کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی دژ بە ڕێژیم لە شارەکانی ئێران

12:47 - 23 بانەمەڕ 2722

بە درێژەی خۆپیشاندانەکان و پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان بەنیسبەت دۆخی ئابووری و شەپۆلی گرانیی بێ وێنە لە ئێران، خەڵکی ناڕازی لە چەندین شاری پارێزگاکانی کرماشان، ئیلام، لوڕستان و ئەحواز و چوارمەحاڵی بەختیاری ڕژانە سەر شەقام و لە دروشمەکانی خۆیاندا ڕێژیمی ئێران و بەرپرسانی ئەو ڕێژیمەیان نیشانە گرت.

لە کرماشان خۆپیشاندەران وێنەی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئیرانیان ئاگر تێبەر دا.

خەڵکی شارەکانی ئیزە، ئەندیمشک و ئەحواز شەوی پێنجشەممە ٢٢ی بانەمەڕ لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی خۆیان لەسەر شەقامەکان دروشمی دژی خامنەیی و ڕێژیمی ئێرانیان سەر دا.

لە شەهری کورد و چەندین شاری چوارمەحاڵی بەختیاری خەڵک بە دروشمی دژی ''ئیراهیم ڕەئیسی'' هاتنە سەر شەقام و بنکەیەکی پایەگای بەسیجیان ئاگر دا و دژایەتیی خۆیان لەگەڵ ئەو ڕێژیمە دەربڕی.

لەو ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە، هێزە ئەمنییەکانی ڕێژێمی ئێران لە شاری ئەندیمشک تەقەیان لە خەڵک کردووە و لە شارەکانی دیکە گازی فرمێسکڕێژیان بەکار هێناوە.

ڕێژیمی ئێران بۆ پێشگرتن لە پەرەسەندنی ئەو ناڕەزایەتییانە لە زۆرێک لە شارەکان خێرایی ئینتێرنێتی کەم کردووەتەوە و لە چەند شار ئینتێرنێت بۆ ماوەیەک پچڕاوە.

ئەو خۆپیشاندانانە دوای شەپۆلێکی دیکەی گرانی لە ئێران سەریان هەڵدا.

لە ئێران نابەرابەری و ناعەداڵەتی بە شێوەیەک پەرەی سەندووە کە خەڵک بەگشتی ژیانێکی تاڵ و دژوار تێپەر دەکەن؛ گرانی، بێکاری و گەندەڵی گەیشتووەتە جێگەیەک کە ئیتر هیوایەک بۆ باشبوونی ئەم بارودۆخە نالەبارە نەماوە و خەڵکی ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ لەو ڕێژیمە تووڕە و بێزارتر دەبن.