کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەردە لەسەر سێ کتێبی "فەرهاد پیرباڵ" لادرا

11:20 - 12 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: لە کتێبخانەیەکی هەولێردا، بۆ پەردەلادان لەسەر سێ کتێبی نووسەری بەناوبانگی کورد، "فەرهاد پیرباڵ"، کۆڕێک بەڕێوەچوو. "پیرباڵ" لەو کۆڕەدا، کتێبە نوێیەکانی خۆی ناساند.

ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ۱۱ی ڕەزبەر، لە کتێبخانەی "مەم و زین" لە شاری هەولێردا، کۆڕێک بۆ پەردەلادان لەسەر سێ کتێبی "فەرهاد پیرباڵ"، نووسەر و هونەرمەندی کورد، بەڕێوەچوو.

لەم کۆڕەدا، "فەرهاد پیرباڵ" دوو کتێبی تازە چاپکراوی خۆی بە ناوەکانی: "قەبرێکی سێگۆشە" و "زمانی حەیزەران"، بە بەشداربووان ناساند و ئاوڕێکی بە کتێبەکەی تری بە ناوی "پەتاتەخۆرەکانـ"دا دایەوە کە بۆ سێهەمین جار لەچاپ درابووەوە.

"سێگۆشەی مەرگ"، ناوی ڕۆمانی نوێی "فەرهاد پیرباڵـ"ـە کە ۳۱۰ لاپەڕەیە و بە وتەی خۆی، ساڵی ۲۰۱۸ی زایینی لە زینداندا نووسیویەتی. 

"زمانی حەیزەرانـ"ـیش کتێبێکی هزرییە. زمانی حەیزەران وتارێکە لەبارەی گەنج و قوتابییانەوە. هەروەها "پەتاتەخۆرەکان"، کۆمەڵەچیرۆکێکە کە بۆ جاری سێهەم لەچاپ دراوەتەوە و پێشتر یەکەمجار ساڵی ۲۰۰۲ بڵاو بووەتەوە.

پاش ناساندنی کتێبەکان بە ئامادەبووان و لە نێوئاخنی کۆڕەکەدا، "پیرباڵ" لەسەر کورد و مێژووی کورد و هەندێک باسی فەلسەفیی پەیوەندیدارەوە، دوا. 

بەپێی وتەکانی "ژیڤان خۆرانی"، نووسەر و ڕۆژنامەوان و بەڕێوەبەری کۆڕەکە، هەر بە مەبەستی ناساندنی بەرهەمە نوێیەکانی "فەرهاد پیرباڵ"، هاوشێوەی ئەم کۆڕە لە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستاندا، بەڕێوە دەچێت.

کۆڕەکە بە واژۆکردنی کتێبە نوێیەکان کۆتایی پێهات.

"فەرهاد پیرباڵ" لەدایکبووی هەولێرە و لە ئێستادا ٥۸ ساڵ تەمەنیەتی و ۷٤ کتێبی لە بوارە جیاوازەکاندا نووسیوە. ناوبراو مامۆستای زانکۆوە و لە بواری شێوەکاری و گۆرانیبێژیشدا چالاکە و چەندین بەرهەمی هەیە.