کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمی ئێران بە یارمەتیدانی قوتابییانی ''سەید'' درێژە بە هەڵاواردنی سیستماتیکی خۆی دەدات

17:36 - 11 خەزەڵوەر 2721

ڕێکخراوی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمی ئێران لە درێژەی هەوڵەکانیدا بۆ هەڵاواردن و جیاوازیدانان لەنێوان قوتابییان، ئەمجارە لە شاری بانە بۆ ئەو قوتابییانەی کە ''سەید''ن و توانایی ماڵییان لاوازە دەیهەوێت کەرستەی پەیوەندیگرتنی وەکوو "تەبلێت" دابین بکات.

بەڕێوەبەریی گشتیی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم ئەمجارە لە شارستانی بانە بە ناردنی نامەی فەرمی بۆ قوتابخانەکانی شار و گوندەکان، داوای کردووە ناوی ئەو قوتابییانەی کە ''سەید''ن لە لیستێکدا تۆمار بکرێت.

لە نامەی فەرمیی ئەو ناوەندەی ڕێژیم هاتووە، قوتابییانی ''سەید'' کە کەرەستەی پەیوەندیگرتنی وەکوو تەبلێتیان نییە بۆیان دابین بکرێت.

چەند ڕۆژ پێشتریش پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمی ئێران لە پارێزگای ''کۆهگیلوویە و بۆیر ئەحمەد'' هەوڵێکی لەم چەشنەی دابوو.

ئەو هەوڵەی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمی ئێران لە ڕاستای هەڵاواردنی سیستماتیک لەنێوان قوتابییانە و بەو شێوەیە هەوڵ دەدات لە ڕێگای جۆراجۆر کەلێن و جیاوازی بخاتە نێو خەڵک و لە یەکتریان داببڕیت.