردەواری، ئازایەتی و بوێرییان بخەینە بەر باس، سەرەڕای نەبوونی مێژوویەکی نووسراوە و بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، لەگەڵ ئەوەی کوردستان لە ڕووی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە کەوتووەتە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەم کۆمەڵگایانەش بە کۆمەڵگای پیاوسالار ناسراون و بمانهەوێ و نەمانهەوێ کاریگەرییان لەسەر کولتوری ئێمەی کوردیش داناوە، لەو کۆمەڵگایانەدا ژن هیچ ڕۆڵێکی بۆ بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگا نەگێڕاوە و تەنانەت کاڵایەکن بۆ خزمەت بە پیاو و چۆنیان ویست وایش بەکاریان دەهێنن و دەیانچەوسێننەوە.

بە پێچەوانەوە ژنی کورد بە درێژایی مێژوو لە کۆمەڵگای کوردەواری، چ پێش مێژوو و چ پاش مێژوویش ڕۆڵ و پێگەی خۆی هەبووە و لە هەموو قۆناغەکانی ژیانی پڕمەینەتی، هەوڵ و تێکۆشانی بۆ ژیان و بەرەوپێشبردنی خێزان و کۆمەڵگا داوە، هەربۆیە هەموو کات ژنی کورد جێگای متمانە و شوێنی تایبەتی خۆی هەبووە لە ناو بنەماڵەدا و لە نەبوونی پیاودا ئەرکی بەڕێوەبردنی ماڵ و منداڵی پێ سپێردراوە و بووەتە گەورەی خێزان یان هۆزەکەی.

سەرەڕای هەموو ئەمانە دەبێ دان بەوڕاستییەدا بنێین کە لێکۆڵینەوەو سەرچاوە زانستییەکان لە بواری کۆمەڵایەتی و کولتووری کۆمەڵگای کوردەواری زۆر کەمن و بەو جۆرەی کە پێویستە و لەبەر زۆر هۆکار نەتوانراوە دیمەنێکی ڕاستەقینە لە ڕۆڵ و پێگەی ژن بنەخشێنرێت. ئەمەش لەبەر نەخوێندەواری و بێ ئاگایی گەلی کورد نەبووە، بەڵکوو ئەم ڕۆڵ و پێگەیە زۆرجار پشتگوێ خراوەو گرینگی ئەوتووی پێ نەدراوە.

بەداخەوە سەرچاوە مێژووییە کۆنەکان و سەدەکانی ناوەڕاستیش تەرخان کراون بۆ باس و خواست لەسەر پاشا، میر، سەردارانی لەشکری، شەڕ و پێکدادانەکانی هێز و دەوڵەتان لە ناوچەکە و لە کوردستان، بۆیە ئاوڕێک لە بابەتە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەت مەسەلەی ژن نەدراوەتەوە. لەوانەشە بەهۆی  ئەم هێرشە یەک لە دوای یەکانەی داگیرکەران بۆسەر کوردستان، ئەگەر نووسراوەیەکی مێژوویش هەبووبێت لەناو چووبێت. سەرەڕای هەموو ئەمانەش ئەو گریمانەیە کە بۆ ئەو بەشە لە ڕابردووی مرۆڤ کە تۆمار کراوە و دەکەوێتە ناو مێژووەوە، ژنان لە مێژووی نووسراوە سڕدراونەتەوە. لەم ڕوانگەیەوە مێژوو، پیاوانە نووسراوەتەوە و ڕۆڵ و پێگەی ژنان لە بیرچووەتەوە.

بۆیە دەوترێت باس لەسەر ڕۆڵ و پێگەی ژنان هەرژارترین لاپەڕەکانی مێژووی کۆمەڵگای کوردەواری لە خودەگرێتەوە، چۆن ئەم هەژارییە نە تەنها لە پێوەندی لەگەڵ پێگە و ڕۆڵی کۆمەڵایەتی ژناندایە، بەڵکوو پێگەو ڕۆڵی ژنانی کورد لە بزووتنەوە شۆشگێڕییەکانیشدا دەگرێتەوە.

جێی ئاماژە پێکردنە ئەو سەرچاوەانە کە کەوتوونە بەردەستمان دەگەڕێنەوە بۆ نوسەرە بیانییەکان کە سەردانی کوردستانیان کردووە و ئەو شتانە کە سەرنج ڕاکێش بۆنە، نووسیویانەتەوە. ئەوەش کە نووسراوە لە ڕوانگەی بیروباوڕ و تێگەیشتنی خۆیانەوە هەڵیان سەنگاندووە نە ڕاستییەکانی کۆمەڵگای کوردەواری.

بەو جۆرەی کە زۆربەی مێژوونووسە بیانیەکان باسیان لێوە کردووە، هەندێ جیاوازی لە نێوان ڕۆڵ و پێگەی ژیانی کۆمەڵایەتی ژنی کورد و ژنانی گەلانی دراوسێ هەبووە و هەندێ لەو جیاوازیانەش دەگەڕێتەوە بۆ باری جوگرافی و تۆپۆگرافی کوردستان و جۆراوجۆری ئاو و هەوایی و شێوازی بەرهەمهێنراوەکان، باری ئابووری و ژیانی کۆمەڵایەتی و کولتوری ئەو ناوچە جوگرافییە و کەسێتی و پایەی کۆمەڵایەتی ژنی کورد و هەڵوێستی پیاوی کورد.

