کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرستارەکانی "مەهاباد" لەهەمبەر بێ ئیمکاناتی ناڕەزایەتییان دەربڕی

13:26 - 31 جۆزەردان 2720

پەرستاران و کادری دەرمانیی نەخۆشخانەی شاری "مەهاباد" لەهەمبەر نەبوونی ئیمکانات و کەمیی کادری دەرمانی و پەرستار، ناڕەزایەتییان دەربڕی.

بە وتەی پەرستارانی "مەهاباد"ی لە نەخۆشخانەی ئەو شارە، سەرەڕای کەمیی کادری دەرمانی و پەرستار، کاری تاقەتپڕووکێن و نەبوونی ئیمکاناتی پێویست، زۆربەی پەرستارەکان تووشی کۆرۆنا بوون.

ئەو پەرستارانە ڕایانگەیاندووە کە هەرچەند لەلایەن خێرخوازانەوە بڕە پارەیەکی زۆر تەرخان کراوە بۆ کڕینی پێداویستیی دەرمانی بۆ پەرستاران و تووشبووانی تایبەت بە کۆرۆنا، بەڵام ئەو پارەیە دیار نییە و دەردێکی لەوان دەرمان نەکردووە.

هەروەها ڕایانگەیاندووە: "پێویستە لە شارەکانی دیکەوە پەرستاری ٨٩ ڕۆژە بێنن تا گوشاری کاری لەسەرمان کەم ببێتەوە و تا بەهۆی ماندووبوونی ئێمەوە شوێندانەری نەرێنی نەبێت لەسەر چارەسەریی تووشبووان".

لە ماوەی تەشەنەسەندنی کۆرۆنا تا ئێستا پەرستار و پزیشکەکان لە مەترسیدارترین توێژی نێو کۆمەڵگا بوون و هەردەم مەترسیی تووشبوونیان لەسەر بووە.