"حەسەن قوربانی" برای شەهید "حەیدەر قوربانی" ڕوو لە خەڵکی کورد پەیامێکی بڵاو کردەوە و بەنیسبەت هاودەردیی خەڵک سپاسی هەموو خەڵکی کوردستانی کرد
حەسەن قوربانی لە سەرەتای پەیامەکەیدا وێڕای ناردنی سڵاو و سپاس و ڕێزی تایبەت لەلایەن بنەماڵەی "حەیدەر" ەوە، دەستخۆشی لە تەواوی نەتەوەی کورد لە بابەت نواندنی ئەمەگ و نیشاندانی هەست و سۆز و هەڵوێستی مرۆڤدۆستانە لە بابەت لەدەستدانی شەهید "حەیدەر قوربانیـ"ـیەوە دەکات و هەوڵ و ماندووبوونی هەموو لایەکیش دەکات کە بۆ ڕزگاربوونی شەهید "حەیدەر" پێش لە ئێعدامی ئەنجامیان داوە و ئەم هەوڵانە بەرز دەنرخێنێ.
حەسەن قوربانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ڕایگەیاندووە؛ بەپێی یاسای خودی کۆماری ئیسلامیی ئێران حوکمی "حەیدەر قوربانی" ئێعدام نەبووە و هەروەها دوو پارێزەرەکەی شەهید "حەیدەریـ"ـش ئەوەیان پشتڕاست کردووەتەوە کە بەپێی یاسای تاوانی ئیسلامی، حوکمی "حەیدەر قوربانی" ئێعدام نەبووە و ڕێژیمی ئێران ئەو زیندانییە سیاسییە کوردەی بەناحەق لەسێدارە داوە.
حەسەن قوربانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا ڕایگەیاندووە و دەڵێت؛ ڕەنگە سەرەتا شەهید "حەیدەر" تا کاتی ئێعدامکردنی لە گۆشەی زینداندا بووبێ، بەڵام ئەمڕۆ لە دڵی هەر کوردێکی بە شەرەف و خاوەن کەرامەت و نامووسدا جێی گرتووە و هیوا دەخوازێ کە خەڵکی کورد ڕێگا و ڕێبازی شەهید "حەیدەر" درێژە بدەن.