کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە ڕێگای خوێندنی ئانلاینیشەوە ئایدۆلۆژیای ویلایەتی فەقیهـ بڵاو دەکاتەوە

17:44 - 25 سەرماوەز 2720

ڕێژیمی ئێران بۆ بڵاوکردنەوە و سەپاندنی ئایدۆلۆژیای ویلایەتی فەقیهی خۆی بەسەر خەڵکدا تەنانەت لە ڕێگای خوێندنی مەجازی و کاریگەری دانان لەسەر منداڵانیش کەڵک وەردەگرێت.

لە پۆلەکانی فێرکاریی ئانلاینی پۆلە سەرەتاییەکاندا، مامۆستایان بە داهێنانی پرسیارگەلێک کە بنەمای سیاسەتی ویلایەتی فەقیهی ڕێژیمی ئێرانە، منداڵان و بنەماڵەکانیان ناچار دەکەن بە دوای وڵامدا بگەڕێن.

ئەم کارە دەبێتە هۆی جێگیربوونی ئەو بیرۆکەیە لە پرۆسەی پرسیار و وڵام لەنێو مێشکی منداڵاندا.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە زۆرینەی منداڵان و بنەماڵەکان تەنیا لەڕووی ڕاپەڕاندنی پۆلەکان و وەرگرتنی نومرەوە وڵامی ئەو پرسیارانە دەدەنەوە و لە بنەمادا باوەڕیان پێ نییە.

هەروەها ئەو شێوازە فێرکارییە بەپێچەوانەی ئەوەی کە سیستەمی فیرکاریی ڕێژیمی ئێران چاوەڕوانیی هەبووە وڵامی داوەتەوە.

لەوەبەدەر کەموکۆڕییەکانی بەردەم خوێندنی ئانلاین لە ئاستێکدایە کە قوتابییان و بنەماڵەکانیان بێزار بوونە و تێچووەیەکی زۆر بۆ بەشداریی منداڵەکانیان لە پۆلە ئانلاینەکاندا دەدەن.

ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدا ڕووی هێناوەتە فێرکاریی ئانلاین کە بناخەکانی ئەو سیستەمە فێرکارییەی هێشتا بە باشی دابین نەکردووە.

تەنانەت کەسانێکیش وەکوو "عەلەمولهودا" پێشنوێژی ڕێژیم لە مەشهەد، لەسەر ئەو باوەڕە دواکەوتوویەن کە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ فێرکاری، چاو و گوێی منداڵان دەکاتەوە.

ئەم چەشنە قسانە جۆرێک لە پاساوهێنانەوەیە بۆ سەرپۆش دانان لەسەر بێکیفایەتییەکانی ڕێژیم لە بەرانبەر چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم خوێندنی ئانلاین.