کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەروەردەی ژنان

15:49 - 21 گەلاوێژ 2720

ئاسۆ ساعدی

سیستمێکی خەڵکی و مرۆڤتەوەر، پێویستی بە خەڵکی ئاگا، خاوەن توانا و لێهاتوو هەیە. یەکێک لە پێوەرە بەرچاوەکانی بەرەوپێش چوون و پەرەسەندنی کولتوور و شارستانییەت لە هەر وڵات و سەردەمێکدا، هەبوونی دامودەزگای پەروەردەیی و سەرنج بە بابەتی پەروەردە و فێرکردنە. پەروەردە و فێرکردن ڕێخۆشکەری گەشەی فیکری و ئەخلاقی مرۆڤەکان لە کۆمەڵگایەکی چالاکە و ڕۆڵێکی بەرچاوی لە ژیانی مرۆڤ، چۆنیەتیی بیرکردنەوە، وتار و کردار و تەنانەت پسپۆڕی و کردەوەکانیاندا هەیە. "پائۆلۆ فریرە"، بیرمەند و ڕەخنەگری پڕئەزموونی برازیلی، لەسەر ئەو باوەڕەیە: "پەروەردە دەبێ کۆمەڵگا وەگەڕبخات". ئەو پێی وابوو ئەگەر قەرار بێت گەشە و پێشکەوتنێک بێتە ئاراوە، دەبێ گەشەی بیر و هزر بێت.

ئەگەر بمانهەوێت بمێنین و خاوەن کەرامەتی خۆمان بین و نەبینە کەرەستەی دەستی کەسانی تر، هیچ ڕێگایەکمان نییە جگە لەوەی کە لە زانستی پەروەردەیی، تێکنۆلۆژی و دەستکەوتەکانی شارستانییەتی مرۆیی کەڵک وەربگرین. بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی دڵخواز، پێشکەوتوو و ڕوو لە گەشە، کە لەوێدا مرۆڤەکان خاوەن ماف و کەرامەت بن، پێویستمان بە ڕێکخستنی نوێی، مامۆستایانی داهێنەر و فێرخوازانی نوێخواز و چالاک هەیە.

بیرمەندان لەسەر ئەو باوەڕە هاوڕان کە پەروەردە و فێرکردن لە مافە بنەڕەتییەکانی هەر مرۆڤێک دێتە ئەژمار و تایبەت بە چین و توێژێکی دیاریکراو نییە. هەر بۆیە فێربوونی زانست و پەروەردە بوون، سنووری بۆ دانەنراوە و کات و شوێن ناناسێت و نە بەستراوەتەوە بە ڕەگەزێکی تایبەتەوە. لە ڕاستیدا پەروەردە یەکێک لە ڕێگا بنچینەیی و لۆژیکییەکان لە بواری کەڵک وەرگرتن لە توانایی و لێهاتوویی شاراوەی تاکەکانە. ئێستە ئەو تاکە ژن بێت یان پیاو، گرنگ ئەوەیە بەبێ هەڵاواردن بەستێن و دەرەتان بڕەخسێت بۆ پەروەردەکردنی ئەندامانی کۆمەڵگا.

لە پلانە درێژماوەکانی وڵاتە پێشکەوتووەکاندا، لە باری پێویستیی پەروەردەیی ژنان لە هەموو ڕەهەندەکانەوە، یەکێک لە بنەماکانی گەشەی  کۆمەڵگایە و پێڕاگەیشتنی شیاو و چڕوپڕی بۆ کراوە. چونکە ژنان بەشێکی سەرەکی لە سامانی مرۆیی کۆمەڵگان و دەبێ بایەخ و گرنگیی تایبەتیان پێ بدرێت و بۆ گەیشتن بە ڕزگاریی تاکایەتی و بەشداری لە بەرەوپێشبردنی ئامانجەکانی کۆمەڵگا پێویستیی تۆکمەیان بە پەروەردەی بوارە جۆراوجۆرەکانی زانستی، کۆمەڵایەتی، کولتووری، سیاسی، ئابووری، تەندروستی و بەرگری، خواردن و لەشساغی، کاروباری پەروەردەیی و... هەیە.

