کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەنابەران لە تورکیە هیچ مافێکیان نییه

11:46 - 9 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: پەنابەران لە وڵاتی تورکیە لە دژوارترین دۆخی ژیاندا بەسەر دەبن و هیچ مافێکیان بۆ دیاری نەکراوە.

بەپێی گرتە ڤیدئۆییەکدا کە بە دەستی ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، پەنابەران لەو گرتە ڤیدئۆییەدا باس لەوە دەکەن، کە  وڵاتی تورکیە هیچ بەها و بایەخێک بۆ پەنابەران دانانێت و کەرامەتی مرۆڤ دەشکێنێت.

لەو گرتە ڤیدئۆییەدا، ژمارەیەک لە پەنابەران کە خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵاتن، لە وڵاتی تورکیە کە ویستوویانە دەربازی ئورووپا ببن، لە لایەن پولیسەوە سەرەڕای بێحورمەتی، وەبەر لێدان و ئەشکەنجەیش کەوتوون و دەست و لاقیان شکاوە.

پەنابەران لە گرتە ڤیدئۆییەدا، باس لەوە دەکەن، ئێمە لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی ئەو گرتە ڤیدئۆییەوە دەمانەوێت هەڵسوکەوتی نامرۆڤانە و دوور لە یاسای هێزەکانی پولیسی تورکیە بە جیهان نیشان بدەین.

مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ناوی "و.ر" لە تورکیە، بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕاگەیاند، کونسوولگەریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری ئیستانبووڵ بووەتە ناوەندێک بۆ کاری نایاسایی و بە پارەیەکی زۆر کارئاسانی بۆ ئەو کەسانە دەکات، کە لە ئێرانەوە قاچاخ بوونه و ڕوویان لە تورکیه کردووە.

 ئەو سەرچاوەیە ئاشکراشی کرد، بە هۆی بارودۆخی خراپی ئابووریی کە لە ئێراندا خولقاوە، خەڵکێکی زۆر ڕوویان لە تورکیه کردووە و بە تەمای چوونە ئوورووپان، یان ئەو کەسانەی کە لە ئێراندا بە هۆکاری جۆراوجۆرەوە قاچاخ بوونه و لە شارەکانی تورکیه گیرساونەتەوە، کونسوولگەریی ئێران لە ئیستانبووڵ ئەم هەلی قۆستووەتەوە و بە پارەیەکی زۆر بەڵگەنامەی ساختە بۆ ئەو خەڵکە ساز دەکات و بە نایاسایی کارەکانیان بۆ جێبەجێ دەکات.