کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەردە لەسەر کتێبی "الوضوحـ"ـی زانای پایەبەرزی کورد "موسەنفی چۆڕی" لا درا

14:05 - 18 بەفرانبار 2721

شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە ١٥ لەسەر ١٦ی بەفرانبار، لە ئاوایی "چۆڕ" سەر بە شاری مەریوان بە بەشداریی مامۆستایانی ئایینی، ڕێکخراوە مەدەنییەکان، نووسەران، کەسایەتییە سەربەخۆکان و خەڵکی مەریوان و چۆڕ، پەردە لەسەر کتێبی "الوضوحـ"ـی زانای پایەبەرزی کورد "مەلا ئەبووبەکری چۆڕ" ناسراو بە "موسەنفی چۆری" لا درا.

لەو ڕێوڕەسمەدا مامۆستایانی ئایینی سەرەڕای ناساندنی کتێبی "الوضوح" و کەسایەتیی "مەلا ئەبووبەکری چۆڕ" جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە بەشێک لە کولتووری کورد پەیوەندیی بە ئایینەوە هەیە، هەروەها کورد لە گەشەپێدانی شارستانییەتی ئیسلامیدا ڕۆڵی هەبووە و ئێستاش لە پرۆسەی نەتەوەسازیدا زانایانی ئایینی دەوری قورس و گرانیان هەیە.

"مەلا ئەبووبەکری چۆڕ" لەدایکبووی "چۆڕ"ی مەریوان لە سەردەمی سەفەوییەکاندا ژیاوە و چەندین کتێبی بەناوبانگی هەیە کە بەشێکیان لە چاپ دراون و ئێستاش دوای چوارسەد و بیست و نۆ ساڵ کتێبی "الوضوح" لە هەشت بەرگدا لەلایەن چاپەمەنیی "ئێحسانـ"ـەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

لەو کۆڕەدا چەندین مامۆستای زانا پەیامی خۆیان پێشکەش بە برشداربووان کرد و دواتر لەلایەن بنەماڵەی  موسەنفی چۆڕی (ناوەندی فەرهەنگیی موسەنفی چۆڕی) ڕێز گیرا لەو کەسانەی کە لە کۆکردنەوە، پێداچوونەوە و چاپکردنی ئەو میراتە بەنرخەدا دەوریان هەبووە.

گوندی "چۆڕ" یەکێک لەو گوندانەی ناوچەی مەریوانە کە خاوەن خەڵکێکی نیشتمانپەروەرە و تا ئێستا چەندین شەهیدی پێشکەشی بارەگای ڕزگاریی کوردستان کردووە.