ڕۆڵ و پێگەی ژنی کورد لە مێژووی نەتەوەکەیدا:

وەک دەزانین مێژووی نەتەوەی کورد گەلێک لە نەتەوەکانیتری جیهان کۆنترە و بەپێی دوایین لێکۆڵینەوە زانستییەکان خاوەن وڵاتێک بەناو مێزۆپۆتامیا و شارستانییەتێکی کۆن و لەو کاتەدا سەردەمیانە بووە.

مێزووپوتامیا وڵاتی ئیشتارە، ماڵیکردنی ئاژەڵ و چاندنی دانەوێڵە بۆ یەکەمجار لەم ناوچەیە بەدەست ژنانی کورد ئەنجام دراوە. کاتێک مرۆڤ لە ئەشکەوتەکان شۆڕبۆتەوە و هاتە دەشتەکان و لەوێ گیرسایەوە، ئەم گیرسانەوە بۆە هۆی پێکهێنانی ڕەوتی بناغەی کۆمەڵگای مرۆیی و بنیاتنانی شارستانییەت. ژنان لەم وەرچەرخانە گەورەیەدا، کاریگەریی هاوشێوەی پیاو و بگرە زیاتریشان گرتە ئەستۆ. بۆیە ئەڵێم زیاتر، چونکە ژنان جیا لە هێنانە دنیا و بەخێوکردنی منداڵ، ماڵداری، ئاژەڵداری، کشتوکاڵ، کۆکردنەوەی خوراک و خواردەمەنی و تەنانەت شان بە شانی پیاوان ڕاویشیان دەکرد. لەم قۆناغە لە ژیانی مرۆڤدا کار دابەش کراوە، بەڵام بەشە زۆرەکە کەوتووەتە ئەستۆی ژنەوە.

داهێنانە سەرەتاییەکانی ژنانی کورد:

بەدوای نیشتەجێبوونی مرۆڤ، بەرەبەرە ڕاوکردن کەمبووەوە و بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی ژیان و مانەوە پشتی بە کۆکردنەوەی ماددە خوراکیەکان دەبەست، هەربۆیە ماڵی کردنی ئاژەڵ و چاندنی دانەوێڵە لە داهێنانیکانی ژنی کورد بوو. ژنان کاتێک ماددە خوراکییەکانیان کۆدەکردەوە، چەکەرەکردنەکانیان بینی و ئەمە بووە هۆی دروستکردنی بیری چاندنی دانەوێڵەکان (لەم سەردەمەدا، ئاو گرینگی زۆری هەبوو، چۆن کشتوکاڵ پێویستی بە ئاوەدێرییە، کەواتە، خوداوەندی ژن دەهەندە و خاوەنی ئاوەکانە، ئەم توخمە ژیانی بەخشی، پیاڵە و دەفرەکانی ئاو یان شیر سەمبولی سەرەکی خوداوەندی ژنە. کەوابوو، خوداوەندی دایک، خودای دانەوێڵە و پارێزەری کشتوکاڵ بوو کە یەکەمین بەرهەمی بۆ تەرخان دەکرا، وەکوو پەرستگەی "ئینانا"، کە نانێکی تایبەتی دروست و نەزری ئینانا دەکرا).

ئەم داهێنانە دەبێتە هۆی ئەوەی ژنان باشتر شارەزایی لە تەکنیکە تازەکاندا بەدەست بێنن. وەک دروستکردنی دەستاڕ بۆ هاڕینی دانەوێڵەکان، دروستکردنی دەفری گەورە بۆ ڕاگرتن و پاراستنی دانەوێڵە و داهێنانی یەکەم دەفرە گڵینەکان.

دواتر ژنان ڕەستن و چنینیان داهێنا. ئەم چالاکیانەی ژنان دنیایەک ئەزموون و فێربوون بەرهەم دێنێت و دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی چەندین بواری زانستی. لەگەڵ زۆربوونی هێز و باڵادەستی ژنان لە چالاکی و داهێنانەکاندا ئەو گریمانەی دروست کرد کە دۆخی ژنان لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە گەشەی بکات. تەنها ئەمانە نەبوو، ژنان ئەو ئەرکەشیان بەجێ گەیاندووە کە تەکنیکە نوێیەکان فێری وەچەکانی دوای خۆیان بکەن.

ئیلاهەی دایک:

 لە کولتوری کۆمەڵگای مرۆییدا ژن دەکرێتە خوداوەندو دەگاتە ئاستی پەرەستشی خوداوەندی و بەئیلاهە بوون. کە ئەم هێمایە لە هەموو قۆناغەکانی ژیان و مێژووی کۆنی گەلانی ناوچەکەدا بەڕووی پەیکەر و ئیلاهەکانیانەوە دەبینین. لە میانەی ئەو پەیکەرانەی ژنان کە لەو سەردەمانەدا ماونەتەوە و لە هەموو شوێنێکی نیشتەجێی نیۆلیتیک (چاخی بەردینی نوێ) دانراون و ئەو ڕاستییەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە ژن، وەکوو خوداوەندێکی دەسەڵاتدار و بەربڵاو بۆەتە خاوەن گرینگی و ڕۆڵ.

