کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەگرتنی ناڕەزایەتییەکان لە ڕێککەوتنی نهێنیی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ چین و ڕووسیە

18:05 - 2 رێبەندان 2721

لە درێژەی کاردانەوەکان بە سەفەری ''ئیبراهیم ڕەئیسی'' بۆ ڕووسیە، ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی لە ئێران سەبارەت بە شاراوە و نهێنیبوونی گرێبەستەکان لەگەڵ ڕووسیە و چین و لەوەیکە بوونەتە کۆلۆنیی چین و ڕووسیە ڕەخنەی توندیان دەربڕیوە.

بەڕێوەبەری ڕۆژنامەیەکی سەر بە ڕێژیم وتوویەتی ڕووسیە و چین ئابووریی ئێرانیان وێران کردووە.

ئەو ڕێککەوتنە تەنانەت ناڕەزایەتی کەسانی سەر بە ڕێژیمیشی بەدواوە بووە.

سەرۆکی کۆڕی لێکۆڵەران و وانەبێژانی حەوزەی عیلمیەی قوم، لە وتووێژێک لەگەڵ ڕۆژنامەی ''ئارمانی میللی'' وتوویەتی: ''ڕووسیە جێگای متمانە نییە و کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهۆی گۆشەگیریی نێونەتەوەیی ناچاربووە لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە ئەو گرێبەستە دوور مەودایە ببەستێت".

هەروەها ''مەحموود ئەحمەدی نژاد'' سەرکۆماری پێشووی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ کاناڵێکی تورکیە وتوویەتی: ''ئەگەر گرێبەستی ئێران لەگەڵ چین و ڕووسیە نەخرێتە بەر دەنگدانی خەڵک، هیچ ڕەواییەکی نییە''.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی شاراوەبوونی ئەو گرێبەستە بەو واتایەیە کە بە زیانی خەڵکە.

''محەممەد زارع فومەنی'' بەرپرسی ڕۆژنامەی ''دەنگی ئیسلاحات'' وتوویەتی لەلایەن چین و ڕووسیەوە داگیر کراوین.

سەردانی ئیبراهیم ڕەئیسی بۆ مۆسکۆ و ئەگەری بەستنی گرێبەستی گرینگ و هەروەها سەردانی وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران بۆ وڵاتی چین لە ڕۆژانی ڕابردوو کاردانەوەی زۆری بەدواوە بوو.

ڕۆژی هەینی ٢٤ی بەفرانبار، گڕێبەستی ٢٥ ساڵەی نێوان ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و چین کە مانگی خاکەلێوە واژۆ کرابوو کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، ناوەڕۆکی ئەو گرێبەستە کە وردەکارییەکانی لێ بڵاو نەبووەتەوە بوارەکانی وەک ستراتیژی، سیاسی، ئابووری، بازرگانی و گواستنەوە و تەنانەت ئەمنییەت لەخۆ دەگرێت.