کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەتای کۆرۆنا گوندەکانی سەقزیشی تەنییەوە

14:00 - 3 بانەمەڕ 2720

سەرەڕای شپرزەبوونی دۆخی سەقز بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، گوندەکانی ئەو شارەش تووشی مەترسی بوونە و لەگەڵ هەڕەشەی مەرگ بەهۆی پەتای کۆرۆناوە بەرەوڕوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەرەڕای بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەقز، گوندەکانی ئەو شارەش لەوانە گوندی "مەلقەڕەنی"، لەگەڵ هەڕەشەی ئەو ڤایرۆسە بەرەوڕوو بووە.

لەو گوندەدا چەندین کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە، بەڵام نەخۆشخانەی سەقز ڕاینەگرتوون و ناچار خۆیانیان لە ماڵەکانی خۆیاندا قەرەنتینە کردووە.

٣ کەس لە تووشبووانی گوندی "مەلقەڕەنی" کە ٢ پیاو و ژنێکن، بریتین لە "ب.ف" ٦٢ ساڵە، "ح.ی" ٥٧ ساڵە و "ع.ش" ٤٩ ساڵە.

هەروەها زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە خەڵکانێکی زیاتریش تووشی ئەو ڤایرۆسە بوونە، بەڵام ناوێرن باسی لێوە بکەن.

زۆربەی شار و گوندەکانی کوردستان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دۆخێکی شپرزە و نالەباردان و ڕێژیم لەجیاتیی هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆخە، زیاتر خەڵک لە زەلکاوی بێکیفایەتییەکانی خۆیدا دەخنکێنێت.