کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێگەی لاوازی ئابووریی ئێران لە ئاستی جیهانی و ناوچەییدا

10:39 - 20 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: کۆڕی جیهانی ئابووری، ڕایگەیاندووە لە ساڵی ڕابردوودا بەرهەمی پەتیی نێوخۆیی (تولید ناخالص داخلی) لە جیهاندا نیزیک بە ٨٠ هەزار میلیارد دۆلار بووە؛ ئامریکا، چین و ژاپۆنیش وەک ٣ زلهێزی ئابووریی جیهان ناسێندران کە پێکەوە ٤٦%ی ئابووریی جیهانیان لە دەست دایە.

بەرهەمی پەتیی نێوخۆیی (تولید ناخالص داخلی) پێوەرێکی گرینگ لە هەڵسەنگاندنی ئابوورییە کە کۆی بایەخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان لە ماوەیەکی زەمەنی دیاریکراودا، بۆ وێنە یەک ساڵ، دەکاتە پێوەر و بۆ هەڵسەنگاندنی داراییەکانی وڵاتێک لەبەرچاو دەگیرێ.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتی کۆڕی گشتیی ئابووریی جیهانی، ئامریکا بە هەبوونی زۆرترین ڕێژەی بەرهەمی پەتیی نێوخۆیی واتە ٤/١٩ هەزار میلیارد دۆلار نیزیک بە یەک لەسەر چواری دارایی و سامانەکانی جیهانی لەبەردەستدایە؛ پاش ئامریکاش چین و ژاپۆن بە هەبوونی ٢٤/١٢ هەزار میلیارد دۆلار و ٨٧/٤ هەزار میلیارد دۆلار لە پلەکانی دووهەم و سێهەمدا ڕاوەستاون.

لەپاش ئەم سێ وڵاتە هەر یەک لە ئاڵمان، بریتانیا، هێند، فەڕانسە، بڕێزیل، ئیتالیا و کانادا پلەکانی ٤ تا ١٠ی ئەم ڕیزبەندەیان دەستەبەر کردووە کە پێکەوە ٢٢%ی ئابووریی جیهانیان لە بەردەستدایە؛ بەو پێیەش باقی وڵاتانی جیهان تەنیا ٢٢%ی ئابووریی جیهانیان هەیە کە دەکاتە کەمتر لە ١٨ میلیارد دۆلار.

پێگەی ئێران لەم خشتەیەدا بریتییە لە یەکێک لە وڵاتانی لاواز کە تەنیا ٥/٠% ی ئابووریی جیهانی لەبەردەستدایە کە لەگەڵ هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا شوێنپێیان دەکاتە ٣/٢% لە سامانی ٨٠ هەزار میلیارد دۆلاری جیهان.