ئەڵبەتە ڕاوبۆچوونەکانی ئەنسرۆپۆلۆژیستەکان سەبارەت بە بەرز نرخاندنی پێگەی ژن لە کۆمەڵگای کوردەواری جیاوازە، هەندێک ئەڵێن: لەبەر نەبوونی دوکتور و دەرمان لە کاتی زاوزێ و مردنی ژنەکان و کەمبوونی ڕادەی ژن بووە، هەندێکیش لەو باوەڕەدان لەبەر وەچەخستنەوە چۆن ئەو تایبەتمەندییە لە پیاواندا نەبووە، بۆیە پێگەی ژن لە کۆمەڵگادا بەرزدەنرخێندرێت.

ژن هاوشێوەی خاکە بە پیتەکان و دایکە، خوداوەندی زایینە. هەموو زانست و لێکۆڵینەوە ئێکولوژییەکان ئەم زانستەیان سەلماندووە، بەڵام ئەو شوێنەوارانەی کە خوداوەندی ژنی لێ لە دایک بووە خاپوور و وێران کراوە و بۆەتە کەلاوەیەک کە جێپەنجەی ژنی پێوە دیار نەماوە. ئەم شوێنە جوگرافییە کە بە لانکەی مرۆڤایەتی ناوزەد دەکرێت بۆتە گوڕستانی  مرۆڤایەتی و پێداچوونەوە بە مێژووی ئەو سەردەمە وەکوو ئەوە وایە کە گوڕەکان هەڵکەنین و ڕوحیان بەبەردا بکەینەوە.

ژن لە مێزۆپۆتامیا:

هەر وەکوو باسی لێوە دەکرێت مێزووپوتامیا وڵاتی بەرینی کوردان بووە کە سەرەڕای ئەوەی کە زۆربەی ئایین و بیروباوڕەکان تێیدا خوڵقاون هاوکات ڕۆڵێکی گرینگی لە هەبوونی سیاسەتی ئەوکاتدا هەبووە و خاوەن هێز و جێگایەکی تایبەتی بووە. بۆ ئەوەی لەگەڵ دراوسێکانی بتوانێت ئاشتی سەقامگیر بکات ئیمپراتورەکانی ئەو سەردەمە کچەکانی خۆیان پێشکەشی ئیمپراتوری دراوسێ و خاوەن هێز دەکرد.

 بەوجۆرەی کە باسی دەکەن "نەفرەتیتی" لە کوردستانەوە براوە بۆ میسر و ژنی ئیمپراتۆر بووە و باخچە هەڵواسراوەکانی بابل و باشووری مێزۆپۆتامیا لەبەر جوانی کچی چییایی کوردستانی دروست کراوە، چونکە تەنها بە دیمەنی چیا و قەڵا دڵی کراوەتەوە، بەڵام هیچ لەمانە لە باری گران و پڕمەینەتی ژنانی کورد بە درێژایی مێژوو سووک ناکاتەوە.

گێردا لێرنەر، مێژووناس، پسپۆڕ و یەکێک لە دامەزرێنەرانی لقی "مێژووی ژان"، لە بارەی دوخی مێژوویی ژنانەوە دەڵێت: بۆ ئەوە دەرک بە دۆخی مێژوویی ژنان بکەین، دەبێ ئەو باوەڕە لە خۆماندا دروست بکەین، کە ژنان ڕەگەزێکی سەرەکین لە پێکهێنانی کۆمەڵگادا و بە بەردەوامی لە مێژوودا ڕۆڵگێڕ بوونە. ژنان لە "مێژووی دروستکراودا"، ڕۆڵیان هەبووە، بەڵام لا ناسینی مافەکان و مێژووی خۆیان و لە لێکدانەوەی مێژوو، چ مێژووی خۆیان بووبێت یان مێژووی پیاوان، بە جێماون.

دوا وتە:

ڕۆڵ و پێگەی ژنی کورد لەم سەردەمەدا، زۆرگرینگتر لە هەموو سەردەمەکانی مێژووی کوردە، ڕۆڵێکی یەکجار گرینگ لە ناو خێزان و کۆمەڵگادا دەگێڕێت، کە گرینگترینیان پەروەردەی درووستی منداڵ بۆ خۆشەویستیی خاک و وڵات، بەرەوپێشبردنی فاکتەرەکانی پێشکەوتنی نیشتمان، پاراستنی دەستکەوتەکانی گەل و نیشتمان لە هەموو مەرترسییەک، پاراستن و گواستنەوەی کولتوری نەتەوایەتی و پێشخستنی هونەر، موسیقا و کەلەپووری نەتەوایەتی و بەجیهانی‌کردنی ئەو گەنجینەیە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.