مەبەست لە پەروەردەی ژنان، تەنها گواستنەوە و کەڵەکەی زانیاری و ئاگایی نییە، بەڵکوو پێکهێنانی توانایی تێفکرینی داهێنەرانە و بنیاتنەر بۆ چارەسەریی کێشەی تاکایەتی لە ڕەوتی گشتیی گەشە و پەرەسەندنی کۆمەڵگایە. ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە هەر جۆرە ئاڵوگۆڕێکی بنیاتنەر بەبێ سەرنجدان بە پەروەردەی ژنان ئەستەمە. چۆن بە واتایەک ژنان مامۆستایانی کۆمەڵگای مرۆیین  و مامۆستا دەبێ هەردەم هەوڵ بۆ خۆ نوێ کردنەوە و بەڕۆژبوون بدات.

پێناسەی پەروەردە:

پەروەردە پێناسەی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت. جۆراوجۆریی ئەم پێناسانە زۆرتر بەهۆی ئاڵۆزی و چەندپاڵوویی بوونی بواری پەروەردەیە. "ژان ژاک ڕۆسۆ" پەروەردە و فێرکردنی بە کەشتییەک وێنا کردووە کە دەبێتە هۆی ڕزگاریی مرۆڤ لە تووفان. "ڕۆسۆ" پەروەردە و فێرکردن بە بناغە و بنیاتی کۆمەڵگای تەندروست دادەنێت کە دەتوانێت بەستێنی دەسپێڕاگەیشتنی هەر تاکێک بە ئازادی و سەربەخۆیی پێک بێنێت. پەروەردە یەکێک لە دیاردە و دامەزراوەگەلێکە کە لەگەڵ جەوهەری مرۆڤ، شکڵگرتنی کەسایەتیی تاک و ژیانە کۆمەڵایەتییەکەی پێوەندیی ڕاستەوخۆی هەیە و لەگەڵ هەرجۆرە جووڵەی کۆمەڵایەتی و گۆڕانی کۆمەڵایەتی لە ئاڵوگۆڕدایە. دەزگاگەلێک کە پێوەندیی نەپچڕیان لەگەڵ پەروەردە و فێرکردن هەیە، بریتین لە: "ئایین، بنەماڵە، سیاسەت، ئابووری، هونەر، ئامێرەکانی پێوەندیی گشتی و تێکنۆلۆژی".

پەروەردە لە پێناسەی بەربڵاوی خۆیدا لەخۆگری، پەروەردە لە تەشکیلات و ڕێکخستندایە و لە واتای تایبەتیی خۆیدا سنووردار دەکرێتەوە بە کاروباری قوتابخانە و فێرگەکان. "جون دەیڤی" (John Dewey) لە کتێبی "پێشەکییەک لەسەر فەلسەفەی پەروەردە و فێرکردن" نووسیویەتی: "قۆناغی پەروەردە و فێرکردن وەکوو سەرەتای ژیانی تاک نییە؛ بەڵکوو خودی ژیانە. هیچ دامودزگا و تاکێک بۆی نییە هیچ کەس لە پەروەردە بێبەش و دوور بخاتەوە و هانی بدات بۆ فێربوونێک کە لە تاقەت و پێویستییەکانی بەدەرە. یانێ کاتێک هەوڵ دەدەین کەسێک بۆ ژیانی دواڕۆژی ئامادە بکەین نابێ چاوەڕوانی ئەوە بین کە ژیانی ئەمڕۆی فیدای دواڕۆژی بکات". تیۆریسییەنەکان، سیستمی پەروەردەیی وەکوو بەشێکی دانەبڕاو لە هەموو سیستمەکانی کۆمەڵگا دەزانن کە کردارێک وەکوو ڕاگواستنی کولتوور و کۆمەڵ، وەخۆگری بۆ پاراستنی سیستمی کۆمەڵایەتی جێبەجێ دەکات. "دوورکیم" لەم پێوەندییەدا دەڵێت: "لە هەر کۆمەڵگایەکدا پەروەردە و فێرکردن دەبێ لەگەڵ ئامانج و بەهاکانی ئەو کۆمەڵگایەدا بگونجێت. بەم هۆیەوە ناوەرۆکی پەروەردە و فێرکردن لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی تر و لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی تر جیاوازیی هەیە و لە ڕاستیدا کۆمەڵگایەک کە ئامانج دیاری دەکات نە تاک". لە کتێبی "فێربوون بۆ ژیان" ئامانجی پەروەردە و فێرکردن بەم شێوەیە پێناسە کراوە کە بە هەر تاکێک دەرەتانی ئەوە بدرێت تاکوو بۆ گەشە و پەرەپێدانی لێهاتووییەکانی خۆی ئازادانە هەوڵ بدات. دەبێ هەوڵ بدەین خاڵی دەستپێکی گۆڕانکاری پەروەردەیی بین.    

