کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەراوێزنشینی مەترسییەکە بۆ سەر گوندەکان

12:58 - 13 خەرمانان 2721

پەراوێزنشینی لە شاری "کرماشان" پەرەی سەندووە و زیادبوونی بیناسازی لە دەورووبەری شاری "کرماشان" گەیشتووەتە نزیک بە گوندەکان و دەتوانێت جێگای مەترسی بێت بۆ ئەو گوندانە.

گەڕەکە پەراوێزنشینەکان وەک قەیرانێک دێنە هەژمار و لە کەمترین خزمەتگوزاریی بێبەشن.

یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی پەراوێزنشینی لەو پارێزگایە ئەوەیە کە گەشەپێدانی شاری "کرماشان" بە شێوەی ئوسوولی ئەنجام نادرێت.

هەروەها زیادبوونی پەراوێزنشینی لە "کرماشان" لە حاڵێکدایە کە لەو شارە ڕێژەیەکی زۆر خانووی پرتوکاو هەیە و لە ئەگەری نۆژەنکردنەوەی ئەو بینایانە دەتوانێت پێش بە پەراوێزنشینی بگیرێت.

دابینکردنی "ئیمکانات و ژێرسازیی گونجاو" لە گوندەکان "بایەخ پێدان بە ئابووری و پیشەی گوندنشینان" و هەروەها "پێشگرتن لە زەویخۆری" دەتوانیت پێش بە کۆچکردنی گوندنشیان بۆ شارەکان بگرێت و لە ئەنجامدا پەراوێزنشینی کەمتر ببیتەوە.

لە ساڵی ٩٣دا ٣٦ گەڕەکی کێشەدار لە پارێزگای "کرماشان" ناسێندراون و لەو ڕێژەیە ١٣ گەڕەک لە دۆخیکی زۆر خراپدانە.