کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەهپادێکی ئامریکا لەلایەن ڕێژیمەوە کرایە ئامانج

13:41 - 30 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: فەرماندەی گشتیی سپای تێرۆریستی پاسداران، باسی لە بەزینی سنووری ئاسمانیی ئێران، لە لایەن فڕۆکەیەکی پەهپادی ئامریکاوە کردووە؛ پرسێک کە ئامریکا ڕەتی کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە پەهپادەکە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران کراوەتە ئامانج.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم ئاشکرایان کردووە، پاسدار "حوسێن سەلامی"، فەرماندەی گشتیی سپای تێرۆریستی پاسداران، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٣٠ی جۆزەردان، لە کۆنگرەیەکدا کە بۆ ٥٤٠٠ کوژراو و قوربانیی سیاسەتەکانی ڕێژیم لە پارێزگای سنە گیراوە، وتوویەتی: "سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، فڕۆکەیەکی پەهپادی ئامریکایی، لە حاڵێکدا دەیەویست سنووری ئێران ببەزێنێت و هێرش بکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئێمەوە، لە لایەن هێزەکانی هەوافەزای سپای پاسدارانەوە پێکراوە و لە ئاسماندا تەقێنراوەتەوە."

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم لە کاتێکدا هەواڵی ئاماژەبۆکراویان بڵاو کردووەتەوە کە "بیل ئۆربێن"، وتەبێژی ستادی ناوەندیی فەرماندەیی ئامریکا، "سێنتکام" ڕایگەیاندووە کە هیچ ئۆپەراسیۆنێکی پەهپادی لە ئاسمانی ئێراندا ئەنجام نەدراوە؛ لێپرسراوێکی ئامریکاییش کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە "فاکس‌نیوزی" وتووە: "ئەم پەهپادەی ئامریکا لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران و لە هێڵە نێونەتەوەییەکاندا کراوەتە ئامانج."

ناوبراو، لە بەشێک لە قسەکانیدا لە کوژراوەکانی ڕێژیم لە پارێزگای سنە، وەکوو هێمای سەربەرزی و جێی شانازی ناوی بردووە و وتوویەتی: "ئەمڕۆ خەڵکی ئێران لە جیهاندا بە دەسەڵات، شانازی، گەورەیی، خۆڕاگری، سەربەرزی، پێشکەوتن، ئەمنییەت و خۆشبژێوی ناسراون."

"سەلامی" لە درێژەی قسەکانیدا وتوویەتی: "ئامریکا و هاوپەیمانەکانی دەیانەویست لە یەمەندا پردێکی سیاسی ـ جوغرافیایی نوێ دروست بکەن، بەڵام لە زونگاودا چەقیون و هاوکێشەکان بە قازانجی یەمەنییەکان لە حاڵی ئاڵوگۆڕدایە و لە ئێستەدا نێوبەتاڵبوونی ئێسک و لاوازیی مۆریانەیی، دەسەڵاتی ئامریکایان کردووەتە ئامانج."

فەرماندەی گشتیی سپا، هەروەها باسی لەوە کردووە کە ئامریکا و هاوپەیمانەکانی دەیانەویست بە گەمارۆوە ئابوورییەکان چۆک بە خەڵکی ئێران دابدەن و لە پاڵ شەڕی ڕەوانیدا، ئێران ناچار بە دانوستان بکەن، بەڵام خەڵکی ئێران بە وریاییەوە لە بەرانبەر گوشارەکانەوە ڕاوەستاون."

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم، کوردستانی وەکوو سەکۆیەک وێنا کرد، کە نەیارانی ڕێژیم بۆ هەڵوەشانەوەی ڕێژیمەکەیان کەڵک وەردەگرن و بە چەواشەکارییەوە چەمکی هەڵوەشانەوەی یەکیەتیی نیشتمانی و نەتەوەیی لە جیاتی هەڵوەشانەوەی ڕێژیمی بەکار هێناوە.

"سەلامی" لە کۆتایی قسەکانیدا، باسی لەوە کردووە کە ئەوان خوازیاری شەڕ نین، بەڵام ئامادەی شەڕن و تەقاندنەوەی پەهپادی ئامریکایی لە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆی، بە نیشانەی ئەو ئامادەبوونە زانی، کە ئەم هەواڵە جگە لە قسەکانی سەلامی لە هیچ ڕاگەیەندراوێکدا پشتڕاست نەکراوەتەوە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کە جگە لە ماڵوێرانی و کوشتن و بڕین هیچ هەنگاوێکی بۆ کوردستان هەڵنەگرتووە، لە وەها دۆخێکدا  کە کۆڕ و سێمینار بۆ بەکرێگیراوانی خۆی لە کوردستان دەگرێت، تەنیا ترس و دڵەڕاوکێی خۆی لە کوردستان دەسەلمێنێت و ئەوە دەردەخات کە هێشتا کوردستان سەنگەری ئازادییە و لە پێناو خەبات بۆ ئازادی و سەربەستی لەسەر پێیە.