بوارەکانی پەروەردەی ژنان:

گرنگترین ململانێی مرۆڤەکان، بەتایبەت ژنان ئەوەیە کە بە تەواوی  بە ماف و ئەرکەکانی خۆیان ئاشنا نین. ئەم بابەتە بە ڕادەیەک قووڵ و گرنگە کە بووەتە هۆکاری سستی لە بڕیاردان و ناچالاکی لەلایەن ژنانەوە کە هێشتا بۆ ناسینی خۆیان و ماف و ئەرکەکانیان نەگەیشتوونەتە ئەنجامێک. لە پەروەردە و فێرکردنی کچاندا کە ژنانی داهاتووی وڵاتن، ناسینی ماف و ئەرک و تواناییگەلێک کە لە ناخی مرۆڤدا هەیە، دەستپێکی هەر جۆرە پەروەردە و فێرکردنێکە چ لە بنەماڵە و چ لە قوتابخانە و تەنانەت پێش ئەوانەش. کەواتە پێویستمان بە ئاڵوگۆڕ لە سیستمی پەروەردەیی بنەماڵەدا هەیە کە پێویستی بە چاکسازی و گۆڕینی کولتوورە تاکوو بنەماڵەکان  فێر بن کوڕ و کچەکانی خۆیان بە جۆرێک پەروەردە بکەن کە منداڵەکانی ئەوان (دایکان و باوکانی) لە داهاتوودا فێری چۆنیەتی هەڵسۆکەوت بن کە لە داهاتوودا ئەم قەیرانەمان لە بواری ماف و ئەرکەکانەوە نەبێت. لێکۆڵینەوەکان دەریدەخات نەناسینی ئەرکی پەروەردەیی بنەماڵەکانە کە بووەتە هۆی گرنگی نەدان بە ژنان و پەراوێزخستنیان. لێرەدا پێویستە ژنان کە بۆ خۆیان ئەم بۆشاییە دەبینن هەوڵ بۆ دروست پەروەردەکردنی منداڵەکانیان بدەن کە بۆشایی نەسڵی ئەمڕۆ لەبابەتی مافی ژنانەوە نەگوازرێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو. چۆن ژن تەوەر و بنەمای بنەماڵەیە.

ئەگەر پیاوان ڕەفتارەکانیان کەمتر لە ژنان بەرتەسک کراوەتەوە و زۆرتر لە بارودۆخ و کەشە تایبەتییەکان کەڵک وەردەگرن. ئەگەر لە کاتی قسەکردندا قسە و گفتوگوی ژنان دەبڕن و بیروڕای خۆیان دەسەپێنن. ئەگەر لە گۆڕەپانی سیاسەت، بەشداریی سیاسیی ژنان لەگەڵ بەربەستی جیددی بەرەوڕوویە، ئەگەر پێ نەسپاردنی پۆستە بەڕێوەبەرییەکان و پشتگیری نەکردن لەلایەن بەڕێوەبەرانی سیستمەکانەوە بووەتە هۆی ئەوە ژنان کەمتر دەستیان بە پۆستە گرنگەکان بگات. یان ئەگەر بە هەوڵ و ماندووبوون گەیشتبێتن، بەجێی پشتگرتن لەمپەریان بۆ دروست کرابێت، هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ پەروەردەی هەڵەی بنەماڵە و کۆمەڵگای دواکەوتوو. بۆیە ژنان دەبێ هەوڵ بدەن بۆ پێکهێنانی بارودۆخێکی دڵخواز و ئامانجخواز، خۆیان بە باشی بناسن و توانایی و شییاوییەکانیان لەبەرچاو بگرن. پێویستە ژنان هەوڵ بدەن لەم بوارانەدا خۆیان پەروەردە بکەن و هەلی پەروەردەییان بۆ بڕەخسێندرێت. خۆناسی، بڕوابەخۆیی، کاریگەربوون، کارامەیی، نەفس بەرزی و... تاکوو یارمەتیدەریان بێت بۆ دەرخستنی تواناییەکانیان. بۆ ئەم بابەتەش دەبێ سێ تەوەری سەرەکی ڕەچاو بکرێت: "ڕەهەندی تاکەکەسی، بنەماڵەیی و کۆمەڵایەتی".

