کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەگرتنی نەخۆشیی ''کەڕوی ڕەش'' نیگەرانیی جیهانیی لێ کەوتووەتەوە

13:31 - 15 جۆزەردان 2721

نزیکەی حەوتوویەک لە ناسین و پەرەگرتنی نەخۆشیی نایابی ''کەڕوی ڕەش'' لە وڵاتی هیند تێدەپەڕێت و لە ئێستادا کە لە چەندین وڵاتی جیهان ئەو نەخۆشییە بڵاو بووەتەوە، نیگەرانیی نێونەتەوەیی لە تەشەنەسەندنی ئەو نەخۆشییە پەرەی گرتووە.

وڵاتی هیند زۆرترین حاڵەتی قوربانی و تووشبوون بە نەخۆشیی ''کەڕوی ڕەشـ''ـی لە جیهاندا هەیە و پزیشکەکان لە هەوڵدان لەنێوان شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا بەرنگاری ئەو نەخۆشییەش ببنەوە.

زیادبوونی حاڵەتی تووشبوون بەو نەخۆشییە بووەتە هۆی ئەوەیکە دەرمانی ئەو نەخۆشییە لە هیند بە کەمی دەست بکەوێت.

هەتا ئێستا زیاتر لە ١٢ هەزار حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشیی ''کەڕوی ڕەش'' لە هیند ناسێندراوە کە زیاتر لە ٣٠٠ کەس گیانی خۆیان لەدەست داوە.

ئەو نەخۆشییە مەرگهێنەرە بەخێرایی لە لەشدا بڵاو دەبێتەوە و هێرش دەکاتە سەر لووت، چاو، شەویلکە و مێشکی مرۆڤ.

تووشبوان دەبێ بەخێرایی  نەشتەرگەرییان بۆ بکرێت، ئەگەرنا تووشی نوقستانی یان مەرگ دەبنەوە.

وڵاتی هیند کە لەگەڵ ئێران ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەیە، نیگەرانییەکی زۆری بەنیسبەت تەشەنەسەندنی ئەو نەخۆشییە لە ئێراندا دروست کردووە، پزیشکانی ئێران باس لەوە دەکەن کە چەندین حاڵەتی تووشبوون بەو نەخۆشییە لە ئێران بینراوە بەڵام بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هاوشێوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە ئێراندا بڵاو بووەوە کەمترخەمن و گرینگیی پێ نادەن.