کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەروەندەی ماڵخوراوانی کوردستان بێ‌ئەنجام مایەوە

10:18 - 17 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: پاش ئەوەیکە بانکەکانی ڕێژیم لە شاری سەقز بەبڕیاری بانکی ناوەندیی لە سنە، دەستیان بەسەر پارەی موشتەرییەکانیاندا گرت و حیسابەکانیان بلووکە کرد، خاوەن حیسابەکان سەردانی لایەنی پێوەندیدار لە سنەیان کرد بەڵام بەبێ هیچ ئەنجامێک گەڕانەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەو کەسانەی لە شاری سەقز کە حیسابە بانکیەکانیان بلووکە کرابوو، چونەتە دادگای شاری سنە و لەوێوە ڕەوانەی ئیدارەی ئیتلاعات لە بلواری شبلی کراون.

بەوتەی هەواڵنێری کوردستان میدیا، لە ئیتلاعاتی سنەدا لە زۆربەی ئەم کەسانە لێکۆڵینەوەیەکی سەرەتایی کراوە و بێ ئەوەی هیچ وڵامێکی ڕونیان پێ بدرێتەوە، پێیان وتوون بڕۆنەوە پاشان خۆیان بە تەلەفوون بانگیان دەکەنەوە.

مەزەندە دەکرێ تەنیا لە شاری سەقز زیاتر لە پەنجا میلیارد تمەنی خەڵک، دەستی بەسەردا گیرابێت؛ زۆربەی ماڵخوراوەکان خەڵکانێکن کە بازاڕین و خەریکی کاسبی ئازادن و لە ناویاندا کەسانی چۆدار، تەڵافرۆش، پارچەفرۆش و تاد هەیە.

زۆربەی ئەو کەسانەی کە پارەکانیان لە لایەن ڕێژیمەوە زەوت کراوە کەسانی ئاسایین و لە ڕێژەی ١٠  تا ١٠٠ میلیۆن پاشەکەوتیان لە بانکەکاندا ماوەتەوە کە لە لایەن ڕێژیمەوە بە بیانووی نادیار دەستی بە سەردا گیراوە.

بەپێی دوایین زانیارییەکان ئەم حاڵەتە لە چەندین شاری دیکەی کوردستانیش بینراوە؛ بۆوێنە لە شارەکانی پارێزگای کرماشانیش دەست بە سەر حیسابە بانکیەکاندا گیراوە بەڵام لە ئاماری ئەوان زانیارییەک لە بەردەستدا نییە .