خۆناسینی:

خۆناسی بە واتای ئەوەیە کە هەرکام لە ئێمە چۆن چاو لە خۆمان دەکەین، لەسەر ئەو شێوە ڕوانینە چۆن هەستێکمان بەرامبەر بە خۆمان هەیە. تۆ تا چ ڕادەیەک ناسیاویت لەسەر خۆت هەیە؟ بەها و شیاوییەکانت کامانەیە؟ لەوەی کە هەیت ڕازیت؟ کەسانی تر چۆنت هەڵدەسەنگێنن؟ ئایا ڕوانینی خەڵکت لا گرنگە؟ چۆن ژیان پێناسە دەکەیت؟ تا چ ڕادەیەک لەگەڵ سەختییەکانی ژیان، خۆت دەگونجێنیت؟ هەر کامە لە ئێمە بۆ وڵامی ئەم پرسیارانە پێویستمان بە ناسینی خۆمان هەیە. بە واتایەکی تر خۆناسی توانایی ناسین و ئاگایی لە تایبەتمەندییەکان، خاڵە لاواز و بەهێزەکان، خواستەکان، ترس و بێزارییەکانە. خۆناسی یانێ هەبوونی ئاگایی و ناسینی بەشەکانی فەلسەفەی بوون، وەکوو تایبەتمەندییە ڕواڵەتییەکان، هەستەکان، بیروباوەڕەکان، بەهاکان، ئامانجەکان، وتووێژە دەروونییەکان، بە واتایەکی تر ئاگایی لەوەیکە تایبەتمەندییە ڕواڵەتییەکانتان چۆنە، لە چ بارودۆخێکدای، چۆن چاو لە دنیا دەکەی، چ بیر و بۆچوونێک بەسەرتدا زاڵە و چ ڕوانینێکت لەسەر خۆت و دنیای دەوروبەرت هەیە، بەهاکانی ژیانت کامانەیە، لە ژیانتدا وەدووی چ ئامانجگەلێک کەوتوویت، بەگشتی تایبەتمەندییە پۆزەتیڤ و نگەتیڤەکانت کامانەیە؟ بۆ گەیشتن بە وڵامی هەموو ئەم پرسیارانە، پێویستمان بە بەرنامەڕێژیی دروستی بوارە پەروەردەییەکانە.

بڕوابەخۆیی چۆنە:

ئەم چەمکە لەوانەیە دەستەواژەیەک بێت، کە زۆرتر بۆ باسکردنی واتای پێوەندیدار لە دەرەوەی چوارچێوەی لێکۆڵینەوە دەروونناسییەکان کەڵکی لێ وەربگیردرێت، بەڵام هێشتا سەبارەت بەوەی کە لە ڕاستیدا بڕوابەخۆیی چییە، لێدوان و ململانێی زۆر هەیە. ئەم چەمکە بە واتای باوەڕمەندیی تاک بە خۆیەتی لەلایەکی ترەوە بڕوابەخۆیی وەکوو چاوەڕوانیی تاک لە کردەوەی خۆی و هەڵسەنگاندنی توانایی و ڕەفتارگەلی پێشووی، پێناسە دەکرێت. بڕوابەخۆیی وەکوو باوەڕمەندیی تاک بە توانایی، لێهاتوویی، داوەرییەکانی خۆی یان باوەڕەکانی بەوەیکە لە داهاتوودا دەتوانێت بەسەر ململانێکانی ژیان زاڵ بێت و خواستەکانی ڕۆژانەی دابین بکات و بە ویست و ئامانجەکانی بگات.

کاتێک لە ژیاندا باوەڕتان بە لێهاتووییەکانی خۆتان هەبێت، وزەیەکی زۆرتر دەگرن و پاڵنەرتان بۆ ئەنجامدانی کارە پێویستەکان و گەیشتن بە ئامانجەکانتان زۆرتر دەبێت. کەواتە لەم بارەوە، بڕوابەخۆیی وەکوو خۆکارامەییە. زۆربەی دەروونناسەکان لە کاتی هەڵسەنگاندنی باوەڕەکانی تاک سەبارەت بە لێهاتووییەکانی خۆیان لە پەیوەندی لەگەڵ کارێکی تایبەت یان کۆمەڵێک ئەرک، ئاماژە بە سەربەخۆیی دەکەن، لە حاڵێکدا بڕوابەخۆیی زۆرتر وەکوو واتایەکی بەربڵاوتر و سەقامگیرتر لە پەیوەندی لەگەڵ دەرکی توانایی گشتیی تاک لەلایەن خۆیەوە پێناسە دەکرێت. لە ڕاستیدا بڕوابەخۆیی نیشاندەری هەستی تاک بە خۆیەتی. کەسێک کە متمانەی بە خۆی هەیە، دەبێ ڕوانینی پۆزتیڤانەیشی بە خۆی هەبێت، ڕێز بۆ خۆی دابنێت و ئیزن نەدات کەسانی تر بێڕێزیی پێ بکەن. لە هەر ڕووداوێکی بچووکدا خۆی نەگۆڕێت و باوەڕی سەبارەت بە خۆی لەدەست نەدات، لەم کاتەدایە کە دەڵێن ئەو کەسە خاوەن متمانە بەخۆبوونێکی باشە.

چۆن دەتوانین کەسێکی کاریگەر بین:

١- لێزانینی بڕیاردان لە خۆتاندا بەهێز بکەن. بڕیاردەربوون تایبەتییەک نییە کە لەگەڵماندا هاتبێتە دنیا. لێزانینێکە کە دەبێ فێربین. بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم لێزانینەدا، ڕەوتی بڕیاردانە گرنگەکانتان تاوتوێ بکەن.

٢- بەڵگەی پتەو نیشان بدەن. بەڵگە یانێ هێنانە ئارای بۆچوون. یانێ داکۆکی لە هەڵبژاردنەکانتان. تێفکرین و تاوتوێی بەڵگەی کەسانی تر.

٣- چیرۆکبێژ بن. گێڕانەوەی چیرۆک لە هەموو سەردەم و کولتوورە جیاوازەکاندا، هەردەم کەرەستەیەکی زۆر باش بووە، بۆ کاریگەری دانان لەسەر کەسانی تر. مرۆڤە کاریگەرەکان، چیرۆکەکان بۆ ئامانجی ستراتیژیکی دەگێڕنەوە. گێڕانەوەیەکی باش، چ بە مەبەستی پاڵنەری کەسانی تر، فێرکردن یان کەمکردنەوەی خۆڕاگری و گۆڕینی بیروڕای گوێگر، لەهەر حاڵدا تواناییەکی بەهێزە، زۆرجار زۆر بەهێزتر لە دەربڕینی بێخەوشی ڕاستییە.

٤- لێزانینی گوتاری خۆتان بەهێز بکەن. لەو هەلانەی کە پێش دێت کەڵک وەربگرن. بەردەوام لە بەرامبەر بەردەنگەکانتاندا قسە بکەن، کەردانەوەیان ببینن، قسەکانتان ڕاست و دووبارەی بکەنەوە و بەم شێوەیە، قسە و لێزانین و پێشکەشکردنی خۆتان بەهێز بکەن. لە کاتی قسەکردندا، هەموو ئازایەتیی خۆتان کۆ بکەنەوە و هەستی ناخۆش و شەرمنی وەکوو بەشێکی سروشتی لە ڕەوتی فێربوون و گەشە قەبووڵ بکەن. 

نەفس بەرزی:

زۆربوونی نەفس بەرزی پرۆسەیەکە کە هەر کەسێک بە تەنها دەبێ بیپێوێت. نەفس بەرزی کارێک دەکات کە خودی خۆتان بن. دەبێتە هۆی ئەوەی کە لە بەرامبەر کێشە و گرفتەکاندا بووەستنەوە و لە حاڵی ململانێ کردن لەگەڵ ترسناکترین کێشەکاندا، باوەڕتان هەبێت کە شکستی دەدەن، تەنانەت ئەگەر دەیان جار دابێتانیە عەرزدا. نەفس بەرزی هێزێکە لە ناخی ئێوەدا کە بەهێزترتان دەکات و دەبێتە هۆی ئەوەیکە ببنە ئەو کەسەی کە دەتانهەوێت.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.